وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ هاتە عێراق و هەرێمی کوردستان؟

وەزیری بەرگری ئەمریکا ئەمڕۆ بە سەردانێکی پێشتر ڕانەگەیەندراو گەیشتە عێراق و هەرێمی کوردستان گفتوگۆی مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق کرد و داوای کرد هەرێمی کوردستان رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق  بکات.

بەیانی ئەمڕۆ لوید ئۆستن بەسەردانێک گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوەوە و دواتریش ڕوی لە هەریمی کوردستان کرد و لەگەڵ نێجیرڤان بارزانی سەرۆکی هەریمی کوردستان کۆبونەوەی ئەنجامدا.

سەردانەکەی ئوستن دوای ١٢ ساڵ لە سەرکردایەتیکردنی دوایین کەتیبەکانی ئەمریکا لە دەرەوەی ئەمریکا دێت، کە دواین جار وەک وەزیری بەرگری سەر پەرشتی ئەو هێزانەی کردووە.

دوای دیداری لەگەڵ سودانی وەزیری بەگری ئەمریکا ڕایگەیاند: ئەو دوو هەزار و ٥٠٠ سەربازەی ئێستا لە عیراقدان لە سەر فەرمانی عێراق بۆ شکستپێهێنانی داعش ئامادەن بۆ مانەوە.

وەزیرە ئەمریکییەکە وتیشی: ئەم هێزانە بەشێوەیەکی ڕاویژکارانە و هاوکاری ڕۆڵی پاڵپشتی لە شەڕی دژی تیرۆر بە سەرۆکایەتی عێراق کاردەکەن.

هەر لە بارەی سەردانەکەی ئوستنەوە نووسینگەی سودانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سەرۆکوەزیران بەدوای ڕێبازێکی هاوسەنگدا دەگەڕێت بۆ پەیوەندییە هەریمی و نێودەوڵەتییەکان ئەوش لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و ڕێزگرتن لە سەروەری.

لە نوسینگەی سودانیدا هاتووە: سەقامگیریی عێراق کلیلی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەیە و

ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٠دا بوونی هێزەکانی لە عێراق بۆ نیوە کەمکردەوە، ئەوانەشی کەمانەوە ڕۆڵی ڕاوێژکاری فەرماندەییان پێدرا، چونکە بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژەیان بە پێشکەوتنەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کرد لە بەرەنگاربوونەوەی چەتەکانی داعش.

لە ساڵی ٢٠٢١ بەرپرسانی ئەمریکا و عێراق کۆتایی هاتنی ئەرکی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکایان لە عێراق ڕاگەیاند. ئەم هەنگاوە بە شێوەیەکی بەرفراوان بە مەبەستی کەمکردنەوەی فشارە سیاسییە ناوخۆییەکان بوو بۆ سەر مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتە.

هەرچەندە سەربازانی ئەمریکا، بەتایبەتی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت، بەردەوامن لە هاوکاریکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن ئەوان پێشەنگایەتی ئەو ئۆپەراسیۆنانە ناکەن.

بەگوێرەی ئەو ژمارانەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا بڵاویان کردۆتەوە، تەنیا لە مانگی شوباتدا، کارمەندانی سەربازیی ئەمریکا لە ٣٣ هێرشدا بۆ سەر چەتەکانی داعش پشتیوانی هێزە ئەمنییەکانی عێراقیان کردووە.

ئۆستن دوای کۆبوونەوەکانی بەغدا بەرەو هەولێر بەڕێکەوت بۆ ئەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە.

دوای کۆبونەوەکەشیان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا نێجیرڤان بارزانی ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا، جەختیان لە چارەسەرکردنی ناکۆکییە نێوخۆیییەکانی هەرێمی کوردستان و کێشەکانی بەغدا کردووەتەوە.

بارزانی وتیشی: دڵنیامان کردەوە کە سوورین لەسەر رێکخستنەوەی پێشمەرگە و تەگەرەکانی بەردەمیان تێدەپەڕێنین، هەروەها لە هەوڵەکانمان بەردەوامدەبین بۆ یەکڕیزی و چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان. هاوڕابووین کە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا ئارامی و سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی و ئابووری بۆ عێراق لەگەڵ خۆیدا دێنێت.

هاوکات لۆید ئۆستن وتی “بۆ ئەوەی وڵاتی عێراق بە توانای تەواوی خۆی بگات؛ پێویستە هەولێر و بەغدا پێکەوە کاربکەن لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکاندا. هەروەها پێویستە سەرکردەکانی کورد ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و یەکبگرن بۆ بونیادنانی هەرێمێکی سەلامەت و خۆشگوزەرانی کوردستانی عێراق”.

ئۆستن پێشتر لە ٢٠١٠ تا ٢٠١١ فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا بووە لە عێراق و دواتریش لە سەردەمی ئیدارەی دووەمی باراک ئۆبامادا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەو وڵاتە بووە و سەرپەرشتیی هێزەکانی ئەمریکای کردووە لە شەڕی دژی داعش لە عێراق و سووریا.

ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا، لە ساڵی ٢٠١٤وە یەک ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ مەشقپێکردنی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان تەرخانکردووە و دوو ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلاریشی بۆ باشکردنی رەوشی مرۆیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان خەرجکردووە.

دوای سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، وەزیری بەرگری ئەمریکا دەچێتەوە و ئوردن دواتریش دەچێتە میسر و ئیسرائیل، پێشتریش هەر لە ئوردنەوە سەردانی عێراقی کردبوو.

ها-ع

Comments are closed.