جەمیل بایک: چارەسەری پرسی کورد دەبێتە هۆی بەرقەراربوونی دیموکراسی و ئازادیی لە ناوچەکەدا

هاوسەرۆکی گشتی کەجەکە ڕایگەیاند، ئەگەر ئیرادەیەکی بەهێز هەبێت، چ لە ڕایگشتی تورکیا و چ لە ئاستی دەوڵەتی تورک و لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بەتایبەت لای ئەمریکا، ئێمەش وەک کورد داوای ئەمە دەکەین و ئامادەین بۆ پرۆسەکە و جەختیكردەوە، چارەسەری پرسی کورد دەبێتە هۆی بەرقەراربوونی دیموکراسی و ئازادیی لە ناوچەکەدا.

دوای بومەلەرزەكەی شەشی شوباتی باكوری كوردستان و توركیا، كەجەکە بڕیاریدا هەموو چالاكییەكانی دژ بە سوپای داگیركەری تورك ڕابگرێت، بەڵام دەوڵەتی تورك بەردەوامە لە هێرشە داگیركارییەكانی بۆسەر هەرێمیكانی پاراستنی مەدیا و شنگال و ڕۆژئاوای كوردستان.

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان – کەجەکە چاوپێکەوتنێكی لەگەڵ پەیمانگای ئاشتی کورد ئەنجامدا و لە سەرەتای دیدارەکەیدا وتی: بینیمان بومەلەرزە بووەتە هۆی چ کاولکارییەک، هەر بۆیە بە باشمان زانی کە هەڵسەنگاندنیکی نوێ لەسەر دۆخەکە بکەین.

بایك ئاماژەی بە بڕیاری ڕاگرتنی چالاكییەكانی گەریلا كرد و ڕایگەیاند، لەو بڕوایەداین لە وەها دۆخێکی دژوار و ئەستەمدا دەبێت بەشێوەیەکی ئەخلاقی و بە هەستی مرۆڤانەی زیاترەوە مامەڵە بکەن، هەربۆیە وەک لە راگەیاندنەکانیشەوە بڵاوکرایەوە، بڕیارماندا چالاکییەکانمان ڕابگرین.

لەسەر ناوی هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە من خۆم ئەو بڕیارەم بۆ هەموو هێزەکانمان و رای گشتی راگەیاند، هێزەکانمان لە گەورەشارەکانی تورکیا و شارەکانی دیکە هیچ چالاکییەک ناکەن، تاهەڵنەکوتنە سەر هێزەکانی گەریلای ئێمە، هێزە سەربازییەکانمان هیچ چالاکییەک نەکە، بێگومان هەڵوێستی دەسەڵاتداری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە لە بەرامبەر ئەم بڕیارەمان ئاراستە و رەوتی رووداوەکان دیاری دەکات.

باس لە سیاسەتی پەكەكە دەكات و دەڵێت: پەکەکە بزووتنەوەیەکی وەهایە، کە لە بەرامبەر هەموو جۆرە نەتەوەپەرستییەک دەوەستێتەوە، داوای ژیانێکی ئازاد و دیموکراسییانە بۆ هەموو کلتور و باوەڕ و کۆمەڵگاکان دەکات، ناساندنی پەکەکە بە “ڕێکخستنێکی تیرۆریستی” لەلایەن ئەمریکاوە زوڵم و ستەمێکی گەورەیە، ئەمریکا خۆی باش لەوە ئاگادارە، کە پەکەکە بزووتنەوەیەکی تیرۆریستی نییە

هەروەها، پەکەکە هەمیشە بە پێی پێوەرەکانی شەڕ و ئەخلاقی شەڕ مامەڵەی کردووە، بەڵام دەوڵەتی تورک ڕۆژانە تاوانی جەنگ لە بەرچاوی هەموو جیهان ئەنجام دەدات

جەمیل بایك دەشڵێت: هەموو چالاکییەکانی پەکەکە لە دەرەوەی ئەخلاق و ویژدان و یاسای شەڕ نەبووە، نادادپەروەرییەکی گەورەیە مرۆڤ پەکەکە لەگەڵ کردەوەکانی دەوڵەتی تورک بەراورد بکەن، دەوڵەتی تورک سەدان گوندی سووتاندووە، چۆڵیان کردووە، ملیۆنان کوردیان ناچار کردووە دەربەدەر بن، تا ئێستاش ڕۆژانە گازی کیمیایی بەکاردەهێنێت و دەیان هەزار کەس بە ناوی ‘کوشتنی بکەر نادیار‌ەوە کوژران و کۆمەڵکوژ کراون.

هاوسەرۆكی كەجەكە وتیشی: ئەمریکا لە دژی هەبوونی گەلی کورد و خەباتی ئازادی، پشتیوانیی سەربازی، مادی، سیاسی و مەعنەوی بێکۆتایی بە دەوڵەتی تورک کردووە، ئەگەر پشتیوانییەكانی ئەمریكا نەبوایە، دەوڵەتی تورک نەیدەتوانی شەڕێکی وەها درێژخایەن لە دژی گەلی کورد و پەکەکە ئەنجام بدات

بایک تیشك دەخاتە سەر چارەسەری پرسی كورد بە ڕێگەی ئاشتی و دەڵێت: پێشهاتێکی ئەرێنییە، ئەگەر پرسی کورد لە تورکیا بە ڕێگەی ئاشتیانە چارەسەر بکرێت، ئەمە سوودی دەبێت بۆ سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە، دۆزی کورد بەڕاستی کێشەیەکی هەرێمایەتییە، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە تورکیا، عێراق، ئێران و سوریاوە هەیە، کە چوار دەوڵەت-نەتەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، هەروەها ئەوەش ڕاستییە ئەگەر بوترێت کێشەی کورد کێشەیەکی نێودەوڵەتییە، لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانم بڵێم دۆزی کورد، کە زۆر دەستوەردانی تێدا کراوە و کێشەیەکی نێودەوڵەتییە، زۆر بەنرخ دەبێت ئەگەر ڕەوتێک بەرەو چارەسەر لە ئەمریکاوە هەبێت.

جەختیكردەوە، چارەسەری پرسی کورد دەبێتە هۆی بەرقەراربوونی دیموکراسی و ئازادی لە ناوچەکەدا، دیموکراتیزەبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهێنێتە ئاراوە و ئەمەش کاریگەری لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتیش دەبێت، چارەسەری سەربازی بۆ پرسی کورد نابێت، هەروەها بۆ دەوڵەتی تورک و بۆ پەکەکە نابێت، ئەمەش لە شەڕی ٤٠ ساڵەدا بینراوە، کێشەکە لە چارەسەرییەکی دیموکراسیدایە.

بە وتەی جەمیل بایك، ئەگەر ئیرادەیەکی بەهێز هەبێت، چ لە  ڕای گشتی تورکیادا و چ لە ئاستی دەوڵەتی تورک و لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بەتایبەت لای ئەمریکا، کورد داوای ئەمە دەکات و ئامادەن بۆ پڕۆسەکە و ڕێبەر ئاپۆ ئەو کەسەیە، کە لەهەموو لایەک قووڵتر بیر لە چارەسەری دەکاتەوە.

Comments are closed.