ڕۆژنیوز – سیما ڕەزا
مامۆستایانی زانکۆ زاڵکردنی زمانی ئینگلیزی بەسەر کوردیدا بە مەترسییەکی گەورە بۆسەر زمانی کوردی دادەنێن، بە ئەرکی حکومەت و دایک و باوکانیشى دەزانن، پێش بە لەناوچوونی زمانی کوردی بگرن.
لە هەرێمی کوردستان گرنگیەکی زۆر بە زمانی ئینگلیزی و عەرەبی دەدرێت بەشێوەیەک، مەرجی سەرەکی لە زۆرینەی هەلی کارەکاندا زانینی ئەو دوو زمانەیە، دایک و باوکانیش هەوڵدەدەن منداڵەکانیان بنێرنە ئەو خوێندنگە تایبەتانەی خوێندن تێیاندا کوردیی نییە، هاوکات منداڵان هەر لە قۆناغی ساواییەوە لە ڕێگەی ئامێرە زیرەکەکان و تەلەفزیۆنەوە بەردەوام بەرکەوتەی لەگەڵ زمان و کلتوری بێگانەدا دەبێت، ئەمەش مەترسی لەسەر زمانی ڕەسەنی کوردی دروستکردووە.
لەوبارەیەوە شیلان عومەر، مامۆستای زانکۆ، دەڵێت: زمان ناسنامەی نەتەوەیە، ئەوەی ئێمە جیادەکاتەوە لە نەتەوەکانی دیکە، زمانەکەمانە، چەند زمانەکەمان بە زیندویی بهێڵینەوە، ئەوندە زیندویەتی نەتەوەکەمان دەهێڵینەوە.
دەشڵێت: ئەو چەوساندنەوە و ئازارانەی بە هاونیشتیمانیان و هاونەتەوەکانمان دەدرێت لە پارچەکانی دیکەی کوردستان، لەسەر ئەوەیە، کە بە کوردی قسە دەکەن، لەپاڵ ئەمەدا بەداخەوە، ئێمە لە باشووری کورستان نەمانتوانیووە لە ئاست گەورەیی زماندا بین و خزمەتی بکەین، ئەو دەرئەنجامانەی هاتوونەتە دی پێمان دەڵێن، زمانی کوردی لەمەترسی لەناوچووندایە ئەگەر ئێمە فریای نەکەوین.
باسی لەوەش کرد، هەموو زمانێک بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕێت، کە قۆناغی پارێزراوی، مەترسیداری و لەناوچوونە، ئەگەر ئێمە زمانەکەمان لە قۆناغی مەترسیدارییەوە نەگوازینەوە بۆ پارێزراوی بەدڵنیایەوە زمانەکەمان دەڕواتە قۆناغی لەناوچوون، بەپێی توێژینەوەکان ئەگەر بەم جۆرە بڕوات ئەگەری هەیە زمانی کوردییش ببێتە یەکێک لەو زمانانەی لە ٧٧ ساڵی داهاتوودا لەناودەچن.
وتیشی: بەهیچ شێوەیەک نابێت منداڵ لەخوار تەمەنی ١٠ ساڵییەوە بەزمانی دووەم بخوێنێت، بەڵکو دەبێت بە زمانی دایک بخوێنێت، دواتریش ئەو زمانەی کە پێی دەخوێنێت دەبێت زمانێک بێت هەژموون پەیدا نەکات بەسەر زمانی دایکدا، بەڵام بەداخەوە ئەو زمانەی لێرە پێی دەخوێنرێت بووەتە هۆی پەراوێزخستنی زمانی خۆمان.
ناوبراو ئاماژەی بە هۆکارانەدا، کە وادەکەن، تاکی کورد بەپیرۆزی لە زمانی دایکی نەڕوانێت و وتی: بازاڕ سازیی بۆ زمانی دووەم و کردنە مەرج بۆ پێدانی کار، هارەوەها نەبوونی زمان و ڕێنوسێکی یەکگرتوو لەناو ڕاگەیاندنەکان، نەکردنی پەیڕەو و پڕۆگرامەکانی زانکۆکان بە زمانی کوردی، کردنە مەرجی زمانی ئینگلیزی بۆ خوازیارانی خوێندنی باڵا، دروستکردنی تێڕوانینێکی بەکەمزانیی بەرامبەر بە زمانی کوردی، کاریگەری نەرێنیان لەسەر زمانی کوردی داناوە و بوونەتە هۆی ئەوەی تاکی کورد بە پیرۆزی لە زمانی خۆی نەڕوانێت.
ش. ئـ
Comments are closed.