وا ٢٤ ساڵە تەواو دەبێت لە زیندانی تاکە کەسیدا گۆشەگیرکراوە، بەڵام زیندانی کردووەتە ئەکادیمیا و ڕووگەی ئازادییخوازانی دونیا، لە پێناو دەستهەڵگرتن لە دۆز و شۆڕشەکەی کاغەزی سپی خراوەتە بەردەست، بەڵام هیچ کاتێک بەرژەوەندی و ژیانی خۆی نەخستووەتە پێش گەلەکەیەوە.
لەماوەی دادگاییکردنیدا هەموو مافەکانی بەرگریکردن لەخۆی کردووەتە قوربانی دۆزی و گەلی کورد و گەلانی ژێردەست، دە هەزار پەڕەی بە دەستی خۆی نوسیوە و وەک بەرگرینامە پێشکەشی دادگاکانی کردووە لە هیچیاندا بەرگریی تاکانە و کەسی لە خۆی نەکردووە.
بەرگرینامەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ماوەی دادگاییکردنیدا چی بوون؟
لە دەستپێکردنی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەر ئۆجالان و تا دەستگیرکردنەکەی، ئەو گفتوگۆ و بانگەوازانەی بەدرێژایی ماوەی دەستگیركردنەكەی تا قۆناغی لێكۆڵینەوە و دادگایی كردنی، كۆكرانەوە و لە كتێبێكدا بەناوی (ئومێدی ئاشتی) بڵاوكرایەوە.
دواتر لە ساڵی ١٩٩٩ لەبەر ڕۆشنایی میتۆدی چارەسەری دیموكراسی و ئاشتیدا بەشێوەیەكی ستراتیژی بەرگرینامەیەکی داڕشتەوە بەناونیشانی (دووانەی چارەسەر و بێ چارەسەریی پرسی كورد) كە پێشكەش بە دادگای ئیمیراڵی كردبوو، ئەویش لە چاپدراو بڵاوکرایەوە.
(بەرگرینامەی پكك ی بۆ دۆزی ئورفا) پێشكەش بە دادگای ئورفا كرد، بەڵام لە دادگایی كردنی ئیمراڵیدا تۆمار نەكرا.
لە پێناو وەڵام دانەوەی پێویست بە دادگاییکردنی ئیمرالی و (دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا) كتێبی (لە دەوڵەتی ڕاهیبی سۆمەرەوە بەرەو شارستانییەتی دیموكراتی-بەشی ١و٢)ی نووسییەوە، كە لە هەمانكاتدا چێوەی تیۆری و مێژوویی دادگای ئورفاشی دەكێشا.
-وەک پاشكۆیەكی تەواوكار کتێبی (ئورفا، سیمبۆلی پیرۆزی و نەفرهت)ی نووسییەوە و لەساڵی ٢٠٠١دا بڵاوكرانەوە.
نامیلكەی بەرگرینامەی (مرۆڤی ئازاد ناسنامهی خورههڵاتی ناوینی نوێیه)، لە ساڵی ٢٠٠٣دا پێشكەش بە دادگای ئەسینای كرد و بڵاوكرایەوە.
لە ساڵی ٢٠٠٤دا لە نووسینەوەی كتێبی (بەرگریكردن لە گەلێك) بوویەوە، كە پێشكەش بە “دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپی” كردبوو، دوای ساڵێك بڵاوکرایەوە.
لەساڵانی دواتریشدا لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی یەكلایەنەوە و دانانی نەخشە ڕێگا، لە هەوڵ و دەستپێشخەرییەكانیدا بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموكراسی بەردەوام بوو، هەروەها نامیلكەی “نەخشە ڕێگا”ی داڕشتەوە و لە ٢٠١١دا بڵاوکرایەوە.
پێنج بەرگرینامە گەورەکە:
ڕێبەر ئۆجالان لە چەند ساڵێكدا بەرگرینامەیەکی گەورەی پێشکەش بە “دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەورووپا” كرد، بە ناونیشانی”مانیفێستۆی شارستانییەتی دیموكراسی، مۆدێرنیتهی دیموكراسی و پرسەكانی تێپەڕاندنی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی” كە لە پێنج بەرگ پێكهاتبوون:
– شارستانییەت
– شارستانییەتی سەرمایەداری
-سۆسۆلۆژیای ئازادی
-قەیرانی شارستانییەتی و چارەسەری شارستانییەتی دیموكراسی لە خۆرهەڵاتی ناویندا
-دۆزی كورد و ڕێگە چارەی نەتەوەی دیموكرات
کە سەرجەمیان چاپکران و بڵاوکرانەوە
هەروەها گفتوگۆكانی لەگەڵ ئەو دەستە سیاسییەی، كە لە ئیمرالی دەیانبینی لە كتێبی (ڕزگاریی دیموكراسیی و بونیادنانی ژیانێكی ئازاد)دا، كۆكرانەوە و لە ساڵی٢٠١٦دا بڵاوكرایەوە.
هـ. ح
Comments are closed.