ڕێبەر ئۆجالان چی بە پێنجوێنی وت لە بیقاع؟

محەمەد ئەمین پێنجوێنی دەڵێت: بە ڕێبەر ئۆجالانم وت، ئێوەیەکی چەپ و سۆسیالیست، چۆن پرسی نەتەوەییتان هێنایە ناو کایەی ئازادییەوە؟ لە وەڵامدا وتی:” لەسەر ئەو بنەمایەی گەر بێت و ئێمە ٥٠ ملیۆن مرۆڤی کورد لە ژێر دەستەیی دەربێنین، خزمەتێكی گەورە بە ئازادیی و مرۆڤایەتی دەکەین”.

نووسەر و سیاسەتمەداری دیاری کورد، محەمەد ئەمین پێنجوێنی هاوکات، هاوڕێی نزیکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لەبارەی پرۆژە و دنیابینی ڕێبەر ئۆجالان و پلانگێڕیی نێودەوڵەتی سەر ئەو ڕێبەرە و چەند دیالۆگ و بیرەوەرییەکی خۆی لە گەڵیدا، لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

٢٤ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر پلانگێڕی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەر ئۆجالان، تا ئێستاش لەژێر گۆشەگیری دژواردایە، ئەم گەلەکۆمەیە لە چییەوە سەرچاوەی گرت؟

“پرۆژەکەی ڕێبەر ئۆجالان بۆ ئازادی کورد و گەلان”

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: ٢٤ ساڵە بەڕێز ئۆجالان لەزیندانە، گۆشەگیرکردنی ئەو، گۆشەگیرکردنی تاکە کەسێک نەبوو، واتا هەوڵی لەناوبردنی تاکێک نەبوو، بەڵکو گۆشەگیرکردنی پرۆژەیەک بوو، کە ڕێبەر ئۆجالان بڵاوی کردەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ئازادی گەلانی ژێر دەستە، لەناویدا گەلی کورد، کە نزیکەی ٥٠ ملیۆن کەس دەبن، وڵات و نیشتیمان و سەروەت و سامانی سەر زەوی و ژێر زەوییان داگیرکراوە و دوژمنانی بەتاڵان دەیبەن و دەیخۆن.

وتیشی: دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان، بۆ تێکشکاندنی پڕۆژەکەی ئۆجالان و هێشتنەوەی پڕۆژەکەی خۆیان، کە داگیرکردنی کوردستان بوو، ڕێبەر ئۆجەلانیان خستە زیندان و کەوتنە ناو هێزە سیاسییەکانی کورد هەندێکیان کردن بەلایەنگیری خۆیان و خزمەتی پڕۆژەکەی خۆیانی پێدەکەن، هەندێک لە هێزە کوردەکانیش لە نێوان خۆ ڕادەستکردن و بێ بڕیاریدا ماونەوە، ئەو تەنیا هێزەی، کە خۆی ڕادەست نەکرد پارتی کرێکارانی کوردستان بوو، کە ئۆجەلان دروستی کردووە.

پرۆژەکەی ڕێبەر ئۆجالان چی بوو؟

“ئازادکردنی مرۆڤ…

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: پڕۆژەکەی بەڕێز ئۆجالان بۆ ئازادکردنی ٥٠ ملیۆن مرۆڤە، لە زوڵم و چەوسانەوە و ژێردەستی، کردنەوەی میللەتێکە بە خاوەنی خاک و سامانی خۆی، خزمەتێکی گەورەیە بە مرۆڤایەتی، دێتەوە یادم جارێک لە بیقاع ئەو پرسیارەم لێکرد، وتم: ئێوەیەکی چەپ و سۆسیالیست، چۆن پرسی نەتەوەییتان هێنایە ناو پڕۆژەی ئازادی مرۆڤایەتییەوە، وەڵامی دایەوە و وتی: لەسەر ئەو بنەمایەی گەر بێت و ئێمە ٥٠ ملیۆن مرۆڤی کورد لە ژێر دەستەیی دەربێنین خزمەتێكی گەورە بە ئازادیی و مرۆڤایەتی دەکەین.

لەپێناو ئەم پرۆژەدا ڕێبەر ئۆجالان چ خەباتێکی دەستپێکرد؟

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: بەڕێز ئۆجالان ئەو شێوازە کارکردنە سیاسیەی، کە لەناو هێز و ئەقڵییەتی سیاسی کوردیدا هەبوو، گۆڕی و شێوازێكی نوێی هێنایە پێشەوە، وتی بۆ ڕزگارکردنی ٥٠ ملیۆن مرۆڤ دەبێت هێزێکت هەبێت، چەکدار بێت، بە دیسپلین بێت، بڕیاری سیاسی و سەربازی و کارکرنی لەدەستی خۆیدا بێت، باوەڕ و متمانەی بەخۆی هەبێت، پشت بەخۆی ببەستێت، بۆ ئەمەش هێزێکی چەکداری دروستکرد لەژێر ناوی گەریلا.

وتیشی: من هەمیشە وتوومە، بەرامبەر بە ئەتاتورکێک، کە دەڵێت ٥٠ ملیۆن کورد بوونی نیە، دەبێت ئەتاکوردێک دروست ببێت، ئەو باوکەش خۆی لە ئۆجالاندا بینییەوە، بۆیە گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی بە بەشداری دەوڵەتانی زلهێز و دەوڵەتانی هەرێمایەتی و هەرچوار دەوڵەتی داگیرکەری دەوری کورد، لەسەر ئەو بنەمایە بوو نەک تەنیا عەبدوڵا ئۆجالان بکوژرێت یان بگیرێت، بەڵکو دەبێت ئەم پڕۆژەیە لەناو ببرێت.

ئەم پرۆژەیە چ زەرەرێک لە بەرژەوەندی دەوڵەتە هەژموونخوازەکان دەدات؟

 محەمەد ئەمین پێنجوێنی: عەبدوڵڵا ئۆجالان دەیزانی، وڵاتی کوردستان پڕە لەسەروەتێکی سروشتی، کە هەموو مرۆڤایەتی پێویستی پێیەتی، کە ئەویش نەوت و غازە، هەروەها خاوەنی چەندان ڕووباری گەورەیە، کە ملیۆنان کەس سوودی لێوەردەگرن بۆ ژیان و کشتوکاڵ، کە دیجلە و فورات چەند دانەیەکی دیکەن، دەیەوێت ئەم وڵاتە پڕ خێر و بێرە ئازاد بکرێت و بکەوێتە دەست گەلانی خۆی، بەم پێیەش وڵاتانی داگیرکەر و دەوڵەتە هەژموونخوازەکان بێبەش دەبن لێی.

وتیشی: ئێستا لە ژیانی ڕاستەقینەدا دەبینین، کە چۆن وڵاتە زلهێزەکانی وەک ئەمریکا و بەریتانیا، فەڕەنسا، هاتوون لە کوردستاندا شەڕ و ململانێ دەکەن و دیالۆگ دروست دەکەن، کە چۆن نەوت وغازی باشووری کوردستان و ڕۆژئاوا، بگەیەننە ئەوروپا و سودی لێببینن.

بۆچی پەکەکە و ڕێبەر ئۆجالان لەلایەن ئەمریکا و ئەورووپاوە خرانە لیستی تیرۆرەوە؟

“بۆ ڕێبەندکردنی ئازادیی”

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: خستنە لیستی تیرۆری پارتی کرێکارانی کوردستان و بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، خستنە لیستی تیرۆری پڕۆژەی ئازادییە بۆ ئەوەی ئامانجەکەی نەپێکێت، لەیەکەم ڕۆژی سەرهەڵدانی باشووری کوردستان و ئەم پڕۆسە سیاسییەی، کە لێرە دروست بوو دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان هەرچواریان کەوتنە پەیوەندی و کۆبوونەوە لەگەڵ یەک، لەسەر ئاستی هەواڵگیری و سەربازی و ئابووری، بۆ ئەوەی ڕێگە بگرن لە پڕۆژەکەی ڕێبەر ئۆجالان، کە دروستکردنەوەی کوردستانێكی ئازاد و سەربەخۆ و گەڕاندنەوەی خێر و بێری وڵاتەکەیە بۆ گەلانی خۆی.

دنیابینی ڕێبەر ئۆجالان بۆ کەسێتی کورد چۆن دەنرخێنن؟

“تاکی کورد سێ کۆتی لە ملدایە”

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: دنیا بینی ڕێبەر ئۆجالان بەوشێوەیە بوو، دەیوت مرۆڤ بەگشتی و تاکی کورد بەتایبەت، سێ کۆتی لەملدایە، کۆتی پەیداکردنی دەسەڵات و پلە و پایە، کۆتی پارە و خۆشگوزەرانی بەبێ بەرنامە و ڕەنج و ماندووبوون، کۆت و زنجیری عەشق و سێکس، ئەگەر مرۆڤ ئەو سێ کۆتەی لەملی خۆی کردەوە دەبێت بە مرۆڤێکی ئازاد، کە ئەمەش ڕوویدا دەتوانێت شۆڕش بکات لە پێناوی ئازادییدا.

وتیشی: کەسایەتی ڕێبەر ئۆجالان کەسایەتییەکی ئازاد بوو، ئەم کۆتانەی لەملدا نەبوو، ئەو دەیتوانی بە یەک قەڵەم بە ملیۆنان دۆلار خەرج بکات، دەیتوانی بە ڕێکخراوەکانی ئەوروپا بڵێت، بایی ملیۆنێک دۆلار چەک بکڕن و بینێرن، یان دەیتوانی  پێیان بڵێت، ملیۆنێک دۆلارم بۆبنێرن، لەو ماوەییەی، کە لە بیقاع پێکەوە بووین و چەند شەوێک لە ژوورەکەی ماومەتەوە، جلوبەرگ و خواردن و هەموو شتێکی وەک هەموو ئەو گەریلایانە بوو، کە لەوێ پەرەوەردەیان دەبینی.

پێنجوێنی ئاماژەی بەوەشدا: تەنیا شتێکی لەوان جیاواز بوو ئەوە بوو کەم کەس دەیانزانی شوێنی مانەوەی لە کوێیە، هۆکاری ئەمەش پاراستنی خۆی بوو، چونکە ڕێبەر ئۆجالان ئامانج بوو بۆ لەناوبردن، لەلایەن دەزگای هەواڵگیری سی ئای ئەی، میتی تورک و هەموو دەزگا سیخوڕییەکانی دەوڵەتانی دیکە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

جیاوازی کەسایەتی ڕێبەر ئۆجالان لە سەرکردەیەکی کلاسیک چی بوو؟

“کەسایەتییەکی کاریزما و بەهێزی هەبوو، بە بەرنامە و دیسپلین بوو”

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: ڕێبەر ئۆجالان دەی وت، لە ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی مادەوە، کەسایەتی کورد ڕووخاوە و تێکشکێنراوە، دەبێت بەم هێزە کەسایەتی کورد دروست بکەینەوە، ئێستا من لەوە تێدەگەم، کە بەڕاستی کەسایەتی تاکی کورد ڕوخاوە، لەو دۆخ و گۆڕانکارییەی کە لەم پەنجا ساڵەدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق، ئێران و سوریادا ڕووی داوە و ئێمە بوێرییمان نەبووە داوای سەربەخۆیی بکەین، ئەمەش سەلمێنەری ئەو ڕووخانەیە.

وتیشی: ڕێبەر ئاپۆ کەسایەتییەکی کاریزما و بەهێزی هەبوو، بە بەرنامە و دیسپلین بوو، بەیانیان، کە لەخەو هەڵدەستا، بەرنامەی دادەڕشت، کە لە کاتژمێر چەند بۆ چەند دەڕواتە مەیدانەکە و پەروەردەی گەریلاکان دەکات، مەشق دەکەن، لە کاتژمێر چەند دەچێتەوە شوێنی خۆی و دەخوێنێتەوە، لە کەیدا گوێ لە هەواڵ و دەنگووباسی دنیا دەگرێت، کەی سیمنار پێشکەش دەکات، دەنگووباسی ناو جوڵانەوەکەی خۆی لە هەر پارچەیەکی کوردستان و هەرکوێیەکی دنیا بوایا وەریدەگرت و دەینوسییەوە و لەبەردەم خۆی دایدەنا، کەشێکی وەهای دروست دەکرد کەسەکانی دەورەبەریشی بە بەرنامە و دیسپلین بڕۆنە پێشەوە.

س. ڕ/ ب. گ

 

Comments are closed.