نوسینی: ئومێد قەرەداغی
رۆژی ١٥ شوبات، رۆژێكی غه‌مگینه ، غه‌مگینه بۆ هه‌ر كوردێك كه خه‌ونی ئازادی و رزگاری نه‌ته‌وه‌كه‌ی هه‌بێت ، غه‌مگینه بۆ هه‌ر مرۆڤێك دڵی بۆ ئازادی و دادپه‌روه‌ری و شكۆمه‌ندی مرۆڤ لێبدات، له‌م رۆژه‌دا پلانێكی جیهانی دژ به به‌یه‌كێك له گه‌وره‌ترین رابه‌ره‌كانی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی كورد به‌رێوه چوو، عەبدوڵا ئۆجه‌لان هێمای سه‌ركرده‌یه‌كی بێ پشتیوان و بێكه‌س بوو، له‌م رۆژه‌دا پتر له هه‌ر ساتێكی تر درۆی گه‌وره‌ی دیموكراسی و مافپه‌روه‌ری وڵاتانی هه‌ژموونگه‌ر ئاشكرا بوو، وا بیست وچوار ساڵی ڕەبەق تێده‌په‌رێت به‌سه‌ر ده‌ستگیركردن و دواتریش رفاندنی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لاندا، گومان له‌وه‌دا نییه ئامانجی ئه‌م پلانگێرییه كوشتنی ئه‌كتیڤیستی و پێگه‌ی رۆحی و ئه‌ندێشه‌ی شۆرشگێرانه‌ی ئۆجه‌لان بوو، تا له‌و رێگه‌یه‌وه بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی كورد لاواز بكه‌ن، به‌ڵام دوای تێپه‌ربوونی ٢٤ ساڵ به‌سه‌ر ئه‌م پلانگێرییه نێو ده‌وڵه‌تییه‌دا ، ده‌وڵه‌تی تورك نه‌ك نه‌یتوانی ئۆجه‌لان نه له ناوه‌ندی سیاسه‌تكردن و، نه له هۆشیاری شۆشگێرانه و، نه له پێگه روحی و كاریزماییه‌كه‌ی دوور بخاته‌وه، به‌ڵكو راستی بارودۆخی ئێستای توركیا و ناوچه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه، نه له توركیا و، نه له به‌شێكی به‌رینی كوردستانی گه‌وره‌دا، به بێ ئۆجه‌لان سیاسه‌ت ناكرێت.
به تێگه‌یشتنی من، گرنگی ئۆجه‌لان بۆ كورد به ته‌نها له‌وه‌دا نییه كه ئه‌و له رۆژگارێكدا په‌كه‌كه‌ی دامه‌زراند كه كوردبوون له به‌رده‌م مه‌ترسی سرینه‌وه‌دابوو، به‌درێژیی چه‌ندین ده‌یه كه‌مالیزم وه‌ك ڤایرۆسێك جه‌سته‌ی هه‌موو نه‌ته‌وه نا توركه‌كانی داڕزاندبوو، به ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ش نییه كه ئه‌مرۆ بوون و ناسنامه و پێگه‌ی سیاسی كورد له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا بوونێكی به‌رجه‌سته و كاریگه‌ره ، بێگومان ئه‌مه‌ش به‌رهه‌می خه‌باتی هه‌موو ئازادیخواز و خه‌مخۆرێكی كورده و له‌ناویشیاندا و په‌كه‌كه و ئۆجه‌لان، به‌ڵكو مه‌زنی ئۆجه‌لان له فه‌لسه‌فه‌ی شۆڕشگێری و دنیابینییه‌كانی ئه‌ودایه بۆ رێكخستنه‌وه‌ی ژیان و كۆمه‌ڵگا و، بیناكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی مرۆڤ به مرۆڤه‌وه، بیناكردنه‌وه‌ی تێگه‌یشتن له نه‌ته‌وه و ناسیۆنالیزم ، له ئایین و ده‌وڵه‌ت ، له تاك و كۆمه‌ڵگا و ئه‌خلاق ، ئه‌م دنیابینیانه‌ی ئه‌و وایكردوه په‌كه‌كه ببێت به هێزێكی جیاواز له بیر و له په‌روه‌رده و له پراكیتیكی سیاسیش‌دا، ئه‌گه‌رچی ئاوڕدانه‌وه له‌م دنیابینی ئۆجه‌لان بابه‌تی توێژینه‌وه‌ی به‌رفراوانه، به‌لام به‌گرنگی ئه‌زانم له یادی 15 فبرایردا سه‌رنجێك بده‌م له چوار پره‌نسیپی گرنگ له بیر و دنیابینی ئۆجه‌لاندا:
یه‌كه‌م: ئازادی تاك وه‌ك بناغه‌ی ئازادی نه‌ته‌وه.
له بیری ئۆجه‌لاندا، ئازادی تاك بنه‌مایه بۆ بیناكردنی ئازادی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه، بێ بوونی تاكێكی ئازاد له بیر و ویژان و جۆری ژیاندا، ئازادی نه‌ته‌وه مانایه‌كی راسته‌قینه‌ی نابێت، هیچ ئازادكرنێكی نه‌ته‌وه بێ ئازادكردنێكی ته‌واوه‌تی تاك له هه‌موو كۆت و پێوه‌نده‌كان ئازادییه‌كی به‌رهه‌مدار و راسته‌قینه نییه، به‌مه‌ش ئۆجه‌لان یه‌كێك له گرنگترین گرفته‌كانی بیری ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی و توركی تێپه‌ڕاند.
یه‌كێك له گرفته قووڵه‌كان له بیری ناسیۆنالیزی عه‌ره‌بیدا بریتییه نه‌بوونی هیچ پێگه‌یه‌ك بۆ ئازادی تاك، لای بیرمه‌ندانی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی ئه‌وه‌ی گرنگه ئازادی نه‌ته‌وه‌یه،زیاتر له‌وه‌ش هه‌ژموونی نه‌ته‌وه‌یه، ئازادی نه‌ته‌وه له چنگی نه‌ته‌وه‌ی داگیركه‌ر و دواتریش هه‌ژموونی نه‌ته‌وه به‌سه‌ر دنیادا، له‌م تیڕوانینه‌شدا تاك نه‌ك هه‌ر بوونێكی به‌رجه‌سته‌ی نییه به‌ڵكو به ته‌واوی له ژێر هه‌ژموونی ئازادی نه‌ته‌وه‌دا بوونی خۆی له ده‌ستداوه، هه‌ربۆیه ئه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی به‌رهه‌می هێنا، ئازادی نه‌ته‌وه بوو نه‌ك تاك، نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب له ژێر چنگی داگیركاری خۆرئاوایی رزگاری بوو، به‌لام تاكی عه‌ره‌بی بوو به زیندانیكراوێك له‌و زیندانه گه‌وره‌یه‌ی پێیده‌وترێت ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كان، بوو به ره‌عییه‌تێك بۆ ئه‌و ئاغایانه‌ی پێیان ده‌وتریت سه‌رۆكه عه‌ره‌به‌كان، نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب له سوریا ئازادی نه‌ته‌وه‌یی به‌ده‌ستهێنا، به‌لام هه‌موو تاكێكی سوری له‌ناو ده‌وڵه‌تدا هه‌موو ماف و ئازادییه‌كی تاكه‌كه‌سی له‌ده‌ستدا، سه‌ره‌نجام ئازادییه گشتیه‌كانی تاكیش كۆتاییان هات، به‌ڵام له ئه‌ندێشه‌ی ئۆجه‌لاندا ئازادی نه‌ته‌وه به بێ ئازادكردنی مرۆڤ وه‌ك تاك بوونی نییه، مه‌رجی بیناكردنی ئازادی نه‌ته‌وه بیناكردنی ئازادی تاكه.
دووه‌م: ئازادی ژن و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ك بناغه‌ی دروستكردنی كۆمه‌ڵگای ئازاد:
له بیر و دنیابینی ئۆجه‌لاندا چه‌ساندنه‌وه‌ی ره‌گه‌زی یه‌كێكه له خراپترین و ریشه‌داكوتراوترین فۆرمه‌كانی چه‌وساندنه‌وه و به بێ كۆتایهێنانی ئه‌م چه‌وساندنه‌وه‌یه هیچ مانایه‌ك بۆ بیناكردنی كۆمه‌ڵگای دادپه‌روه‌ر و ئازاد بوونی نییه، لای ئۆجه‌لان چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنان بناغه‌ی سه‌ره‌كی هه‌موو جۆره‌كانی تری چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و چینایه‌تی و ئایینیه، له كۆیله‌كردنی جه‌سته و كه‌سێتی ژن‌دا جه‌سته و كه‌سێتی نه‌ته‌وه كۆیله كراوه ، له چه‌وسانه‌وه‌ی ره‌گه‌زی ژن‌دا چه‌وسانه‌وه‌ی چینایه‌تی گه‌شه‌ی پێدراوه ، هه‌نگاوی راسته‌قینه‌ش بۆ كۆتایهێنان به چه‌وساندنه‌وه‌ی ره‌گه‌زی برییته له ئازادكردنی ژن، ئیدی لێره‌وه ئازادی ژن به‌شی هه‌ره گه‌وره‌ی بیر و ئه‌ندێشه‌ی ئۆجه‌لان پێكدێنێت، به بێ ئازادكردنی ژن ، كۆمه‌ڵگای ئازاد بینا ناكرێ، به بێ هه‌ڵته‌كاندنی هه‌موو ئه‌و بیر و به‌ها و نه‌ریتانه دواكه‌وتوانه‌ی كه رێگرن له‌به‌رده‌م یه‌كسانی ره‌گه‌زی و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، كۆمه‌ڵگای ئازاد و پێشكه‌وتوو قابیلی به‌دیهاتن نییه، ئه‌مه ئه‌و پرسه گرنگ و ستراتژییه كه ته‌واوی كۆمه‌ڵگای رۆژهه‌ڵاتی و كۆمه‌ڵگا نه‌ریتی و پیاو سالارییه‌كان پێویستی پێیانه.
له كۆمه‌ڵگای كوردی و هه‌موو كۆمه‌ڵگا پیاوسالاری و نه‌ریتییه‌كاندا، لانیكه‌م چه‌ند هه‌زار ساڵێكه ژن له مێژوو ده‌ركراوه، ژن وه‌ك مه‌خلوقێكی په‌راوێزخراو و پاسیڤكراو رۆڵ ئه‌بینێت، به‌مه‌ش نه‌ك سته‌مكارییه‌كی بێ وێنه به‌رێوه چوه، به‌ڵكو ئه‌م چه‌وسانه‌وه یه چه‌ندین فۆرمی دیكه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ی له كۆمه‌ڵگا به‌رهه‌مهێناوه، توانا و هزر و چالاكی نیوه‌ی كۆمه‌ڵگای كوشتوه، بۆیه هه‌ر هه‌نگاوێك بۆ بیناكردنی كۆمه‌ڵگای ئازاد به بێ ئازادكردنی ژن و كۆتایهێنانی ئه‌م سته‌مكارییه مێژووییه به‌دینایه‌ت، بیر و ئه‌ندێشه‌ی ئۆجه‌لان ئه‌م پرسه‌ی به وردی شرۆڤه كردوه، له‌وه گه‌یشتوه ئازادی ژن و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی بناغه‌ی كۆمه‌ڵگای ئازاده، ئه‌مه‌ش ئه‌و شته‌یه كه زۆربه‌ی بزووتنه‌وه ناسیۆنالیستییه‌كانی دنیای رۆژهه‌ڵات فه‌رامۆشیان كردوه و چه‌وساندنه‌وه و ئازادی ژن و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ك پرسێكی بنچینیه‌ی بۆ بیناكردنی كۆمه‌ڵگای ئازاد وه‌رنه‌گرتوه.
سێیه‌م: ره‌خنه له سه‌مایه‌داری و به‌هاكانی..
یه‌كێك له پره‌نسیپه دیاره‌كانی بیری ئۆجه‌لان ره‌خنه توند و رایدكاڵییه‌كانێتی له سه‌رمایه‌داری و به‌هاكانی، له نادادپه‌روه‌رییه‌كانی له ژیانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیدا، له به‌هاكانی، كه به‌ها و بوونی مرۆڤانه‌ی به بوونی ماددییه‌وه سنووردار كراوه، له ئامانجه‌كانی سه‌رمایه‌داریی كه به‌رهه‌مهێنانی هه‌میشه‌یی و بێ كۆتایی كاڵایه و گۆڕینی كاڵایه له پێداویستیه‌كی مرۆڤانه‌وه بۆ دوا ئامانجی مرۆڤ، خه‌ونی مۆنۆپۆڵخوازی گۆڕینی دنیایه به بازاڕێك بۆ ساخكردنه‌وه كاڵا ، گۆرینی مرۆڤه له مه‌خلوقێكی ئه‌نتۆلۆجییه‌وه بۆ بروغه‌یه‌ك له كارگه‌یه‌كی گه‌وره‌دا، زۆری تر.. .
ئه‌گه‌رچی زۆربه‌ی بزووتنه‌وه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی دنیای رۆژهه‌لات و عه‌ره‌بیش، هه‌ڵگری ئایدیای سۆشیالیستی و ره‌خنه بوون له بیر و پراكتیكی سه‌رمایه‌داری، به‌لام جیاوازی ئۆجه‌لان له‌وه‌دایه كۆپی بیری سۆشیالیستی نه‌كردوه، به‌ڵكو خوێندنه‌وه‌یه‌كی قووڵی بۆ واقعی گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵگا و كاریگه‌رییه‌كانی سه‌رمایه‌داری كردوه، به وردی شیكاری گه‌شه و ره‌هه‌نده ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگای نه‌ریتییه‌كان و له ناویشیاندا كۆمه‌ڵگای كوردی كردوه و دواتریش چۆنێتی گه‌شه‌ی سروشتی و پێداویستییه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایانه‌ی روونكردۆته‌وه، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا ره‌خنه‌كانی له سه‌رمایه‌داری خستۆته روو، تێزه‌كانیشی بۆ بیناكردنی كۆمه‌ڵگای دادپه‌روه‌ر و ده‌سه‌ڵاتی خۆشگوزه‌ران پێشكه‌ش كردوه.
چواره‌م : تێپه‌راندنی ناسیۆنالیزمی كلاسیك
ئۆجه‌لان له تێرامانی له بیری ناسیۆنالیزم گه‌یشتۆته ئه‌و باوه‌ره‌ی ناسیۆنالیزمی كلاسیك كه بناغه‌ی له‌سه‌ر جیاوازی نه‌ژادی بونیادنراوه ناسیۆنالیزمیكی مه‌ترسیداره و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌میشه سه‌ری له جۆرێك له فاشیزمه‌وه ده‌ربچێت، ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌شی له‌سه‌ر بناغه‌ی ناسیۆنالیزمی نه‌ژادی دائه‌مه‌زرێت ده‌وڵه‌تێكه نه بۆ نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست ئازادی ئه‌هێنێت و نه بۆ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه ، به‌ڵام به ته‌واوی ده‌وڵه‌تێكه له مۆدێلی ده‌وڵه‌ته سته‌مكاره‌كانی دنیا، له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه ئه‌و مۆدێلی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌ی ره‌تكرده ، به‌ڵكو مۆدێلی ناسیۆنالیزمێكی كولتووری گه‌شه‌پێدا، كه ئه‌م تایپه له ناسیۆنالیزم پتر له له قوتابخانه‌ی ناسیۆنالیزمی فه‌ره‌نسییه‌وه نزیكه، ئه‌مه له كاتێكدا ناسیۆنالیزمی نه‌ژادی پتر له ناسیۆنالیزمی ئه‌ڵمانییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتوه و به‌رهه‌مهێنه‌ری زۆربه‌ی هێزه توتالیتاره‌كانی مێژوو بوه، هاوكات له‌گه‌ڵ له گه‌شه‌پێدانی ناسیۆنالیزمی كولتووری گه‌شه‌ی به مۆدیلی برایه‌تی گه‌لان و پێكهێنانی فدراسیۆنی نه‌ته‌وه‌كانداوه، به‌مه‌ش ئۆجه‌لان جورئه‌تێكی عه‌قلانی و سیاسی گه‌وره‌ی نیشانداوه و بزووتنه‌وه‌ی كوردی دوورخسته‌وه له بزووتنه‌وه‌یه‌كی ده‌مارگیر و نه‌ژادخواز.
ئه‌م چه‌ند پره‌نسیپه‌ی سه‌ره‌وه له بیری ئۆجه‌لاندا، به‌سن بۆ ئه‌وه‌ی به‌رێز و گرنگی زۆره‌وه له ئۆجه‌لان بڕوانین،غه‌مگین بین بۆ ده‌ستگیركردن و رفاندنی،سڵاو بنێرین بۆ ئه‌و مرۆڤه مه‌زنه‌ی 24 ساڵی ره‌به‌قه له نێو زیندانه‌كانی فاشیزمی توركیدا خۆراگری ده‌كات، تێرامانی فیكری و فه‌لسه‌فی ده‌كات، ئه‌وانه‌ی رقیان له ئۆجه‌لانه دڵنیام هۆی ئه‌وه‌یه ئۆجه‌لان نایناسن، رۆژێكیش دێت له گرنگترین پایته‌خته‌كانی دنیا و له ناوه‌نده گه‌وره‌كانی بریارداندا یادی ئه‌م تێكۆشه‌ره گه‌وره‌یه‌ی رێگای ئازادی و عه‌داله‌ت ئه‌كرێته‌وه ، دنیا به شه‌رمه‌زارییه‌وه له‌و پلانگیرییه گه‌وره‌یه ئه‌روانێت كه له 15 فبرایر به‌رێوه‌چوو …
*ئەم وتارە پێشتر و لە هەمان بۆنەدا نوسەر بڵاوکردۆتەوە
Comments are closed.