ڕەشنووسی دەستووری هەرێم بۆ نەنووسرایەوە و کێ ناهێڵێت دەستوور بنووسرێتەوە؟

لە پاش ڕوخانی ڕژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ دەستووری عێراقی نوسرایەوەو یەکێک لە مادەکانی ئەو دەستورە مادەی ١٢٠ ە کە تیایدا دەسەڵاتی داوە بە هەرێمەکان دەستوری تایبەت بەخۆیان هەبێت.

لە عێراقدا تەنیا یەک هەرێم هەیە ئەویش هەرێمی کوردستانە کە بەپێی دەستوری عێراق هەرێمێکی فیدراڵییە و خاوەنی پەلەمان و حکومەتی خۆیەتی، دەستوری هەمیشەیی عێراق دانی بە هەرێمەکەدا ناوەو دەسەڵاتی ئەوەشی پێداوە دەستوری خۆی هەبێت و پیادەی دەسەڵاتەکانی وەک هەرێمێکی فیدراڵی بکات.

ماددەکە لە دەرگای پێنجەم بەشی دەسەڵاتەکانی هەرێمەکاندا نوسراوەتەوە ، کە ماددەکەش دەڵێ  “ئەو هەرێمانەی کە هەن دەتوانن دەستوورێک بۆ خۆیان دابنێن ، سنووری دەسەڵاتەکان و میکانیزمەکانی پیادەکردنی ئەو دەسەڵاتە دیاری دەکات، بەمەرجێک لەگەڵ ئەم دەستورەدا (واتە دەستوری عێراق) هاودژ نەبێت”

بە واتایەکی سادە هەرێمی کوردستان دەتوانێت دەستوری تایبەت بە خۆی هەبێت و دەسەڵاتەکانیشی لەو دەستورەدا پیادە بکات

بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی لەو کاتەوە تاکو ئێستا ئەو دەستورە نەنوسراوە؟ هۆکارەکەی چییە؟ ڕێگرییەکان چیین؟

ئەگەرچی سەرجەم پارت و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان کۆکن لەسەر ئەوەی هەرێم دەبێت دەستورێکی هەبێت، بەڵام کە دێتە سەر نوسینەوەی دەستورەکە هەموویان خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەدزنەوەو دەیانەوێت ئەو مادەو بڕگانە جێگیر بکەن کە لەبەرژەوەندی خۆیانە.

لە ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٥ کۆدەنگی ئەندام پەرلەمانەکانی کوردستان هەبوو بۆ داڕشتن و نوسینی دەستوورو لیژنەیەک پێکهێنراو ٧٤ مادەی نوسرایەوە، کاتێک گفتوگۆکان گەیشتنە سەر سیستەمی سیاسی حکومڕانی هەرێم کە ئایا سیستەمی سیاسی هەرێم پەرلەمانی بێت یان سەرۆکایەتی یاخود نیچمە سەرۆکایەتی بێت گفتوگۆکان وەستان و نوسینەوەی دەستورەکە پەکی کەوت.

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی وەستانی نوسینەوەی دەستور کێشەی ئەوکاتەی سەرۆکایەتی هەرێم بوو کە وادەکەی بەسەرچوو بوو، بەڵام بارزانی دەیەویست زیاتر لە دەسەڵات بمێنێتەوە، ئەوەش وایکرد پەدەکە گرفت بۆ نوسینەوەی مادەکانی دیکەی دەستورەکە دروست بکات و شکستی پێبهێنێت.

لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان چەند بۆچوونێکی ناکۆکیان هەیە لەسەر چەند بڕگەیەکی دەستوری هەرێم، یەکێک لەوانە سەرچاوەی یاسادانان لە هەرێمی کوردستان چی بێت؟

زۆرینەی لایەنەکان داوا دەکەن، ئاینی ئیسلام یەکێک بێت لەسەرچاوەکانی یاسادانان، چونکە هەرێمی کوردستان فرە ئاینەو تەنیا لە موسوڵمان پێکنەهاتووە، بەڵام لایەنە ئیسلامییەکان داوا دەکەن ئیسلام تاکە سەرچاوەی یاسادانان بێت، ئەوەش یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی نەنووسینەوەی دەستور.

پەدەکە داوا دەکات سیستەمی سیاسی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتی بێت و سەرۆکی هەرێم لەلایەن گەلەوە هەڵبژێرێت نەک پەرلەمان ، بەڵام زۆرینەی لایەنەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە دەبێت سیستەمی سیاسی وڵات پەرلەمانی بێت و سەرۆک لە پەرلەمانەوە هەڵبژێرێت، ئەمەش ئەو گرفتە سەرەکییەکە کە پڕۆژەی نوسینەوەی دەستوری ڕاگرتووەو هیچ لایەک نەرمیان لە داواکارییەکەی خۆیان نەنواندوە.

سەرباری هەموو ناکۆکییەکان ساڵی ٢٠٠٩ پرۆژەیەک بە ناوی پرۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان ئامادەکراو دواتر لەکۆی ١٢٢ مادەی پڕۆژەکە ٧٤ مادەی نوسرایەوەو تا ئەم ساتەش مادەکانی دیکەی تەواو نەکراون.

پرسێکی دیکەی ناکۆک لە نوسینەوەی دەستور سرودی ئەیڕەقیبە کە پێکهاتەکان پێیانوایە ئەو سرودە تایبەتە بە پێکهاتەی کورد نەک پێکهاتە نەتەوەییەکانی دیکە کە لەناو هەرێمی کوردستان دەژین، بۆیە داوا دەکەن سرودێک دابنرێت کە هەموو پێکهاتەکانی کوردستان خۆیانی تێدا ببینەوە، هاوکات لایەنە ئیسلامییەکانیش گرفتیان لەگەڵ هەندێ چەمکی ئەو سرودە هەیەو پێیانوایە دژ بە ئاینە.

 لەسەرەتای ئەم خولەی  پەرلەمانی کوردستانیش دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان سەردانی سەرجەم لایەن و پێکهاتەکانی کرد بۆ دووبارە دەستکردنەوە بە نوسینەوەی دەستوری هەرێم و لیژنەیەک بۆ نوسینەوەی دیاری کرا، پەرلەمان فراکسیۆنەکانی ئاگادار کردبویەوە کە تاکو ١٥ – ٥ – ٢٠٢١ لەگەڵ حیزبەکانییان خۆیان یەکلا بکەنەوە بۆ دیاریکردنی میکانیزمێک بۆ نوسینەوەی ڕەشنووسی دەستوور، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبوو تا وادەی پەرلەمانیش کۆتایی هات.

ئێستا پەرلەمانی کوردستان نوسینەوەی ئەم دەستورەی بە خولی داهاتووی پەرلەمان سپاردوە کە بە مادە نوسراوەکاندا بچێتەوەو مادەکانی دیکەش تەواو بکات، بەڵام پێناچێت خولی داهاتووش ئەم ئەرکە جێبەجێ بکات، چونکە نوسینەوەی دەستور لە پلان و ستراتیژی پارتەکانی باشوری کوردستاندا بوونی نییە، لەکاتێکدا نوسینەوەی دەستور دەبوو بەماوەیەکی کەم لە دروستکردنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم لە ساڵی ١٩٩٢ وە بنوسرایەتەوە.

هـ. ح

Comments are closed.