پڕۆژەکانى وەبەرهێنانی هەرێم بۆمبێکى تەوقیتکراو بۆ دووبارەبوونەوەى کارەساتەکەی مەڕەش

شارەزایانی جیۆلۆجی دەڵێن هەرێمی کوردستان نزیکە لە هێڵی بومەلەرزەوە بە تایبەت لە ڕێگای زنجیرە چیاکانی زاگرۆسەوە، لەچەند ساڵی ڕابردووشدا هەزاران بومەلەرزەى هەستپێکراو و هەستپێنەکراو جورگرافیای هەرێمیان لەرزاندوە.

کۆتا بومەلەرزەی بەهێز لەهەرێمی کوردستان لە شارۆچکەی دەربەندیخان بە گوڕی ٧.٢ پلەی ڕێختەر بوو، لەئەنجامدا هەشت کەس بوونە قوربانی و زیانێکی ماددی زۆر بەر ناوچەکە کەوت.

ئێستا گەورەترین مەترسی لە هەرێمی کوردستان لەسەر پڕۆژەکانى وەبەرهێنان هەیە، کە وەک بۆمبێکى تەوقیتکراو ئامادەن بەیەک بومەلەرزەى بەهێز یان مامناوەندە بەسەریەکدا داڕمێنن و لەگەڵ زەوی تەخت بن.

لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا سەدان پرۆژەى یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان دروستکراون، زۆرینەى ئەو پڕۆژانە بە شێوەی ستوونی دروست کران، واتە بەشێوەی ئاپارتمان و باڵەخانەی بەرز.

بەپێی وتەى شارەزایانى بواری تەلارسازیی، هەزاران باڵەخانەى بەرز لەسەر یەکدانران و بەرزکرانەوە، کە کەمترین پێوەری بەهێزیی و تۆکمەیی و خۆڕاگرییان تێدایە، هەروەها ڕەچاوی ڕووداوە سروشتییەکانى وەک بومەلەرزە و زریان نەکراوە.

هاوکات ئەو یەکە نیشتەجێبوونانە لەسەر هێڵی بومەلەرزە دروستکراون یان شوێنەکەیان دوور نییە لە مەترسی بومەلەرزەوە.

پێویستە لە بنیاتنان و دروستکردنی بینا و باڵەخانەکان خوێندنەوەی ورد بۆ ئەگەرەکانی ڕوودانی زەمنیلەرزە بکرێت، چونکە زانستی ئەندازیاری توانیویەتی چارەسەری جیاواز و گونجاو بۆ ئەم بابەتە بخاتە ڕوو، بەجۆرێک ئەگەر هاوڵاتیان و وەبەرهێنەران و ئەندازیاران و حکومەت گرنگی زیاتر بەم بابەتە بدەن و بیناو باڵەخانەکان بەپێی ستانداردی ئەندازیاری دیزاین بکەن، ئەوا دەکرێت بینا و باڵەخانەکان بەرگەی زەمینلەرزە بەهێزەکان بگرن و کارەسات ڕونەدات.

 بەڵام ئەو ڕێکارە ئەندازیارییە لەبەرئەوەی تێچووی هەیە، وەبەرهێنەرانیش نایانەوێت ئەو تێچووە بە خۆڕایی لە بیناکاندا سەرف بکەن، بەشێکی بەرپرسانی حزبیش هاوبەشن لەگەڵ کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکاندا، هەر بۆیە بەبێ هیچ ڕەچاوکردنێکی ستانداردی ئەندازیاری ئەو یەکە نیشتەجێبوونانە دروست دەکرێن.

لە پاش کرانەوەی هەرێمی کوردستان بە ڕووی وەبەرهێنەرانی دەرەوەدا، زۆرێک لە کۆمپانیا تورکییەکان وەبەرهێنانێکی زۆرییان لە بواری ئەندازیاری تەلارسازیدا، لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دا.

دەتوانرێت بوترێت، کە زۆرینەى هەرە زۆری یەکەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە سنوری هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک لەلایەن کۆمپانیا و ئەندازیار و کرێکارانى تورکەوە دروستکراون.

بەشێک لەو کۆمپانیا تورکییانە بەرپرسیارن بەرامبەر خراپی دەیان پڕۆژەى نیشتەجێبوون،  بەهۆی خراپی دروستکردنى یەکەکانەوە پڕۆژەکانیان لێ سەندرایەوە، بەشێکیان بەهۆی هاوبەشی و نزیکیان لە بەرپرسانى پەدەکەوە چاوپۆشیان لێکرا و تائێستاش لەکارکردن بەردەوامن.

بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماری کۆمپانیاکان له‌ هه‌رێمی كوردستان، تا مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ له‌ هه‌رێمی كوردستان، ٣١ هەزار و ٢٧ كۆمپانیا تۆماركراون، کە لەو ژمارەیە سێ هەزار ٣١٤ کۆمپانیایان بیانین، کە كۆمپانیا توركییه‌كان زۆرترین ژمارەی ئەو کۆمپانیایانە پێک دەهێنن.

لە ٦٠٪ بۆ ٧٠٪ی ئەو کۆمپانیا تورکیانەى لە هەرێم لە بواری وەبەرهێنانی پڕۆژەکانى نیشتەجێبوون و پڕۆژەکانی دیکەى ئاوەدانکردنەوە کار دەکەن، لەناویشیاندا دروستکردنى بەنداو و بەربەستە ئاوییەکان.

هەموو ئەو کۆمپانیایانەى، کە لە هەرێمی کوردستان پرۆژەکانى نیشتەجێبوونیان دروستکردوە هەر ئەو کۆمپانیایانەن، کە لە تورکیا و شارەکانى باکووری کوردستان پرۆژەى نیشتەجێبوونیان دروست کردوە و لە بومەلەرزەکەى ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە لەگەڵ زەویدا تەخت بوون.

ئێستا، کە بومەلەرزەکەی تورکیا ڕوویداوە و سەدان باڵەخانە ڕووخان پرسیارگەلێک هاتۆتە پێشەوە، ئایا کۆمپانیا تورکییەکان چۆن پرۆژەکانى نیشتەجێبوونیان دروستکردوە؟

ئایا ڕەچاوی بومەلەرزەو ڕووداوە سروشتیەکانى دیکەیان کردوە؟

ئایا ئەو کۆمپانیایانە پرۆژەکانى نیشتەجیبوونیان لە هەرێم وەکو پرۆژەکانى تورکیا دروستکردوەتەوە؟

ئەگەر وەڵامى ئەم پرسیارانە بەڵێ بێت، ئەوا یەکەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان هەر لەئێستاوە خۆیان بۆ کارەساتێکى مرۆیی هاوشێوەی باکووری کوردستان و تورکیا ئامادەبکەن و دەبێت لە داهاتوودا بە بومەلەرزەیەکى نیمچە بەهێز بینەری مەرگی هەزاران لە هاوڵاتییەکانمان بین.

لە کاتێكدا تورکیا بۆ وڵاتی خۆی نەیتوانیوە باڵەخانەیەکی تۆکمەی خۆڕاگر لە بومەلەرزەیەک دروست بکات و بەرگەی کارەساتی لەو جۆرە بگرێت، ئاخۆ چ جۆرە یەکەیەکی نیشتەجێبوونییان لە هەرێمی کوردستان دروست کردووە تاکو بەرگەی کارەساتی هاوشێوە بگرێت؟

بەهۆی چاوچنۆکی وەبەرهێنەران و دەست تێکەڵاوییان لەگەڵ بەرپرسانی دەستڕۆیشتوو، ئەم سیتی و باڵەخانانە ڕەنگە چەندین مەرجی ئەندازیاری تێدا ڕەچاو نەکرابێت، بە تایبەت مەرجی بومەلەرزە و ڕوداوی سروشتی زۆرێک لەو بینا تازانەی هەرێمی کوردستان بە تونێل قاڵبی ئامادە دروست دەکرێن زۆرینەیان لە وڵاتی تورکیاوە دیزاین دەکرێن

تایبەتمەندی ئەو بینایانە ئەوەیە، کە زۆر خێرا تەواو دەکرێن، هەروەها شیشی وایەرمێشی بی ئاڕ سی تورکی تێدا بەکاردەهێنرێت ،کە بەپێی ستانداردی ئەمریکی نابێت لە چەند نهۆمێکی خاوەرەوە شیشی وایەرمێش بەکاربهێنرێت، بەڵام لەم جۆرە بینایانەدا ئەمە ڕەچاو ناکرێت.

ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی بینایەکی زۆر ڕەق دەردەچێت و نهۆمەکانی خوارەوە لە کاتی بومەلەرزەدا دەشکێن.

ڕق و قینی تورکیا بەرامبەر کورد هێندە مێژووییە، بۆی هەیە بە خراپترین کوالیتی قاڵبەکان دروست بکرێن و هەناردەی هەرێم بکرێن، کەواتە تەنیا زەمینلەرزەیەکی بەهێز بەسە بۆ ئەوەی تەواوی ئەو بیناو باڵەخانانە تەختی زەوی ببن

ئەوەتا بۆ بردان و شیرینکردنى یەکەکانى نیشتەجێبوونی بەرپرسانى ئەم هەرێمە، کەناڵێکی ڕاگەیاندنی پەدەکە پرسیار لە ئەندازیارێک دەکات و دەڵێت ” ئایا جیاوازی لەنێوان شوقەو خانوو هەیە بۆ بومەلەرزە؟” ئەندازیارەکەش بێ چەندو چوون دەڵێت، شوقە باشتر و خۆڕاگر ترە لە خانوو.

ئەمەش لەلایەن هاوڵاتیانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە خوێندنەوەى ئەوەى بۆ کرا ئەم کارەی میدیاکانى پەدەکە، کە لەلایەن میت و پاراستنەوە ئاڕستە دەکرێن، تەنیا بۆ ئەوەیە ڕەوایەتى بدەن بدەن بە شوقە و باڵەخانەکان، تاکو بازاڕیان گەرم بێت و زۆرترین کڕیار و پارەیان هەبێت.

 

Comments are closed.