خاوەن پێداویستییەکی تایبەت بەیەک پەنجەوە ژیانی خێزانێک بەڕێوە دەبات

ڕۆژنیوز-ڕەواندوز

خاوەن پێداویستییەکى تایبەتەو لەسەر کورسییەک دانیشتووە، بەڵام چەندین بەهرەى جۆراوجۆری هەیە کە توشی سەرسوڕمانت دەکات، ئەم دۆخەى تێیدایە نەبووەتە بەربەست لەبەردەم خستنەڕووی بەهرەکانی، لەگەڵ ئەوەشدا ئومێدی گەورەی بە ژیان هەیە و بۆ یەک چرکەش بێ هیوا نەبووە، مرۆڤێکی چاکەخوازە و هەمیشە هەوڵدەدات لەپێناو چاکەی گشتیدا کاربکات.

ئەو کەسە تەیب موعتەسیمە هاوڵاتیەکی شارۆچکەی ڕەواندوزە ١٠٠% خاوەن پێداویستی تایبەتە و بەشی زۆری ژیانی لەسەر کورسیەک بەڕێ دەکات، شێوەکارە و لەبوارەکانی دیزاین و فۆتۆشۆپ و چەندین بەرنامەی دیکەی کۆمپیتەر بەهرەمەندە، خاوەنی دەیان پێشانگای شێوەکارییە لە هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و ڕەواندوز و سۆران، جگە لەمەش خاوەن دوکانە و خێزانەکەی بەخێو دەکات.

تەیب موعتەسیم لە ساڵی ١٩٧٥ لە گوندی سەران لە شارۆچکەی ڕەواندوز لەدایک بووە و ئێستا لەشاری ڕەواندوز دەژی لە زگماکەوە خاوەن پێداویستى تایبەت بووە، بەڵام جەستەی باش بووەو تا ماوەیەکی زۆر بێ کێشە بووە وەک دەڵێت، وردە وردە جەستەی لاواز و بێ توانا دەبوو تا وای لێهات ئێستا لە هەموو جەستەی تەنها یەک پەنجەی لە دەستی ڕاستی کاردەکات.

تەیب دەڵێت، لە قوتابخانە نەمخوێندووە، بەڵام لەماڵەوە خۆم فێری نوسین و خوێندنەوە کردووە، هەرلەمنداڵیەوە بەهرەکانی خۆم لەبواری هونەری وێنەکێشان بۆ دەرکەوت دەستم بە وێنەکێشان کرد، لە شارەکانی ڕەواندوز و سۆران و هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە بەشداریم لە چەندین پێشانگا کردووە، لەهەموو بۆنەو یادە نەتەوەییەکان کاروچالاکی هونەریم هەبووە و هەمیشە جێپەنجەم دیاربووە.

وەک خۆی باسی دەکات لەدوای ساڵی ١٩٩١ وردە وردە جەستەی بەرەو لاوازی دەچووە تا وای لێهات لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە بە یەکجاری جەستەی لەکار کەوتوو چیتر توانای نەما لەسەرپێ بوەستێت ئەمەش کاریگەری کردە سەر کارەکانی، بۆیە دەڵێت: لە ئێستادا کارەکانی بچووک بونەتەوە و هاتونەتە ناو شاشەی کۆمپیتەر کاری فۆتۆکۆپی و نووسینی سمینار و ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەی خوێندکاران و دیزانی بەرگی کتێب و نامیلکە ئەنجام دەدەم.

تەیب دوکانێکی دیزاین و گرافیکی هەیە بەم داهاتی ئەم دووکانە بژێوی بۆ خێزانەکەی پەیدا دەکات بەشی هەرە زۆری کاروباری خەڵکی لەبواری فۆتۆکۆپی و دیزاین و فۆتۆشۆپ و گرافیک ئەو ئەنجامی دەدات، وەک خۆی دەڵێت هێندە سەرقاڵە و کاری زۆرە  خەریکە ئەو پەنجەشی لەکار دەکەوێت کە ئێستا کاری پێدەکات.

ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتە ئاماژە بەوە دەکات، خاوەنی ١١ پێشانگای تایبەتی شێوەکارییەو یەکەم کەس بووە لەسنورەکەی خۆیدا کە قەڵەم جافی لە دروستکردنی وێنەی شێوەکاریدا بەکارهێناوە، هاوکات لە ٣٣ کاری هاوبەشدا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەشداریکردووە، ئەندامی کۆمەڵەی هونەر و ئەدەب و وێژەی کوریە لە ڕواندز.

هاوکات ئەندامە لە کۆمەڵەی کەم ئەندامانی سۆران و دەستەی دامەزرێنەری ڕێکخراوی هاوڕێیانی کتێبە لە ڕەواندوز، ئەندامی یەکێتی هونەرمەندانی کوردستان و ئەندامی تیپی هونەری ڕەواندوز و کۆمیتەی پاشای گەورە بووە، دیزاینی بەرگی بۆ زیاتر لە ١٠٠ کتێب کردووە، لۆگۆ و گرافیکی بۆ زیاتر لە ٥٠ نامیلکە داناوە، لۆگۆی بۆ قوتابخانە و ڕێکخراوەکان دروستکردوە.

ئەم خاوەن پێداویستییە تایبەتە، بۆتە ڕەمزو کەسایەتیەکی شاری ڕەواندوز، خەڵکی شارەکە خۆشیان دەوێت و ئەویش دەڵێت: خەڵک هەیە گیانی خۆی بۆ شارەکە بەختکردووە، منیش لەڕێگەی هونەرەوە توانیونیومە خزمەتێکی بچووک بە ڕەواندوز بکەم، داواش دەکەم هەموو کەسێک لە پێناو چاکەی گشتی تێکۆشان بکات و تەنیا بیر لەبەرژوەندی کەسی خۆیان نەکەنەوە.

تەیب داوا لە حکومەت و لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات، چاویان لەو کەسانە بێت کە بەهرەمەندن و لە پێناو چاکەی گشتی تێدەکۆشن،چونکە زۆر کەسی دیکەی وەک من هەیە کە خاوەن پێداویستی تایبەتن و خاوەن بەهرە و خەون و خولیای گەورەن، بەڵام بەشێکیان ون بوونە و کەس نەبووە دەستیان بگرێت.

هـ.ح

 

Comments are closed.