خۆپیشاندانی لایەنگرانی ڕەوتی سەدر دژی گۆڕین و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمشەو لە نەجەفە و بابل و دیوانییە و چەند ناوچەیەکی دیکە دەستی پێکردەوە.
هێزە ناڕازییەکان لە بەغدای پایتەختی و شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ماوەی چەند ڕۆژیکە ئامادەکاری دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی ناڕەزایەتی دژی ڕەشنووسی یاسای هەڵبژاردن، وەک ئەوەی هێزە سیاسییە گەورەکان داوای دەکەن.
کۆمیتەی ناوەندی ڕێکخستنی ناڕەزایەتی ئاشتیانە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، حکومەتی عێراق و هاوپەیمانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” چاوپۆشی لە داواکارییەکانی گەلی عێراق و هەڵوێستیان لەسەر یاسای هەڵبژاردن دەکەن، کە هەوڵدەدەن لە ڕێگەی پەرلەمانەوە تێپەڕێنرێن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم ڕەشنوسەی یاسای هەڵبژاردن پێشێلکردنی ئاشکرای ئیرادەی جەماوەرییە، کە ڕەتیدەکاتەوە ئەو ڕوخسارە تاریکانەی کە دوو دەیە خەڵک لێی بێزار بوون، بەردەوامی پێبدات، هەروەها یاساکە بەو شێوەی ئێستای چەند بڕگەیەکی تێدایە کە، دەرگای ساختەکاری بە شێوەیەکی بەرفراوان بەڕووی هێزە چەکدارەکاندا دەکاتەوە.
پەرلەمانی عێراق لە دوو دانیشتنی کۆتاییدا شکستی هێنا، دوا دانیشتنی رۆژی شەممە بوو، سەبارەت بە گفتوگۆکردن و دەنگدان لەسەر یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، هێزە سیاسییەکانیش هەوڵدەدەن لە هەڵبژاردنە ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کەڵکی لێوەربگرن، کە بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا بەڕێوەدەچێت.
ئەمشەیوش دژی ئەو یاسایە لە هەریەکە لە پارێزگاکانی نەجەف و بابل و دیوانییە و چەند شارو چارۆچکەیەکی دیکە خۆپیشاندان دژی هەموار کردنی ئەو یاسایە ئەنجمادرا و چالاکوانانی خۆپیشاندانەکانیش ئاماژە بەوەدەکەن کە خۆپیشاندانەکان بەشێوەی ئاشتیانە فراوان دەکریت.
خۆپیشاندانەکان بە نافەرمی لەلایەن ڕەوتی سەدرەوە پشتیوانی دەکریت بەهۆی ئەوەیە لە هەڵبژاردنی ڕابردودا بەهۆی یاسای هەڵبژاردنەکانەوە یەکیک لە سودمەندترین هێزەکانی عێراق بوو کە توانی زیاتر لە ٧٠ کورسی پەرلەمانی عێراقی بەریتەوە.
سەلام حوسێنی، یەکێکە سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندەرانی بەغدا، نووسیویەتی، لیژنەی ناوەندی بۆ خۆپێشاندانەکان داوای فراوانکردنی ئاشتیانەی ناڕەزایەتییەکان دەکات .
لای خۆیەوە چالاکوان زەینەب جاسم ڕایگەیاندووە: ئەمڕۆ وەک بیرخستنەوەیەکی سەرەتایی بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانەکانی وەستاین و وتمان، دڵی ئازادەکان هێشتا شۆڕشگێڕانە لێدەدەن.
ها-ع
Comments are closed.