شەهید ئارام… سەرکردەیەکی هیوا بەخش لەسەردەمی بێهیواییدا

لە چارەکی كۆتایی سەدەی ڕابردوودا كە كورد تەنها بڕوای بە خەباتی چەكداری هەبووە، ئەو زیاتر لەوە بڕوای بە خەباتی فكری و هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە هەبووە، پێیوا بوو گەلی کورد تەنیا بەچەک ناتوانێت بگات بە ئامانجەکانی، بەڵکو نوسین و خوێندنەوە هێندەی چەک کەڵکی هەیە بۆ نەتەوەیەکی ژێر دەستی چەوساوەی وەکو کورد.

لەگەڵ ئەوەی سكرتێری گەورەترین ڕێكخراوی نهێنی و بەرپرسێكی باڵای شۆڕش بوو، بەڵام لە گوندێكی قەرەداخدا بە تەنها پێشمەرگایەتی دەكرد، ئەو سەرکردەیەش شەهید ئارامە.

شاسوار جەلال سەعید، ناسراو بە شەھید ئارام، یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و ڕێبەرێکی کاریگەری بزووتنەوەی خوێندکاران بووە، ئەو بۆ بنیادنانی کۆمەڵگایەکی دادپەروەر و شۆڕشی ڕزگاریی گەلانی عێراق لە ڕژێمی بەعس تێکۆشاوە، ئەمڕۆش ٤٥ ساڵەبەسەر شەهیدبوونیدا تێپەڕدەبێت.

شەهید ئارام، لە مانگی ١١ی ساڵی ١٩٤٧، لە گەڕەكی (حاجی حان)ی شاری سلێمانی لەدایك بووە، قۆناغەكانی خوێندنی بەسەركەوتوویی بڕیوە، بەهۆی سەرکەوتوویی و بەرزی نمرەکانی، لە ساڵی ١٩٦٤ لەبەشی میكانیكی كۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی بەغدا وەرگیراوە، بەڵام بەهۆی كەمی توانای بینایی چاوەكانی، وەرگرتنەكەی ڕەتكراوەتەوە و بەناچاری چووەتە كۆلێژی بازرگانی‌ و لە ساڵی ١٩٦٩ – ١٩٧٠،  ئەو کۆلێژەی تەواو كردووە.

هەر لە سەرەتای لاوییە تییەوە، ئارام تێکەڵاوی کاری سیاسیی و دونیای ڕۆشنبیریی بووە و توانیویەتی لەڕیزی پێشەوەی خەباتی لاوان و خوێندکاراندا بێت، ئەندامی چالاکی یەکێتیی قوتابییان بووە، ڕۆژنامەنووسێکی چالاکیش بووە و لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، چەندین بابەتی لە ڕۆژنامەکانی ھاوکاریی و برایەتییدا بڵاوکردووەتەوە.

لە ساڵی ١٩٧٠ شەهید ئارام چووەتە ڕیزی ئەڵقە ڕۆشنبیرییەکانی کۆمەڵەی مارکسی-لینینی کوردستانەوە، هەمان ساڵ یەکێک بووە لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان.

ئارام ببووە سیمبۆلی خەباتی کرێکاران و ڕەنجدەران لە باشوری وڵات، ئەو ئارامەی کە لەسەردەمی بێ هیوایی و بێباوەڕیی دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول، هیوا و باوەڕی لەناو دڵی کرێکار و ڕەنجدەرانی باشوری کوردستان ژیاندەوە.

 ساڵی ١٩٧٤ وەک نوێنەری سکرتاریەتی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان بەشداری کۆنگرەی لاوانی جیھانی لە مۆسکۆ کردووە، ساڵی ١٩٧٦ دوای دەستگیرکردنی خاڵە شیھاب و ھاوڕێکانی، ئارام وەکو سکرتێری کۆمەڵە ئەرکی ڕاپەڕاندنی ئیشوکارەکانی کۆمەڵەی لە ئەستۆ گرتووە.

ساڵی ١٩٧٥ کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان- ی ن ک دادەمەزرێت، شەهید ئارام ڕۆڵێکی گەورەی تێدا دەگێڕێت، تا لە ساڵی ١٩٧٧ بە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی هەڵبژێردرا.

شەهدی سەرکردە بەنهێنی چاپخانەیەكی سەرەتایی لەناوچەی قەرەداغ دانابوو، بەیاننامە و بڵاوكراوەكانی شۆڕشی دەنووسی و چاپ دەكران، لە كاركردنیدا هێندە بە بەرنامە و وردبین بووە، توانیبووی خەڵكی هەموو ئەو ناوچانەی كە تێیدا دەگەڕا و ڕێبازی شۆڕشی بۆ ڕووندەكردنەوە، باوەڕی تەواویان بە وتە و قسەكانی ئارام دەهێنا و دڵسۆزیی ‌و خۆشەویستییەكی لەڕادەبەدەریان بۆی هەبوو.

شەهید ئارام بە تەنها خەباتی پێشمەرگایەتی دەكرد و سەرپەرشتی گەورەترین ڕێكخستنی نهێنی دەكرد، لەپاڵ خەباتی چەكداری و ڕێكخستندا، خەباتی فكری بەشێوەیەك پەرە پێدا، لەدوای شەهیدبوونیشی میراتییەكی گەورەی لەو ڕووەوە بۆ كۆمەڵەو یەكێتی جێهێشت.

لە ڕۆژی ٣١ی مانگی ١ی ١٩٧٨، شەهید ئارام لە گوندی تەنگیسەری ناوچەی قەرەداغ كەوتە بۆسەی جاشەکانی ڕژێمی ئەوکاتەی بەعسی عێراقییەوە و شەهیدكرا.

شەهید ئارام لەگەڵ ئەوەی لە بەهاری تەمەنی خەباتی پێشمەرگایەتی و فكریدا شەهید كرا و هێشتا ناوێكی ئاشنای كۆمەڵگەی كوردی نەبوو، بەڵام كاریزما و كاریگەرییەكەی لەدوای شەهید بوونی زیاتر لەسەر شۆڕش دەركەوت و هەربۆیە هەزاران دایك منداڵەكانیان بەناوەوە ناونا.

شەهید ئارام بە دەستی کورد و خۆفرۆشان شەهید کرا، ئەوەی جێگای تێڕامانە، لە هەر چواربەشەکەی کوردستاندا دەسەڵاتی سەردەست هەمیشە کوردی بۆ دژی کورد بەکار‌هێناوە و تا ئەمڕۆش بەردەوامیی بەو سیاسەتە دەدات.

هـ.ح

Comments are closed.