بەهۆی بێکارییەوە گەنجانی کفری ڕوو لە شارەکانی دیکە دەكەن

کفری

بەهۆی ئاوڕنەدانەوەی حكومەتی هەرێمەوە لە شارۆچكەی كفری، ئەو شارۆچکەیە بووە بە ناوچەیەكی پەراوێزخراو، گەنجانی ئەو شارۆچكەیە لەگەڵ ئەوەی هەلی كاریان دەست ناكەوێت، دەست بۆ هەر پڕۆژەیەكی بچوكیش دەبەن بەهۆی بێ بازاڕییەوە سەركەوتوو نابن، بۆیە زۆربەی گەنجانی ئەم شارۆچکەیە دەچنە شارەکانی دیکە بۆ کارکردن.

كفری شارۆچكەیەكی درێنی كوردستانە و دەكەوێتە باشوری ڕۆژئاوای ئیداری گەرمیانەوە و لە سنوری ئیدارەی گەرمیان دایە، لە دوای ساڵی ٢٠٠٢ وە گلەیی دانیشتوانی كفری ئەوەبووە كە لەلایەن حكومەتی هەرێمە بایەخی پێنادرێت و پرۆژەی خزمەتگوزاری و ستراتیژی تێدا ئەنجامنادرێت، سیاسەتی حكومەت بەرامبەر ئەو شارۆچكەكە لە ئێستادا كاریگەرییەكانی بە تەواوی دەكەوتوون.

مستەفا مەحمو

مستەفا مەحموود، گەنجێکی بێکاری شارۆچکەی کفرییە بە ڕۆژنیوزی وت: گەنجان بەدەست بێکارییەوە دەناڵێنن، بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان، سەردانی سلێمانی یاخود کافتریاکانی شارۆچکەکە دەکەن، تەنانەت دەڵێن: بۆ ئەوەی کاتەکانمان پڕبکەینەوە و بێتاقەت نەبین و لەماڵ دانەنیشین، دەچینە بەرخوێندن و چەندین ساڵ بەڕێدەکەین، گەنجان هیچ ئامانجێکیشیان لەخوێندن نییە، حکومەتیش دایاننامەزرێنێت.

بەوتەی ئەو هاوڵاتییە، حکومەت هیچ ئاوڕێک لە کفری ناداتەوە، هیچ هەلی کارێک ناڕەخسێنێت و وتیشی: پێدەچێت بەلای حکومەتەوە سەر بە هەرێمی کوردستان نەبێت، بەبۆنەی بارودۆخی ئابورییشەوە هەر گەنجێک پیشەیەک دادەمەزرێنێت پاش چەند مانگێک تووشی زەرەردەبێت و دەست لەپیشەکەی هەڵدەگرێت و بێکار دەبێت.

ئەو گەنجە دەشڵێت: ئەوەی باری دارایی باشبێت دەچێتە شار و شارۆچکەکانی دیکە ژیان بەردەوام دەکات، ئێستا یەک لەسەر سێی شارۆچکەی کفری عەرەبە، گەر بەوشێوەیە بەردەوامبێت، پاش چەند ساڵێکی دیکە ڕێژەی عەرەب زیاتردەبێت، هاتنی گەنجی عەرەبیش بۆ شارۆچکەکە، ئیشوکاری زیاتر کەمکردووەتەوە بۆ گەنجەکانی کفری، چونکە بەپارەیەکی کەمتر کارەکان دەکەن.

بەپێی ئاماری سەندیکای کرێکارانی کورستان، کە لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، ڕێژەی بێکاری لەهەرێمی کوردستاندا ٣٠٪یە.

محەمەد فازڵ

محەمەد فازل، گەنجێکی دیکەی بێکاری شارۆچکەی کفرییە بۆ ڕۆژنیوز وتی: بێکاری گەنجانی کفری دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی هەلی کار و پڕۆژەیەک لەسوودی گەنجان بێت، بۆیە زۆربەی گەنجانی ئەم شارۆچکەیە دەچنە شارەکانی دیکە بۆ کارکردن، ئەم شارە بێ گەنج ماوەتەوە، کەدێینە ناو بازاڕ هیچ گەنجێک نابینین.

باسی لەوەكرد، لەساڵی ٢٠١٧وە بێکارە، ئێستا بژێوی ژیانی بەکرێکارییەکی چەند ڕۆژجارێک دابین دەکات، حکومەت بەهۆکاری سەرەکی بێکاری گەنجان دەزانێت و وتی: حکومەت ئەم میللەتەی چەوساندۆتەوە، وایان لەگەنج کردووە تاقەتی ژیانکردنیشی نەمێنێت یاخود ملی ڕێگەی هەندەران دەگرنەبەر، دەرگای دامەزراندنیش ناکەنەوە، ئێستا گەنجان بڕی پێنج هەزار دۆلاریش دەدەن تاوەکو دابمەزرێت، بەڵام داشی نامەزرێنن.

س.س

 

Comments are closed.