ناوەندى هەواڵەکان
دکتۆر داهات حەوێزى دەڵێت، قه‌ڵه‌وی بریتیه له زیادبوونی كێشی له‌ش زیاتر له ئاستی ئاسایی به‌هۆی كۆبوونه‌وه‌ی چه‌وری له له‌شدا و کاتێک قه‌ڵه‌وی دروست ده‌بێت، كه بڕی وزه‌ی به‌ده‌ست هاتوو زیاتر بێت له بڕی به‌كارهاتوو، دەشڵێت، هۆکارەکانى قەڵەوى بریتین لە زۆر خواردن، نارێکى لە سیستەمى خواردن و وەرزش نەکردن .
دکتۆر داهات حەوێزى، پسپۆڕى نەخۆشەکانى و هەناوى و شەکرە و دڵ، لە نوسینێکدا ئاماژە بە هۆکارەکانی قەڵەوى دەکات، کە دەقى نوسینەکەى بەمجۆرەیە:-
قه‌ڵه‌وی بریتیه له زیادبوونی كێشی له‌ش زیاتر له ئاستی ئاسایی به‌هۆی كۆبوونه‌وه‌ی چه‌وری له له‌شدا، ئه‌م چه‌وریه له‌وانه‌یه به یه‌كسانی به‌سه‌ر هه‌موو له‌شدا بڵاوبێته‌وه، یان ته‌نها له ناوچه‌ی سك كۆبێته‌وه به‌تایبه‌تی له پیاوان، قه‌ڵه‌وی وورگ)، یان چه‌ورییه‌كه له ناوچه‌ی ڕان و سمت كۆده‌بێته‌وه، به‌تایبه‌تی له ژنان.
كاتێك قه‌ڵه‌وی دروست ده‌بێت، كه بڕه‌ی ووزه‌ی به‌ده‌ست هاتوو زیاتر بێت له بڕی به‌كارهاتوو.
سێ هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌یه بۆ كێش زیادبوون و دوایش قه‌ڵه‌وی، كه بریتین لەمانەى خوارەوە:-
یەکەم- زۆرخواردن – واته هه‌م زۆرخۆری و هه‌م خواردنی زۆر له چه‌وری و شیرینی،لە وڵاتی خۆمان خەڵک زیاتر بە خواردنی برنج و نان و شیرینیەکان قەڵەو دەبن.
دووەم- هۆكارێکى دیکە بۆ قەڵەوی ناڕێكی له سیسته‌می خواردنه، واته كه‌سه‌كه له‌وانه‌یه زۆر نه‌خوات، به‌ڵام به‌ناڕێكی نان ئه‌خوات بۆ نموونه نانی به‌یانیان ناخوات، كه زۆر پێویسته بۆ رێكخستنه‌وه‌ی زینده چالاكیه‌كانی له‌ش و ڕێگه‌گرتن له قه‌ڵه‌وی، یان له نێوان ژه‌مه سه‌ره‌كیه‌كان زۆر شت ئه‌خوات وەکو شیرینی و کێک و شەربەت، یان ژه‌می خێرا، واته وجبه سریعه، و له‌فه زۆر ده‌خوات.
سێیەم- زۆربەی قه‌ڵه‌وی له‌م ساڵانه‌ی کۆتاى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هۆكاری سێه‌م، ئه‌ویش نه‌جووڵان و وه‌رزش نه‌كردنه، به‌داخه‌وه خه‌ڵك به‌كارهێنانێكی خراپ ده‌كات بۆ پێشكه‌وتنه ته‌كنەلۆجیاكانی سه‌رده‌م، له‌وانەش کەسێک هه‌موو كاتێك به ئۆتۆمبێل هاتوچۆ ده‌كات و ته‌نانه‌ت بۆ پیاسه‌ش به پێ ناگه‌رێ، بەرزکەرەوە به‌كارده‌هێنێ له‌جیاتی قادرمه، ته‌له‌فزیۆن و سه‌ته‌لایت و سپلیت و ته‌نانه‌ت پانكه‌ش هه‌ر له‌سه‌ر كورسیه‌كه‌ی خۆی به كۆنترۆڵ هه‌ڵ ئه‌كات، واته به‌هیچ شێوه‌یه‌ك وزه خەرج ناكات، له ئه‌نجامدا تووشی قه‌ڵه‌وی ده‌بێ.
ئایا هۆکارى دیکە هەیە بۆ قەڵەوى؟
هه‌ندێ هۆكاری تریش هه‌یه بۆ قه‌ڵه‌وی وه‌كو هۆكاری بۆماوه‌یی، واته ئه‌گه‌ر باوانی قه‌ڵه‌و بن، مناڵه‌كه‌ش ئه‌گه‌ری ١٠ جار زیاتری هه‌یه، كه قه‌ڵه‌و بێت، ئەمەش لەوانەیە پەیوەندی بە هۆکاری ـDNA ەوە هەبێت یان ئەوە بێت، کە مناڵەکەش چاو لە دایک و باوکی دەکات لە خواردن و نەجوڵانەوە.
چی نەخۆشییەک دەبێتە هۆى قەڵەوى؟
هه‌ندێ نه‌خۆشی هەن دەبنە هۆی قەڵەوی وه‌كو كه‌مبوونه‌وه‌ی ڕژێنی ده‌ره‌قی(غودەی تەمبەڵ) و نەخۆشی زۆربوونی هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ (کۆنیشانەی کوشینگ) و به‌كیسبوونی هیڵكه‌دان و خه‌مۆكی و هه‌ندێ نه‌خۆشی مێشكیش ده‌بنه هۆی قه‌ڵه‌وی، هه‌ندێ كه‌سیش دوای بێتاقه‌تی و خه‌م وخه‌فه‌ت یان به‌هۆی هه‌ست كردن به كه‌می و دڵه‌ڕاوكیی، زۆر ده‌خۆن و تووشی قه‌ڵه‌وی ده‌بن.
به‌كارهێنانی هه‌ندێ ده‌رمانی وه‌كو ستیرۆید و ده‌رمانی دژی خه‌مۆكی و حه‌بی مه‌نع له‌وانه‌یه ببێته هۆی قه‌ڵه‌وی.
ئ.م
Comments are closed.