ژمارەیەک خۆپیشادەر بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی گازی ژەهراوی لە ئێران دەستگیرکران

دوای سێ مانگ لە بڵاوبونەوەی ژەهر لە نێو قوتابخانەکانی کچان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، حکومەتی ئێران ژمارەیەک خۆپیشاندەری بەو تۆمەتە دەستگیرکرد.

ماوەی سێ مانگە بە بەردەوامی و لە ناوچە و شارە جیاوازەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە قوتابخانەکانی کچاندا گازی ژەهراوی بڵاو دەبێتەوە و ئەمڕۆ مەجید میر ئەحمەدی، جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران بە تەلەفزیۆنی فەرمی  وڵاتەکەی ڕاگەیاند، بە پشتبەستن بەو لێکۆڵینەوەیانەی کە لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانەوە ئەنجامدراون چەند کەسێک لە پێنج شاری جیاواز دەستگیرکران.

هەرچەندە هیچ وردەکاریەکی لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەوە ئاشکرا نەکرد، بەڵام دوای ئەو لێدوانە لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاند، دەزگاکانی ئاسایش و هەواڵگری توانیویانە ئەو کەسانە ئاشکرا بکەن کە لە ٦ پارێزگادا دەستگیرکراون کە هەریەکە لە پارێزگاکانی خوزستان، ئورمییە، فارس، کرماشان، خوراسان و ئەلبور بوون.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، سێ لەوانە تۆمارێکی دادوەری خراپیان هەیە و دەڵێت بەشداربون لە خۆپیشاندانەکانی ماوەی ڕابردووی وڵاتەکەدا.

ئەوەشی وتووە ئەو کەسانە بە ئامانجی توڕەکردنی خەڵک ئەو کارەیان کردوە و دوای بڵاوکردنەوەی گازە ژەهراوییەکان وینەیان گرتوە و بۆ میدیا نەیارەکانی ئێرانیان ناردووە.

عەلی خامنەی، ڕۆژی دووشەممە داوای لە سەپاندنی “سزای توند” لە دژی ئەو کەسانە کرد کە بەشدارییان لە زنجیرە ڕووداوەکانی ژەهراویبوونی گازدا کردوە.

بە گوێرەی ئاماری ڕیکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران تا ئێستا زیاتر لە ٥٠ شاری جیاوازی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە نیو قوتابخانەکانی کجاندا گازی ژەهراوی بڵاوبوەتەوە جگە لەوەش  محەمەد حەسەن ئەسفەری، ئەندامی لیژنەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان کە بەرپرسی لێکۆڵینەوەیە لە حاڵەتەکانی ژەهراویبووندا، وتی کە بە گشتی، زیاتر لە پێنج هەزار خوێندکار زیانیان بەرکەوتووە.

هەر لە بارەی ئەم پرسەوە کارین جێن پیێر، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند: ئەگەر ئەم ئۆپەراسیۆنە ژەهراویبوونانە پەیوەندییان بە بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکاندا هەبێت، ئەوا لێکۆڵینەوەکە لە دەسەڵاتەکانی ئەرکی نێودەوڵەتی سەربەخۆی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ لێکۆڵینەوە لە راستییەکانی ئێران.

هەفتەی رابردوو کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای “لێکۆڵینەوەی شەفاف”ی کرد بۆ بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانی.

ها-ع

Comments are closed.