“ڕاپەڕینی سێی ڕەشەمێ درێژەدان بە ڕێگای گەیشتن بە ئازادی دەستەبەر كرد”

مەزڵوم هەفتتەن، ئەندامی ئەنجومەنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان –پژاك ڕایگەیاند، ڕاپەڕینی سێی ڕەشەمێی ١٣٧٧ (٢٢ی شوباتی ١٩٩٩)، هەم ڕەوتی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی ١٥ی شوباتی گۆڕی و هەم تۆوی بەرێكخستنبوونی كارا و هێژای هێنایەدی.

مەزڵوم هەفتتەن، ئەندامی ئەنجومەنی پژاك لە وتارێكدا باسی لە پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات و خاوەنداری گەلی كورد لە ڕێبەر ئاپۆ و ڕاپەڕینی سێی ڕەشەمێی ١٣٧٧ (٢٢ی شوباتی ١٩٩٩) لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان كردووە، كە تێیدا لە دژی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی خۆپیشاندانی گەورە لە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەڕێوەچوون و بە دەیان كەس لە شاری سنە لەو ڕۆژەدا شەهیدبوون.

دەقی وتارەكەی مەزڵوم هەفتتەن:

كوردەكان بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕوو ڕاستی چارەنوسسازی جۆراوجۆر بوونەتەوە، كە هەندێك جار هەبوونی ئەوانی ڕووبەڕووی لەناوچوون كردووەتەوە. یەك لەم ڕووداوانە لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەر ئاپۆ بووە، كە هەبوون و ناسنامەی كوردانی بەرەو لێواری لەناوچوون دەبرد.

پیلانگێڕان لەسەر بنەمای هێنانەدی ئامانجە قێزەونەكانیان و بە بەشداری و هاوكاری دەوڵەتە داگیركەرە هەرێمییەكان، كۆلۆنیالیزمی جیهانی و كوردە بەكرێگیراوەكان پیلانگێڕییەكەیان جێبەجێ كرد، بۆ ئەوەی بەتەواوەتی بگەنە بە كۆیلە كردنی مێژوویی كوردەكان. هێرشێكی هەمەلایەنە و بێ وەستان بۆ سەر كوردی ئازاد دەستیپێكرد، كە بە ئامانجی لەناوبردنی ڕێبەر ئاپۆ خرایەگەڕ. هێزە بەشداربووەكان لە پیلانگێڕی، ئەوانەی فەرمانیان دەردەكرد، ئەوانەی جێبەجێیان دەكرد و هاوبەشەكانیان سوێندیان خواردبوو، كە كورد لەناوببەن و لە جێبەجێ كردنی پیلانە قێزونەكەیان هیچ سنوورێكیان نەدەناسی و تەنانەت لە پێناو گەیشتن بەو ئامانجەیان یاساكانی خۆیان پێشێل دەكرد یاخود ئەو یاسایانەیان دەگۆڕی. لەهاوكاری و بەشداری لە جێبەجێكردنی پیلانگێڕییەكە دڵنیابوون. هەربۆیە پێیان وابوو كارەكە تەواوكراوە و دەگەنە ئەنجامی یەكلاكەرەوە. ڕەنگە بەشداری هەندێك لەم پیلانگێڕییە بگەڕێتەوە بۆ ئەو دڵنیابوونە لە جێبەجێكردنی پلانەكە و گەیشتن بە ئەنجام، بەڵام هەڵوێستی مێژوویی و خاوەنداری شكۆمەندانەی كوردان و دۆستانیان لە ڕێبەر ئاپۆ، خەو و خولیای پیلانگێڕانی پوچەڵ كردەوە، ئەوانی تووشی شۆك و تاسان كرد و نەخشەكانیانی لەباربرد. بەجۆرێك هەندێك لە پلانداڕێژەران و جێبەجێكارانی پیلانگێڕییەكە دانیان بەوەدا نا و لێدوانەكانی مادلین ئۆڵبرایت، وەزیری دەرەوەی ئەو كاتی ئەمریكا بەڵگەیە لەسەر ئەم ڕاستیە.

پیلانگێڕان لە لێكدانەوەی ئاستی خاوەنداری كوردەكان لە ڕێبەر ئاپۆ تووشی هەڵەیەكی ستراتیژی بوون، هەر ئەمەش ئەنجامەكانی پیلانگێڕیی بەتەواوەتی گۆری و تەنانەت دەكرێت بوترێت، كە كوردەكانی لە خەوی مێژوویی راپەڕاند و ڕەوتی ژیانیانی گۆڕی.

كوردەكان بە گشتی لەم قۆناغەدا بەرپرسیارانە مامەڵەیان كرد و هەڵوێستی مێژووییان نواند كە جێگەی ڕێزە، بەڵام هەڵوێستی كوردەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و كاریگەرییەكەی، كە تێكشكاندنی جێبەجێكرنی پیلانگێڕیی و ڕەوتی پێشهاتەكان پێویستی بە لێكدانەوە و خوێندنەوەی تایبەتە.

بەشداری شكۆمەندانەی كوردەكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و سەرتاسەری ئێران، كە بە سەرهەڵدانی سێی ڕەشەمێی ١٣٧٧ (٢٢ی شوباتی ١٩٩٩) و بەختكردنی دەیان گیانی بەنرخ گەیشتە لوتكە، هەم ڕەوتی پیلانگێڕییەكەی گۆڕی و هەم تۆوی بەرێكخستنبوونی كارا و هێژای هێنایەدی، كە لەمرۆماندا بە بزوتنەوەی ئاپۆیی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران ناودێر دەكرێت. هەربۆیە قەرزارباری خوێنی شەهیدان و تێكۆشانی بێ وچانی گەلەكەمانین و جێی خۆیەتی، كە بەتەواوتی دركی پێبكەین و پڕاوپڕ مافەكەی بدەین.

بێ شك بەشداری گەلەكەمان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ڕاپەڕینی سێی ڕەشەمێی ١٣٧٧ و بەرگریی لە ڕێبەر ئاپۆ پارێزگاری لەناسنامەمان كرد و درێژەدان بە ڕێگای گەیشتن بە ئازادیمانی دەستەبەر كرد. هەرچەندە ئەم هەنگاو بەهای مێژوویی و یەكلاكەرەوەی هەیە، بەڵام بەس نییە، چونكە پیلانگێڕییەكە تائێستا و بەشێوەی جیاجیا بەردەوامە و پیلانگێڕان لە دەرفەتێك دەگەڕێن بۆ ئەوەی بگەنە ئامانجە شومەكانیان. بەدیلگیرانی ڕێبەر ئاپۆ و گۆشەگیری توندكراو لە زیندانی تاكەكەسی ئیمرالی و هێرشی هەمەلایەنەی دوژمنان بۆ سەر كوردەكان لە كوردستان و سەرتاسەری جیهان بەڵگەیە لە سەر بەردەوامی پیلانگێڕیی.

 

پیلانگێڕان لە هۆكارەكانی شكست و قۆناغەی پیلانەكە و خاڵە لاوازەكانیان كۆڵیوەتەوە و ئەمڕۆ بە شێوەیەكی بەربڵاوتر دەستیان بە هەوڵەكانیان كردووەتەوە. هەربۆیە لەسەر گەلەكەمان پێویستە، كە بە وشیاری زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا بكەن.

لەمڕۆدا ڕەوتی گەشەسەندنی هزری ئاپۆیی لە كوردستان، ناوچەكە و جیهان و بەكرداری بوونی ئەو هزرە لە كەس شاراوە نییە. ڕۆڵی پێشەنگایەتی ئاپۆییەكان بەتایبەتی ژنانی ئاپۆیی لە وەرچەخانە دیموكراتیكەكانی ناوچەكە و سەروو ناوچەكەش بەرجستە و یەكلاكەرەوەیە، بەجۆرێك كە لە هاوكێشە ناوچەییەكانی هێز شوێندانەر و كارتێكەر بوون و دەبن. ئەم پرسانە پەیوەندییەكی ڕیشەییان لەگەڵ دۆخ و چارەنوسی كوردەكان و گەلانی چەوساوەی ناوچەكە هەیە و بۆ ئێمە كوردەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بە وەرچەرخانەكانی ڕەشەمێی ١٣٧٧ و هاتنەئارای ڕووداوەكانی دواتری تا ئەمڕۆمان، پەیوەندییەكی نەپساوەی هەیە، كە دەبێت بە دروستی دركی پێبكرێت و بخرێتە بەر ڕەخنە و لێكۆڵینەوەوە. هەرچەندە هاتنەدی ئەم دەستكەوتانە بۆ ئێمە پێویستی بە باج و قوربانیدانی بەنرخ هەبووە و شانازییەكە لە ژیانماندا، بەڵام بە كردەوەیی بوونی ئەم كاریگەرییانە لە شكڵدان بە بابەتەكان، دوژمنانی توڕەتر كردووە و مەترسییەكانیانی بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو چەند هێندە كردووە. پێویستە درك بەو مەترسیانە بكەین و بە وردبوونی و لێهاتوویی و بەشداری كارا و بەرپرسیارانە، پوچەڵیان بكەینەوە و ئەمەش بە تێگەیشتنی قوڵ لە پیلانگێڕی، دركی ڕاستەقینە لە ڕاستی ڕێبەر ئاپۆ و ڕٍەخنەكردنی زانستی و لۆژیكی لە مێژووی گەلەكەمان دەستەبەر دەبێت.

ڕ.ڕ

Comments are closed.