ڕۆژنیوز- ناوەندى هەواڵەکان
دکتۆر بڕیار سەباح دەڵێت، کەمبوونەوەی بەرگری جەستە ئەبێتە هۆکارێک بۆ تووش بوون بە جۆرە جیاوازەکانی هەوکردن وەک هەوکردنی بەکتریایی و ڤایرۆسی و کەڕوویی، دەشڵێت، زیادبوونی تەمەن بە تایبەت لەدوای تەمەنی ٦٥ ساڵیەوە یەکێکە لە هۆکارەکانى کەمبونەوەى بەرگرى جەستە.
دکتۆر بڕیار سەباح، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن، لە نوسینێکدا ئاماژە بە سیستمی بەرگری جەستە (مەناعە) و هۆکارەکانى کەمبونەوە بەرگرى لە جەستە دەکات و دەقەکەى بەمجۆرەیە:-
کەمبوونەوەی بەرگری جەستە ئەبێتە هۆکارێک بۆ تووش بوون بە جۆرە جیاوازەکانی هەوکردن وەک هەوکردنی بەکتریایی و ڤایرۆسی و کەڕوویی یان هەندێک جار تێکچوونی بەرگری جەستە ئەبێتە هۆی تووش بوون بە هەندێک جۆری شێرپەنجە یان هەندێک نەخۆشی دیکە.
مەبەستم لەکەمبوونەوەی بەرگری جەستە چیە؟
بە دوو شێواز ڕوودەدات :-
١- کەمبوونەوەی ژمارەی خانەکانی کۆئەندامی بەرگری جەستە.
٢- تێکچوونی کارکردنی خانەکانی بەرگری جەستە.
هۆکارەکانى کەمبونەوەى بەرگرى لە جەستە چین ؟
١- هۆکاری جینی -هەندێک نەخۆشی جینی هەیە، کە هەر لە دایکبوونەوە کەسەکە بەرگری لەشی کەمە و زوو زوو تووشی هەوکردن دەبێت.
٢- هەندێک نەخۆشی هەوکردن یان درێژخایەن وەک – نەخۆشی شەکرە و نەخۆشی ئایدز.
٣- هەندێک جۆری دەرمان وەک – ستیرۆیدەکان و چارەسەری کیمیاوی و هەندێک چارەسەری تر کە بەرگری جەستە دادەبەزێنن.
٤- هەندێک هۆکاری ژینگەیی وەک هەندێک ماددەی کیمیاوی.
٥- زیادبوونی تەمەن بە تایبەت لەدوای تەمەنی ٦٥ ساڵیەوە یەکێکی ترە لە هۆکارەکان.
٦- لە منداڵیشدا هۆکارەکە ئەوەیە هێشتا کۆئەندامی بەرگری جەستە بە تەواوی گەشەی نەکردوە لەگەڵ هەندێک هۆکاری دیکە.
٧-کەمی خواردنی هەندێک خۆراک، کە ئەمەش دەبێتە هۆی کەمی هەندێک ڤیتامین لە جەستەدا.
٨- نەبوونی جووڵە و وەرزش کردن لە ژیانی ڕۆژانەدا و هەروەها خەوی ناڕێک و کەم وە هەروەها بوونی سترێسێکی زۆری ڕۆژانە – هەندێک لە توێژینەوەکان باس لەم هۆکارانەش دەکەن بۆ کەمی بەرگری جەستە.
ئ.م
Comments are closed.