تاران گرێبەستی کڕینی فڕۆکەی سوخۆی-٣٥ لەگەڵ مۆسکۆ ئەنجام دەدات

رۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

ئێران گرێبەستێکی لەگەڵ ڕووسیا بۆ کڕینی فڕۆکەی شەڕکەری سوخۆی سو-٣٥ ڕاگەیاندووە، سەرەڕای هۆشداریی ئەمریکا سەبارەت بە هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ.

ئاژانسی هەواڵی ئیرنا بە گێڕانەوە لە نوێنەری ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند: دوای ئەوەی لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ قەدەغە (کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەپێنرابوو بۆ کڕینی چەکی ئاسایی هەڵگیرا، ئێران گرێبەستێکی بۆ کڕینی فڕۆکەی شەڕکەری سوخۆی SU-35 ئەنجامدا”.

ئاژانسەکە وردەکاری زیاتری لەبارەی گرێبەستەکەوە نەخستەڕوو، بەڵام ئێران و ڕووسیا ساڵانێکە بۆ ئەو مەبەستە لە گفتوگۆدان.

ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزای توند دەکات بەسەر هەر وڵاتێکدا کە مامەڵە لەگەڵ هێزەکانی ئێران بکات، بەتایبەتی سوپای پاسداران کە لە لیستی “رێکخراوە تیرۆریستییەکانی واشنتۆن”دایە.

هاوتەریب، واشنتۆن هۆشداری دەدات زیدبونی مەترسیدای هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا، لە کاتێکدا تاران تۆمەتبار دەکرێت بەوەی کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ مۆسکۆ دابین کردووە بۆ ئەوەی لە ئۆکراین بەکاری بهێنێت، بەڵشة ئێران ڕەتیدەکاتەوە.

ئیرنا ئاماژەی بەوەدا “فڕۆکە سوخۆی SU-35 لە ڕووی تەکنیکییەوە لەلایەن ئێرانەوە قبوڵکراوە و ڕووسیاش ڕایگەیاند کە ئامادەیە بیانفرۆشێت بە کۆماری ئیسلامی”.

محەممەد ڕەزا ئاشتیانی، وەزیری بەرگری ئێران ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاندبوو کە تاران “هێشتا بەدواداچوون بۆ کڕینی” فڕۆکەی سوخۆی SU-35 دەکات، بەڵام “هێشتا ئامێرەکانی وەرنەگرتووە”.

هێزی ئاسمانی ئێران خاوەنی نزیکەی 300 فڕۆکەی شەڕکەری ڕووسییە (میگ-29 و سو-25)، چینی (F-7)، ئەمریکی (F-4، F-5 و F-14) و فەرەنسی (Mirage F-1)، جگە لە فڕۆکەکانی ” ساعقە کە هاوشێوەی F-5 ئەمریکییە.

تاران و مۆسکۆ لە ساڵی ٢٠٠٧ گرێبەستێکیان بۆ ڕادەستکردنی سیستەمی مووشەکی دژە فڕۆکەی ئێس ٣٠٠ی ڕووسی بۆ ئێران ئەنجامدا، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٠دا مۆسکۆ فرۆشتنەکەی ڕاگرت وەک جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی کردبووە ئامانج.

لە ساڵی ٢٠١٥ و پاش ماوەیەکی کەم لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، دیسان مۆسکۆ ڕێگەی بە ڕادەستکردنی مووشەکی ئێس ٣٠٠ بۆ ئێران دا.

وەزارەتی بەرگری ئێران لە مانگی ئایاری ٢٠١٦ ڕایگەیاند کە ئێران “ئێستا خاوەنی سیستەمی ستراتیژی ئێس ٣٠٠”یە.

ها-ع

Comments are closed.