سەرهەڵدانی سێی ڕەشەمێ بوو بە بەردی بناغەی جوڵانەوەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان

دوابەدوای پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩، لە دژی ڕێبەری گەلی كورد، عەبدوڵا ئۆجالان، كوردستانیان لە سەرجەم بەشەكان و تاراوگە ڕۆژانە شەقام و كاردانەوەی توندیان نیشاندا، لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش خۆپیشاندان و گردبوونەوەی گەورە بەڕێوەچوون، بەڵام هێزەكانی دەوڵەت بە تایبەتی لە شاری سنە كۆمەڵكوژییان ئەنجامدا و دەیان خۆپیشاندەریان خەڵتانی خوێن كرد.

ئەگەرچی لە دوای سەركوت و پاشەكشەپێكردن بە جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كورد، لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو بە دواوە، كەشی ئەمنی و سەربازی توند لەو بەشە جێگیركرابوو، بەڵام زەبر و زەنگ و چەوساندنەوە نەیتوانیبوو هەستی نیشتمانپەروەری و وڵاتپارێزی لەو بەشەی كوردستان لاواز بكات و وەك ئاگرێكی ژێر خۆڵەمێش، توڕەیی و بێزاریی بەرامبەر پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩، گڕی لە شەقام بەردا.

لە زۆربەی شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لە ماكۆوە تا ئیلام هەروەها لە شاری تاران و لەبەردەم باڵیۆزخانەی دەوڵەتی تورك، كوردستانیان بە خۆپیشاندان و ڕێپێوان بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ لەسەر یەك، ئەو پیلانگێڕیەیان شەرمەزار كرد.

ڕۆژی ١٨ی شوبات (٢٩ی ڕێبەندان)، گردبوونەوەیەكی خوێندكاران و مامۆستایانی زانكۆی كوردستان لە سنە، كرایە ئامانجی هێرشی هێزەكانی دەوڵەت و ژمارەیەك خۆپیشاندەر دەستگیر و برینداركران، ئەمەش سەرباری ئەوەی گردبوونەوەكە مۆڵەتی فەرمی بۆ وەرگیرابوو.

جارێكی دیكە گەنجان و چالاكوانانی شارەكە، بە مەبەستی وەرگرتنی مۆڵەت ڕوویان كردە پارێزگا و توانیان بۆ ڕۆژی ٢٢ی شوبات (سێی ڕەشەمێ)، مۆڵەتی خۆپیشاندان وەبرن، بەڵام كاتژمێر ١ی بەرەبەیانی، ئەو ڕۆژە عەبدوڵا ڕەمەزانزادە، پارێزگاری سنە، كە سەر بەریفۆرمخوازان بوو، لە ڕێگەی پەیامێكەوە لە كەناڵی تەلەڤزیۆنی لۆكاڵی سنەوە هۆشداری دا، لە بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان و ڕایگەیاند، مۆڵەتی خۆپیشاندانەكەیان هەڵوەشاندووەتەوە و بە توندی ڕووبەڕووی هەر جۆرە گردبوونەوە و ناڕەزایەتیەك دەبنەوە.

بە بێ گوێدان بەو هەڕەشانە، گەنجان و چالاكوانانی سنە ڕوویان كردە گۆڕەپان و شەقامە سەرەكییەكان، بەڵام هەرزوو كەوتنە بەر دەستڕێژی گولـلە و دەیان كەس خەڵتانی خوێن كران و سەدان كەسیش دەستگیركران.

هەرچەندە ئامارێكی ورد لەبەردەستدا نییە، بەڵام باس لەوە دەكرێت لەو ڕۆژەدا، لە نێوان ٣٠ بۆ ٥٠ كەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی دەوڵەتی ئێران گیانیان بەختكردووە و نزیكەی ٢٠ كەسیش لە ژێر ئەشكەنجەدا گیانیان سپاردووە.

بەپێی وتەی شایەتحاڵان، بەشێكی زۆری دەستگیركراوان ڕووبەڕووی دەستدرێژی، سوكایەتی و ئەشكەنجەی قورس بوونەتەوە هەروەها سزای زیندانی درێژخایەن، پێبژاردنی دارایی قورس و دوورخستنەوە و دەركردن لە كار بۆ ژمارەیەكی بەرچاو لە مامۆستایان و خوێندكارانی دەستگیركراو دەرچوو.

هەر لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكاندا، لانیكەم لە ورمێ دوو كەس و لە ماكۆش كەسێك گیانیان بەخت كرد و هەزاران كەسیش لە شارەكانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ڕووبەڕووی گرتن، ئەشكەنجە و سزای قورس بوونەوە.

هەروەك چۆن كوشتار و كۆمەڵكوژییەكانی پێشوو، نەیانتوانی بەر بە خۆپیشاندانەكانی دژی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بگرن، سەركوتی خوێناوی سێی ڕەشەمێی سنەش نەك هەر نەیتوانی ئاگری ناڕەزایەتییەكان دابمركێنێتەوە، بەڵكوو بووە سەرەتا و بناغەیەك بۆ چەندین جوڵەی ناڕەزایەتی بۆ خاوەنداری لە بەها نەتەوەیی و نیشتمانییەكان.

پێنج ساڵ دواتر، لە نیسانی ٢٠٠٤دا، پارتی ژیانی ئازادی كوردستان -پژاك دامەزرا، كە بەشێكی بەرچاو لە دامەزرێنەرانی لە چالاكوان و هەڵسوڕاوانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بوون دژ بە پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات.

ساڵی دواتر و لە هاوینی ٢٠٠٥دا، لە دژی كوشتنی دڕندانەی گەنجێكی كورد بە ناوی “شوانەی سەید قادر” خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی سەرتاسەری، ڕۆژهەڵاتی كوردستانی گرتەوە و لە ساڵانی دواتریشدا لە دژی لەسێدارەدانی زیندانیان و بۆنە جیاجیاكاندا مانگرتن و خۆپیشاندانی مەدەنی بەربڵاو بەڕێوەچوون و كاروانی ناڕەزایەتیەكان لە سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادیی”دا گەیشتنە لوتكە.

لە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢، بەپێشەنگایەتی ژنان و گەنجانی كورد و وەك خاوەنداری لە ژینا ئەمینی، كچە كوردی خەڵكی شاری سەقز، كە لەتاران لەلایەن بەناو پۆلیسی ئەخلاقەوە بە ئەشكەنجە گیانی لەدەستدا، خۆپیشاندان و ڕاپەڕین دەستیپێكرد و سەرجەم ئێرانی تەنییەوە و تائێستاش بەردەوامە و شاری سنەش یەكێكە لەناوەندە سەرەكییەكانی ئەو سەرهەڵدانە.

ڕ.ڕ

Comments are closed.