کاتبەندیی گەورەترین گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی لە مێژوودا

٢٤ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر گەلەکۆمە شوومە نێودەوڵەتییەکەی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، کە خۆی وا لەبارەیەوە دەدوێت:”من دیلی تورکیا نیم، بەڵکو دیلی گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتیم، کە پرۆسەکە لە سوریاوە دەستیپێکرد بۆ ئیمراڵی و گەورەترین پلانگێڕیی گلادیۆی ناتۆیە لە مێژوودا و سەرەتای دەستپێکی جەنگی جیهانی سێیەمبوو.

لە ٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٨ و ٢٤ساڵ لەمەوبەر، یەکەم هەنگاوی گەورەترین پلانگێڕیی نێودەوڵەتی گلادیۆی ناتۆ، لەدژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گەلی کورد و تەڤگەرە ئازادیخوازەکەی هەڵهێنرا، لەم دۆسییەدا شانۆی پشت ڕووداوەکان و نهێنییەکانی ئەو گەلەکۆمەیە و بەشێک لە هەڵسەنگاندنەکانی ڕێبەر ئۆجالان خۆی لەم بارەیەوە دەخەینەڕوو.

ڕێبەر ئۆجالان، لە هەڵسەنگاندنەکانیدا لەبارەی ئەم پلانگێڕییەوە دەڵێت: من دیلی تورکیا نیم، بەڵکو دیلی گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتیم، کە پرۆسەکە لە سوریاوە دەستیپێکرد بۆ ئیمراڵی و گەورەترین پلانگێڕیی گلادیۆی ناتۆیە لە مێژوودا.

جەختیش دەکاتەوە، کە پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی سەرەتای جەنگی جیهانی سێیەمە، ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ڕووخاندنی عێراق و سەپاندنی هەژموونی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستییان بەو پلانگێڕییە بوو، هەروەها لەم ڕێگایەوە تورکیا بخەنە ژێردەستی خۆیان و وەکوو ئایکۆنێک بەکاریبهێنن بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆیان لە ناوچەکە”.

پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی چۆن و کەی دەستیپێکرد؟

کاتێک ڕێبەر ئۆجالان لە سوریا بوو، لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ نەخشەیەک پیلانگێڕییەک بۆ ڕفاندنی و ڕادەستکردنی بە تورکیا داڕێژرا، بەریتانیا داڕێژەر و ئەمریکا سەرپەرشتیی پیلانگێڕییەکەی دەکرد، بە سەرپەرشتی دەزگا سیخوڕییەکانی(میت، مۆساد، سی ئای ئەی).

سلێمان دێرمێلو، سەرکۆماری ئەوکاتەی تورکیا لە پەرلەماندا بڕیاری بەکارهێنانی هێزی دەرکرد دژی سوریا، لە دۆخێکدا کە ڕێبەر ئۆجالان لە خاکەکەی دەرنەکات، دوای ئەم بڕیارە سوپای دەوڵەتی تورک بە ٣٥هەزار سەربازەوە لە خاڵی سفری سنوری سوریا جێگیربوون، بە هاوکاری فڕۆکەی جەنگی لەئاسمانەوە، هەر لەو سەروبەندەدا ئەمریکا-ئیسرائیل-تورکیا هێزێکی سەربازی هاوبەشیان لە دەریای ناوەڕاست مۆڵدا و موشەکی گەورەیان ئامادەکرد.

ئەم فشارانە، ڕێبەر ئۆجالانی ناچار بە تەرککردنی سوریا کرد و لە ٩ی تشرینی یەکەم لە سوریا دەرکەوت و بەرەو یۆنان کەوتەڕێ، لەبارەی هەڵبژاردنی ئەو وڵاتەوە ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت: داوەتنامەیەکی زۆرم لەپارتی دەسەڵاتەوە بۆهاتبوو، پەرلەمانیش بە زۆرینەی دەنگ منی بانگهێشتکردبوو، کۆستاس بادوڤاسی، وەزیر خۆی وەک دۆستێکی گرنگ نیشاندا و بڕیاربوو پێشوازیم لێبکات، بەڵام کە گەشتمە فڕۆکەخانە، سەرسامبووم کاتێک سەرۆکی هەواڵگیری پێشوازیی لێکردم و پێی ڕاگەیاندم، سێ کاتژمێر مۆڵەتت هەیە بۆ جێهێشتنی یۆنان.

هەربۆیە ناچار دەبێت بچێتە ڕوسیا، دوای مانەوەی ٣٣ ڕۆژ لە ڕوسیا داوای مافی پەنابەری دەکات، بەڵام پێی نادەن، لەو کاتەدا ئەمریکا پەیامێکی بەپەلە بۆ هەموو نوێنەرەکانیان لەدەرەوە دەنێرێت، سەبارەت بە جێنەکردنەوەی ڕێبەر ئۆجالان، ئەمەش یەکەمین ئاماژەبوو بۆ دەرکەوتنی ڕووی ڕاستی ئەمریکا، کە سەردەستەی پلانگێڕییەکەیە، دواجار هەر خۆی دانی پێدانا و بە تورکیای وت: ئۆجالانمان بۆ پاکەتکردن و دامان بە ئێوە.

ڕێبەر ئۆجالان، بە ناچاری بەرەو ڕۆما کەوتەڕێ، ئیتالیا ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ داڵدەدانی و ناڕەزایەتی نیشاندا بۆ ڕادەستکردنی بە تورکیا، بەڵام دواجار لە ١٥ی تشرینی دووەم، دەوڵەتی تورک و هاوکارەکانی، کە ئەمریکا و ئیسرائیل ڕۆڵی سەرەکییان دەگێڕا لە هاوکاریکردنی لەڕووی دیبلۆماسی و ئابورییەوە، بە هەڕەشەی ئابڵوقەی ئابوری و بایکۆتکردنی کاڵای ئیتالی ئەو وڵاتەیان ئاگادارکردەوە، لەکۆتایشدا پەرلەمانی ئەوروپا لە ١٨ی تشرینی دووەم مافی پەنابەری ئۆجالانی لە ئیتالیا ڕەتکردەوە.

کاتێک دەرکەوت، کە ڕێبەر ئۆجالان ناتوانێت لە ئیتالیا بمێنێتەوە لە ڕێگای کۆمیتەی دیبلۆماسی پەکەکەوە، دانیشتنی فەرمی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەریەک لە فینلەندا، نەرویج، نەمسا و باشووری ئەفیقاش کراوە بۆ داڵدەدانی ڕێبەر ئۆجالان، بەڵام هەموویان یەک هەڵوێستیان هەبووە و ئامادەنەبوون جێگای بکەنەوە.

ڕۆژی ١٦ی کانونی دووەمی ١٩٩٩، ڕێبەر ئۆجالان ئیتالیای بەجێهێشت، خۆی لەوبارەیەوە دەڵێت:”یەکەم جارم بوو هەڵوێستێک ببینم، کە هیچ دۆستایەتییەکی پێوە دیار نییە، بەزۆر سواری فڕۆکەیەکی بارهەڵگر کرام و لە ماڵێک ماوەی هەفتەیەک بەندکرام، دواتر بۆم دەرکەوت، کە پایتەختی تاجیکستانە.

دواتر بە فڕۆکەیەکی تایبەت دەگوازرێتەوە بۆ ئەسینا، کە ئەو فڕۆکەیە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە دەوڵەتی تورکەوە هەیە، دوای گەیشتنی بە فڕۆکەخانە بەرەو ئەو ماڵە دەڕوات، کە بڕیارە لەگەڵ وەزیری دەرەوە دیداری تێدا سازبدات، بەڵام لەگەڵ گەیشتنی چاوی بە گەورە بەرپرسانی دەزگا سیخوڕییەکان دەکەوێت”.

ڕێبەر ئۆجالان، دەگێڕێتەوە، کە لەو دیدارەدا پێیان وتووە، کە تا سبەی کاتژمێر چوار مۆڵەتت هەیە، بە پێچەوانەوە بە زۆریش بێت دەرتدەکەین، ڕێبەر ئۆجالان کاتێک ئیتالیای جێهێشت ڕازیبوو بەوەش، کە ببرێتە هۆڵەندا و لەوێ لە دادگای لاهای نێودەوڵەتییدا دادگایی بکرێت، هەر بۆیە کاتێک ئەسینای بەجێهێشت بۆ ڕووسیای سپی، بڕیاربوو لەگەڵ گەیشتنی فڕۆکەیەک چاوەڕێی بکات، تا بەرەو هۆڵەندای ببات، بەڵام ئەو فڕۆکەیەی، کە چاوەڕیی دەکرد نەهات، ناچار بەهەمان فڕۆکە گەڕایەوە بۆ ئەسینا.

موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی هەپەگە لەم بارەیەوە دەڵێت: فڕۆکەیەکی تایبەتمان لە کۆمپانیایەکی سویسری بەکرێ گرتبوو، بەڵام فڕۆکەکە لە کاتی خۆیدا ئامادەنەبوو، دواتر زانیاریمان بەدەست گەشت، کە لەلایەن داڕێژەرانی پلانگێڕییەکەوە پەیامی قەدەغەکردنی بەکرێدانی فڕۆکەی تایبەت دراوە بە زۆربەی کۆمپانیاکان.

پیلانگێڕییەکە لە یۆنانەوە گەیشتە لوتکە و هەموو ڕێگاکان لە ڕێبەر ئۆجالان داخرابوون، لەوێوە بەناوی هۆڵەنداوە ڕێبەر ئۆجالان دەبرێتە نایرۆبی پایتەختی کینیا، لە زاری خۆیەوە وەها دەیگێڕێتەوە: ڕۆژی ١٥ی شوبات هێزەکانی کینیا دەوری باڵیۆزخانە دەتەنن و بانگەوازیی دەکەن، کە نایانەوێت خوێن بڕژێت واتا داوای خۆڕادەستکردن دەکەن، ناچار دەکرێت کە سواری ئەو ئۆتۆمبێلە ببێت، کە بۆی دیاری کراوە و بەرەو فڕۆکەخانەی سەربازی بەڕێدەکەوێت و بە دەرزییەک ڕێبەر ئۆجالان بێهۆش دەکرێت.

ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت: کاتێک بەهۆشهاتمەوە لەناو فڕۆکەیەک بووم، کە کارمەندی مۆساد و سی ئای ئەی تێدابوو بە چەکی ئۆتۆماتیکییەوە، دواجار هێزی تایبەتی تورک بەسەرمیان دادا و چاویان بەستمەوە و هەموو شتەکانیان لێسەندمەوە و گرێیاندام، فڕۆکەکە دووجار نیشتەوە جارێك لە میسر و جارێکیش لە ئیسرائیل یان قودس، کە منیان بە کەشتی بەرەوە دورگە هێنا بەرەبەیانی ١٦ی شوبات بوو.

لەمبارەیەوە دەڵێت:  من ڕووی ڕاستەقینەی ناتۆم لەم ماجەرایە دیت، ئەو فڕۆکەی منی تێدابوو بۆ ئەوەی، کە نەتوانێت لە هیچ وڵاتێکی ئەورووپی بنیشێتەوە هەموو وڵاتان ئاگادار کرابوویەوە و خرابوونە ئامادەباشییەوە، کاتێک فڕۆکەی گلادیۆی ناتۆ لەسەر دەریای سپی نزمبووە، وێنەی خۆم لەناو فڕۆکەکەدا وەک، وەک وێنەی قڕکردنی یەهودییەکان هاتەپێش چاو کاتێک بە شەمەندەفەر بەرەو مردن دەبران.

لەو چرکە ساتەوە تا ئەمڕۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەژێر گۆشەگیرییەکی تونددایە، ئەو بەم شێوازە پێناسەی ئەو پلانگێڕییە دەکات: ئەم پلانگێڕییە هەردوو سەردەمی پێش خۆی و دوای خۆی لەیەک جیادەکاتەوە، ئەوە شەڕەی، کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگوزەرێت بە دەسیسەی گلادیۆی ناتۆ، چەند جار ئامارەکانی لە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمی زیاترە، ئەمەش ڕوونترین بەڵگەیە بۆ دەستپێکردنی جەنگی جیهانی سێیەم.

هەروەها لەبارەی سیماکانی ئەم جەنگەوە دەڵێت: بەهۆی سەرهەڵدانی چەکی ئەتۆمیی و تەکنەلۆژیای جەنگی جیاواز و پێشکەوتوو، تایبەتمەندی ئەم جەنگە درێژخایەن و پارچە پارچە دەبێت، بۆ خزمەتکردن بە بەرژەوەندی هێزە هەژموونخوازەکان لەم ناوچەدایە.

ئاماژە بەوەش دەکات و کۆتایی ئەم جەنگە ئەو کاتەیە، کە ئێران بێ کاریگەربکرێت  و بەپێچەوانەوە لە عێراق و ئەفغانستان سەقامگیریی دروستببێت و باڵانسی هێز بەلای خۆیاندا بشکێتەوە، هەروەها چین و ئەمریکای لاتین وەک هەڕەشەیەک لەبەرامبەر خۆیان ڕابماڵن و کۆنترۆڵی بکەن، ئێمە لەناوەراستی ئەم جەنگەداین و ڕەنگە پتر لە یەک دەیەیتر بخایەنێت.

ڕێبەر ئۆجالان ئەم جەنگە وەها شرۆڤە دەکات: هەندێک جار لە وێنەی جەنگی دیپلۆماسی و هەندێک جاریش بە توندووتیژی خۆی دەنوێنێت، سیما دیارەکانیشی( قەیرانی ئابوری قوڵ و چارەسەری مامناوەندی) بە دەستتێوەردانی خۆیان دەبێت، جا چ پرسی ئاو بێت یان پترۆڵ یان خاک، بەهەر نرخێک بێت دەبێت جەنگ لەهەموو لایەکەوە هەبێت، لێرەدا گەورەیی ئەو گەلەکۆمەیە دەردەکەوێت بۆچی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کرا.

ئەوەش دەڵێت: بێگومان لە جەنگی مەزندا هێزە هەژموونخوازەکان هەمیشە قازانج ناکەن، هەندێک جار گەلیش لەناو هاوکێشەکاندا قازانجی گەورە دەکات، زلهێزەکان لە سیستمدا زەرەردەکەن و و توشی قەیران دەبن گەلیش بە پێچەوانەوە سوودمەند دەبیت.

ش. ئـ

Comments are closed.