ڕۆژنیوز- سۆران
بەبۆنەی یادی ڕاپەرین و ڕۆژی جلی کوردییەوە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە بەشداری ناوەندە کەلتورییەکان و قوتابخانەکان فیستیڤاڵێک ئەنجامدرا و تیایدا چەندین گۆرانی و ئاوازی فۆلکۆری کوردی و کەلوپەلی کەلتوری کوردەواری نمایشکران.
بە ئامادەبوونی سەدان کەس، بۆ ڕێزگرتن لە یادی ڕاپەڕینی ڕواندز و سۆران و دەوروبەری و بەبۆنەی ڕۆژی جلی کوردییەوە، فێستیڤاڵێکی کەلتوری و هونەری ڕێکخرا، لەو فیستیڤاڵەدا و لەژێر ڕەشماڵی کوردەواریدا گۆرانی و هونەری ڕەسەنی کوردی پێشکەش کران و کەلوپەلە فۆلکلۆرییە کۆنەکانیش بە نەوەی نوێ ئاشنا کران.

هونەرمەندی میللی خاڵە سەروەر باقی، بەبۆنەی یادی ڕاپەڕینی سۆران و ڕواندز و ڕۆژی جلی کوردیەوە بۆ ڕۆژنیوز وتی: پیرۆزبایی ئەو یادە لە تەواوی گەلی کورد و خەڵکی ئیدارەی سۆران دەکەم، بەم بۆنەیەوە پێویستە کورد کەلتور و ڕەسەنایەتی خۆی بپارێزێت، چونکە دوژمنانمان هەمیشە هەوڵیانداوە جگە لە داگیرکردنی خاک و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەییمان، کەلتور و فەرهەنگیشمان لەناو ببەن، بەڵام ئێمە دەبێت ئەم کەلتوورە بپارێزین.
وتیشی بەبۆنەی ڕاپەرینی سۆران و ڕواندزەوە گۆرانی و ئاوازی ڕەسەن و کەلوپەلەی کەلتوری و فۆلکلۆری لەم فیستیڤاڵەدا نمایشکراون , ئەمەش وەک بەڵگەی مانەوەی کەلتور و ڕەسەنایەتی گەلی کورد.

ساهێل عەدنان، خوێندکاری قوتابخانەی دواناوەندی سۆرانی تێکەڵاو لە فیستیڤاڵەکەدا بەشدارە و سەرپەرشتی ڕەشماڵی قوتابخانەکەی دەکات کە لەگەڵ خوێندکارە هاوڕێکانیدا ژێر ڕەشماڵەکەیان بە دەیان کەلوپەلی کۆنی کوردەواری ڕزاندۆتەوە، ئەو دەڵێت ئێمە نمایشی ئەو کەلوپەلانە دەکەین کە لە کۆنەوە باو و باپیرانمان بەکاریانهێناوە و کەلتور و ڕەسەنایەتی نەتەوەی کوردن.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشیتاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پەیامێکدا داوا لە سەرکردایەتی کورد و سەرجەم حزب و لایەنە سیاسیەکان دەکات، یەکڕیزی و تەبایی ناو ماڵی کوردی بپارێزن و پێکەوە دەستکەوتەکان بپارێزین.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران وتیشی : هەموو کاتێک دوژمنانمان سوودیان لە ناڕێکی و نا یەکڕیزی نێو ماڵی کوردی وەرگرتوە، ئەوان پێیان خۆشە ئێمە ناتەبابین تا درز بخەنە نێوانمانەوە، بەڵام ئێستا کاتی ئەوەیە یادی ڕاپەڕین بکەینە هەوێنی ئاشتی و برایەتی و یەکگرتوویی تاکو رووبەڕووی ئەو ئاڵنگاریانە ببینەوە کەلەلایەن دوژمنانەوە بۆ نەتەوەکەمان درووست دەبن.
ها-ع
Comments are closed.