ناوەندی هەواڵەکان
کلیچدارئۆغڵو لە ناوچەیەكی كوردنشینی باكوری كوردستان لە دایكبووە و دەوترێت بە ڕەچەڵەك كوردە، ئەو ئێستا كاندیدی هاوپەیمانی میللەتە بۆ سەرۆك كۆماری توركیا، بە ڕازیبوون بە پرۆژەی هەدەپە گرنتی پشتیوانی گەلی كورد لە باكوری كوردستان مسۆگەر دەكات.
وا بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی تورکیا لە ١٤ی ئایاردا ئەنجام بدرێت، هاوپەیمانی میللەت کە لە شەش پارت پێکهاتووە وەک یەکەمین هاوپەیمانی، كەمال کلیچدارئۆغڵوی وەک کاندیدی خۆی دیاری کرد.
كەمال کلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری ئۆپۆزسیۆنی توركیایە و لە ١٧ی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٨ لە شارۆچكەی نازمیەی سەر بە پارێزگای دێرسیم لە ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ لەدایكبووە.
خێزانەكەی هەڵگری ئاینی عەلەوین و دەوترێت لە بنەڕەتدا كوردە و ئەو شوێنەی تێیدا لە دایكبووە ناوەچەیەكی كورد نشینە.
دەرچووی بەشی ئابوری و بازرگانیی ساڵی ١٩٧١ لە زانكۆی ئەنقەرە، لە ساڵی ١٩٩٢ لە دامەزراوەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تورکیا کاری کردووە و لە نێوان ساڵانی ١٩٩٧ تا ١٩٩٩ بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بووە.
بە چوونە ناو پارتی گەلی کۆمارییەوە لە ساڵی ٢٠٠٢دا، دەستی بە چالاکی سیاسی کرد، کە خۆی بە میراتگری شەرعی سیاسەت و ئایدۆلۆژیای دامەزرێنەری کۆماری تورکیا مستەفا کەمال ئەتاتورک دەزانێت.
لەهەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٠٢دا و جارێکی تر لەمانگی ئابی ٢٠٠٧دا بەئەندامی پەرلەمان لە بازنەی دووەمی ئیستەنبوڵ سەرکەوتنی بەدەست هێنا.
لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی مانگی ئازاری ٢٠٠٩دا خۆی کاندیدکرد بۆ سەرۆکی شارەوانی شاری ئیستەنبوڵ، بەڵام تەنها ٣٧٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و ئەو پۆستەی بەکاندیدی ئاکەپە قادر تۆپاس لەدەستدا.
دوای دەستلەکارکێشانەوەی دەنیز بایکال، لە ساڵی ٢٠١٠دا ئەنجومەنی گشتی جەهەپە، کەمال کلیچدارئۆغڵوی وەک سەرۆکی پارتەکە هەڵبژارد.
دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەنێوان مەراڵ ئاکشنەر سەرۆکی ئیپارتی ڕەگەزپەرست لەگەڵ سەرۆک شارەوانیەکانی ئەنقەرە و ئیستەمبوڵ و سەرۆکی جەهەپە و سەرۆکی پارتی سەعادەت و دواتریش کۆبونەوەی شەش لایەنەکە دواجار دوێنێ، بە فەرمی کەمال کلچدار ئۆغلو بە کاندیدی سەرۆک کۆمار هەڵبژێرا.
کۆبونەوەی شەش لایەنەکە ماوەی چوار کاتژمێر بەردەوام بوو، کەمال کلچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە و میرال ئاکشەنەر، سەرۆکی ئی پارتی و تەمەل قەرامۆل ئۆغڵو، سەرۆکی پارتی سەعادەت وعەلی باباجان. سەرۆکی پارتی دیڤا و ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە و گولتەکین ئویسال، سەرۆکی پارتی دیموکرات بەشداریان تیادا کرد.
دوای کۆبونەوەکە سەرۆکی پارتی سەعادەت بۆ جەماوەری هاوپەیمانێتییەکەیان وتەیەکی پێشکەش کرد وتی: بە ئەرکی سەرشانی دەزانم ئەو بڕیارەی لە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانەدا داومانە، کەمال کلچدارئۆغڵو ڕابگەیەنم وەک کاندیدی سەرۆک کۆمار.
دواترکەمال کڵچدار ئۆغلو ڕایگەیاند، سەرکردە بەڕێزەکانی حیزبەکانی ترمان جێگری سەرۆک دەبن، دەرگای هاوپەیمانی نەتەوەیی کراوەیە بۆ هەموو ئەوانەی هاوبەشی خەونی تورکیای هاوبەشن.
بەگوێرەی ناوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتنەی میدیاکانی نزیک لەو هاوپەیمانێتییە بڵاویانکردووەتوە ڕێککەوتنی نیوان لایەنەکان لە ١٢ خاڵی سەرەکی پێکهاتووە، کە تیایدا سەرکردەکانی ئەو لایەنە سیاسیانەی کە هاوپەیمانی میللەت پێکدەهێنن، بریایریانداوە سیستمی پەرلەمانی پەیڕەو بکەن و بۆ ئەوەیش گۆڕانکاری لە دەستوردا دەکەن.
لە ڕێککەوتنەکەدا کە هەر شەش حزبەکە واژۆیان کردووە ئاماژە بەوەشکراوە، سەرکردەی ئەو پارتانەی کە لە هاوپەیمانیەکەدا بەشدارن، جێگری سەرۆک دەبن جگە لەوەش دابەشکردنی پۆست و وەزارەتەکان بە گوێرەی بەدەستهێنانی کورسی پەرلەمانی دەبێت بۆ لایەنەکان، بەڵام هەموو لایەنەکان وەزیرێک یان زیاتریان بەردەکەوێت.
هەروەها، دانان و دورخستەنوەی وەزیرەکان بە ڕاویژ لەگەڵ سەرۆکی حزبەکانیان دەبێت و دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆماریش لە حاڵەتی دەرچوندا دیاریکراوە سەرۆک کۆماریش لەگەڵ گۆڕینی سیستمی لە ڕێككەوتنی پارتەكانی ناو ئێستای تورکیا بۆ پەرلەمانی دەستبەرداری ئەندامیەتی پارتەکەی دەبێت.
لە ڕێككەوتنی پارتەكانی ناو هاوپەیمانی میللەتدا، ئاماژە بە پرسی كورد و داواكارییەكانی نەكراوە، بەڵام میتات سانجار هاوسەرۆکی هەدەپە ڕایگەیاند، ئێمە چاوەڕێی سەردانەکەی دەکەین لە ناوەندی پارتەکەمان بۆ ئەوەی پێکەوە قسە بکەین.
س.س
Comments are closed.