یاساکانی عێراق و هەرێمی کوردستان چۆن مافەکانی ژنان دەپارێزن؟

سیما ڕەزا

یاساکان لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا لەپێناو خزمەتکردنی کۆمەڵگە، پاشان خێزان و لەکۆتاییدا تاکە، پارێزەرێک پێی وایە ئەوە هۆکارە تاکی کۆمەڵگەی ئێمە بەتایبەت ژنان زۆر کات هەست دەکات مافی پارێزراو نییە.

یاسا بۆ پاراستن و گەڕاندنەوەی مافی تاکە، کاتێک ناهەقییەکی بەرامبەر دەکرێت، بەڵام هەندێک جار بەهۆی لاوازی یاساکە یاخود نەبوونی هۆشیاری بەرامبەر یاساکان و سستی لە جێبەجێکردنیان، ناتواندرێت ئەو مافە بداتەوە بە تاکەکان.

پارێزەر ئەشواق نەجیب، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆژنیوز، وەڵامی ئەو پرسیارانەی دایەوە لەبارەی ئەو یاسایانەی، کە ژنان دەپارێزن و مافیان پێدەدەنەوە.

بۆچی ژنان دەترسن لەوەی پەنا بۆ یاسا بەرن؟

دەربارەی ئەوەی بۆچی ژنان کاتێک کێشەیەکیان ڕووبەڕوودەبێتەوە دەرترسن لەوەی پەنا بۆ یاسا بەرن و لەڕێگەی یاساوە کێشەکەیان چارەسەر بکەن، وتی: ئێمە وەک پارێزەران هەوڵمانداوە، سیمینار و وانەمان هەبێت، بەتایبەت لە گرتووخانەکان تا ژنان بزانن مافەکانیان چین، لە هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک یاسای باشمان هەیە، کە لە یاسا عێراقییەکاندا نییە و تازە خەریکە وەک پڕۆژەیەک دەخرێنەڕوو، وەک یاسای توندوتیژی خێزانی و هەندێک یاسای باری کەسێتی.

ئەشواق نەجیب

وتیشی: لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئاسانکاری بۆ تاوانکاری هەیە کەمترین ماف وەردەگیرێت، تا ئێستاش جیاکاری دەکرێت لەنێوان پێدانی ماف، تا ئێستاش “دەستی واستەکاریی” لەنێو دادگاکاندا هەیە و یاساکان بەجۆرێک سەروەر نین، کە بێ ترس پەنایان بۆبەرین و بڵێین یاسا مافمان دەپارێزێت، ئەمەش وادەکات ژن سڵبکاتەوە لەوەی ئەگەر تاوانێکیشی بەرامبەر بکرێت هانا بۆ یاسا ببات.

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە لەهەرێمی کوردستان یاساکانی پاراستنی مافی ژن هەن، بەڵام جێبەجێکردنەکەیان ستسی پێوە دیارە، پێشکەوتنی کۆمەڵگە وادەکات پێویستی بە ڕێنمایی زیاتر بێت، بەڵام ئەوەش لە ئاستی پێویستدا نییە.

ژنان لەنێو بنکەی مافپەروەرانیشدا پێشێلکارییان بەرامبەر دەکرێت!

بەهۆی زاڵبوونی زهنیەتی پیاو سالاری و داب و نەرینی کۆنە پەرستانە، ژنان لە هیچ جێیەک هەست بە سەلامەتی و ئاسایش ناکەن، بەڵکو تەنانەت لەنێو بنکەی پۆلیس و مافپەروەرانیشدا، گێچەڵ و توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت.

ئەشواق نەجیب لەوبارەیەوە نمونەیەکی ڕاستەقینەی باسکرد و وتی: جار هەبووە لەلایەن کەسانی نێو بنکەی پۆلیسەوە گێچەڵ و پێشێلکاری بەو ژنانە کراوە، کە ڕوویان لەوێکردووە، وتیشی: لەیاساکانی سزادانی عێراقیدا گێچەڵ و توندوتیژی هەقی تەواوی پێنەدراوە، باسی ئەوە نەکراوە ئەگەر کەسی تۆمەتبار پیاوی یاسابوو سزاکەی زیاتر بێت، کاتێک کەسێک گێچەڵی پێدەکرێت ڕوو لە بنکەی پۆلیس دەکات، چۆن دەبێت لەناو ئەو بنکەیە گێچەڵکردن هەبێت.

کام یاسا تێیدا هەوڵدراوە مافی ژن بپارێزرێت؟

لەدرێژەی وتەکانیدا پارێزەر ئەشواق نەجیب ئەو یاسایانەی باس کرد، کە ژنان دەپارێزن و مافەکانیان بۆ دەگەڕێننەوە، بەڵام ئەوەی جێی سەرەنجە هەر ئەو یاسایانە کەم و کورتی و بۆشایی زۆری تێدایە، کە ڕێگە بە پیاوان دەدات بەشێوەیەک لە شێوەکان لە سزا و بەرپرسیارێتییەکان خۆیان بدزنەوە.

وتی: یەکێک لەو یاسایانەی مافی ژن دەپارێزێت و زۆرکات پێی دەوترێت “یاسایەکی ژنانە”، یاسای توندوتیژیی خێزانییە، لەم یاسایەدا بیر لەوە کراوەتەوە ئەگەر دایک لە ماڵدا مافی پارێزراو بێت دەتوانێت کچەکەی وا پەروەردە بکات کە مافی خۆی بزانێت و کوڕەکەشی وا گەوەرە دەکات مافی خوشکەکەی پێشل نەکات.

یاسای باری کەسێتیش بەهەمان شێوە یەکێکە لەو یاسایانەی زۆرینەی بڕگەکانی باسی مافەکانی ژن دەکات، دادوەرەکانیش ئاماژە بەوە دەدەن، پیاوان بە چەند یاسایەکی کەم دەتوانن مافەکانیان وەربگرن، بەڵام  ژنان بە چەندین یاسا دەتوانن مافەکانیان بەدەست بهێنن، کەواتە ئەو هەموو ژنە ستەملێکراوەی بێدەنگیان هەڵبژاردوە و ئەو هەموو ژنەی لە کەیسەکانیان لەدادگادان و مافیان پێنادرێت بۆ هەن.

لە کۆمەڵگەی ئێمەدا پیاو خاوەن مافە!

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کاتیک ئەو یاسایانە هەن و بە چەندین ڕێگە ژنان دەپارێزن و مافیان پێدەدەنەوە، بۆچی بەو ڕێژە مەترسیدارە ژنان ستەمیان بەرامبەر دەکرێت و مافەکانیان پێشێلدەکرێت هەن، ئەشواق وتی: جگە لەوەی پیاو دەتوانێت بە تاکلایەنە لە هاوسەرەکەی جیابێتەوە، ژنیش دەتوانێت داوای جیابوونەوە بەرز بکاتەوە لەسەر خیانەتی هاوسەرگیری و ئازاردان و نکۆکی، بەڵام بەداخەوە ژن بە ناڕاحەت دەتوانێت بەڵگەکان بۆ کۆبکاتەوە و شایەت پەیدا بکات، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئامادەکردنی شایەت بۆ پیاو زۆر ئاسانە، نوقتەیەکی ژن دەکەن بە دە نوقتە، بەڵام ئەوکاتەی ژنێک سکاڵاکارە، سەد نوقتەش لەسەر پیاوەکە هەیە کەچی کەس ئامادە نییە شایەتی بدات.

ئاماژەی بەوەکرد، لە تێڕوانینی یاساوە بناغەی هاوسەرگیری دەبێت دورست بێت بۆ ئەوەی خێزانێکی تەندروست و مندڵێکی تەندروست بێتەکایەوە تا لە دواڕۆژدا کۆمەڵگایەکی تەندروستمان هەبێت، ئەمەش بەهاوکاری دەسەڵات دەبێت، دەسەڵات دەتوانێت بناغەیەکی وا بۆ خێزانەکان بوونیات بنێت.

ئەشواق ئەوەشی خستەڕوو ژنان دەتوانن لەکاتی هاوسەرگیریدا مەرجەکانیان لەسەر گرێبەستی هاوسەرگیریەکەیان بنوسن، لەجێی ئەوەی داوای مارەییەکی زۆر بکەن بۆ ئەگەری ڕوودانی جیابوونەوە با ئەوەی دەیانەوێت بینوسن، ئەرکی پیاوانی ئاینیشە کە یاساکان لە پارێزەرێک وەربگرێت و بە کوڕ و کچەکەش بڵێت ئەمە مافە یاسایی و شەرعیەکەتە دەتوانیت لەسەرگرێبەستەکەت دایبنێیت.

یاساکانی عێراق لەبەرژەوەندی ژنان نین!

ئەو پارێزەرە بەپێویستی دەزانێت کاتێک یاسایەک دەردەچوێنرێت، بۆ ماوەیەکی درێژمەودا بێت، یاسای ١١١ی ساڵی ١٩٦٩مان هەیە کە کۆمەڵێک مادەی باشی تیادایە و کۆمەڵێک مادەشی هەموار کراونەوتەوە، لەبەرئەوەی پێویستییەکانی کۆمەڵگە وایخواستووە، هەندێک لەو هەموارکردنەوانە یارمەتی پارستنی مافی ژنان دەدەن”.

ئەشواق نەجیب ژمارەیەک یاسای ڕوونکردەوە کە لەبەرژەوەندی ژندا نین و بەڵکو زیانیان پێدەگەینێت، خۆشبەختانە ئەو یاسایانە لە هەرێمی کوردستان هەموار کراون یاخود کارپێکردنیان ڕاگیراوە.

یەکێک لەو مادانەی هەمووارکرانەوە مادەی ٤٠٨ بوو کە تایبەتە بە خۆکوشتن، بەپێی هەموراکردنەوەکە هەرکاتێک تاکێک خۆی کوشت لێپرسیینەوە لە خێزان و دراوسێ و هاوڕێ و کەسەکانی بکرێت، بەدواداچوون بۆ نامە و تەلەفۆن و بەرکەوتنەکانی بکرێت، ئەمەش وایکردووە کە باوک و برا و هاوسەرەکان، تەنانەت هەندێک جار دایکانیش بترسن لە ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژن.

وتی: جاران یاسا سزای لەسەر ئەو بکوژانە سوک دەکرد، کە لەژێر پاساوی “شەرەف” ژنێکیان دەکوشت،  خۆشبەختانە ئەو مادەیە لە هەرێمی کوردستان هەموارکراوەتەوە، لە ئێستادا یاساکە توند کراوەتەوە و ئەو لێبووردنە گشتیانەش کە دەردەچێت ئەوکەسانە ناگرێتەوە کە بەو بیانووە ژنێک دەکوژن.

یەکێکی دیکەش لەو یاسا عێراقییانەی هەمووار کراونەتەوە، تایبەتە بە دەستدرێژی سێکسی، لە ئێستادا ئەگەر کەسێک دەستدرێژی بکاتە سەر ژنێک ئەگەر هاوسەرگیریشی لەگەڵ بکات هێشتا لە تاوانەکەی نابوردرێت، بەڵام ئەگەر لەلایەن کەسی دەستدرێژی بۆکراوەوە سازشبکرێت کەمێک سزاکەی لەسەر سوک دەکرێت، هەتا دوای سێ ساڵیش کەسی دەستدرێژی بۆکراو دەتوانێت سکاڵا لەسەر دەستدرێژیکەر تۆماربکاتەوە.

ش. ئـ

Comments are closed.