دادگای نێودەوڵەتی لێکۆڵێنەوە لە تاوانەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکات

ڕۆژنیوز-ناوەندی هەواڵەکان

لیژنەیەک لە پسپۆڕانی یاسایی ئەوروپی دەستییان کردووە بە کۆکردنەوەی بەڵگە لەسەر ئەشکەنجەدان و ڕفاندن و زیندانیکردنی هەڵەی ٢٠٠ هەزار هاوڵاتی کە هەموویان لەلایەن حکومەتی تورکیا و خودی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەنجام دراون، بڕیارە ڕۆژی چوارشەمە دۆسییەکان پێشکەشی داواکاری گشتی دادگای نێودەوڵەتی بکرێت لە لاهای.

بەرپرسانی تورکیا چەندین تاوانییان لە دژی سەدەها هەزار نەیاری ئەردۆغان ئەنجام داوە، تاوانەکان بەشێوەیەکی ڕێکخراو و فراوان ئەنجام دراون، لە دژی هەموو جۆرە کەسانێک، هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئەم داوایە ئاڕاستەی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بکرێت.

سەرەڕای ئەوەى کە تورکیا واژووی لەسەر دامەزراندنی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان نەکردوە، بەڵام دادگای لێکۆڵینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە نوسینگەی خۆی لە تورکیا کە لە ساڵی ٢٠٢٠ دا کردەوە، نوێنەرایەتى لە ڕێگای چەند یاساناس و گرووپی مافی مرۆڤ بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەو گەواهی دامەزراوە و بەشێکە لە دادگای نێودەوڵەتی لاهای.

نوێنەرایەتی دادگاکە لە تورکیا ڕایگەیاند: هەندێک لەو تاوانانە لە ٤٥ دەوڵەتی ئەندامی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامدراوە، بەجۆرێک تورکیا لە دەرەوەی سنورەکانی خۆشی شوێن ئەو کەسانە کەوتووە، هەر بۆیە دۆسییەکە ڕادەستی دادگای سەرەکی دەکرێت.

لە دۆسییەکەدا کە ڕادەستی دادگای نێودەوڵەتی کراوە، ١٧ حاڵەتی ڕفاندنی دەرەوەی سنووری تێدایە کە قوربانییەکان لە وڵاتانی کینیا و کەمبۆدیا و گابۆن و ئەلبانیا و بوڵغاریا و مۆلدۆڤا و مەنگۆلیا و سویسرا بوون، قوربانییەکان ڕەوانەی تورکیا کراونەتەوە.

قوربانییەکان پەیوەندییان هەبووە بەو لایەنانەی کە دەوڵەتى تورک بە نەیارو دوژمنى خۆی دەزانێت.

نوێنەرایەتى دادگای نێودەوڵەتى لە تورکیا نموونەیەکى ئەو کردەوەیەی دەوڵەتى تورکی هێناوەتەوەو باسی لەوە کردوە، لە ١٤ ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ عوسمان کاراجا لە کاتی سەردانکردنی یەکێک لە بانکەکانی بنۆم بنە لە کەمبۆدیا لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە دەستگیر کرا کە وا دەردەکەوت کەسەکان پۆلیسی کەمبۆدی بن، بەڵام دواتر دەرکەوت کە دەزگای میت ئەو کارەیان کردووە.

لە دۆسییەکەی دادگای نێودەوڵەتیدا چەندین لێدوان بوونی هەیە لەسەر ئەشکەنجەدانی ٨٠٠ کەس، کە بە وردودرشت باسی شێوازی ئەشکەنجەدانەکان دەکەن.

تاکو ئێستا دەسەڵاتدارانى تورکیا لەسەر ئەم دۆسێیەیە هیچ لێدوان و ڕونکردنەوەیەکیان نەداوە.

یۆهان ڤاندی لانۆت جێگری پێشووی سەرۆک وەزیرانی بەلجیکاو مامۆستای زانکۆ لە بەشی یاسای مافی مرۆڤ، کە هاوکاری پێشکەشکردنی ئەم داوایە بووە بۆ دادگای لاهای وتی: پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد لەم کەیسە بکرێت، ئەگەرنا ئەوا بنچینەی سەرەکی جیهانی یاسای نێودەوڵەتی پێشێل کراوە.

ڤاندی لانووت وتیشی: تیمێکی نەتەوەیەکگرتووەکانمان ڕاسپاردووە سەرپەرشتی کەیسەکانی ڕفاندن بکەن کە لیژنەی مافی مرۆڤ پەیوەستە بە نەتەوەیەکگرتووەکانەوە، هەروەها دادگای ئەوروپا بۆ مافی مرۆڤ، تەنانەت دادگاکانی تورکیا لەسەر ئەم کەیسە هیچ هەنگاوێکییان نەنا بە ئاڕاستەی جێبەجێکردنی دادپەروەری، هەربۆیە ئەمە کۆتا هەلی بەدەستهێنانی دادپەروەرییە.

Comments are closed.