بە هەزاران ژن لە شاری زیورخی سویسرا ڕێپێوانیان ئەنجامدا

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان، بەهەزاران ژن لە شاری زیورخی سویسرا، ڕێپێوانێكیان ئەنجامدا و ڕایانگەیاند، لە ٨ی مارسەوە تا ١٤ی حوزەیران بەردەوام دەبن لە چالاكییەکانیان لە شەقام، هاوكات جارێكی دیكە بانگەوازیان بۆ چالاكیی نەتەوەیی ژنان كرد.

دوێنێ بە بۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژنان، بە بەشداری هەزاران ژن، ڕێپێوانێك لە شاری زیوریخی سویسرا بەڕێوەچوو.

لە ڕێپێوانەكەدا، ژنانی سویسرا، كوردستان، توركیا، ئێران و گەلانی دیكە بەشداربوون و پێش ڕێپێوانەكە بە ناوی ڕێكخراوەكانی ژنان ڕاگەیەندراوێك خوێندرایەوە.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، هەوڵدەدەن تێچووی ئەو قەیرانە داراییەی، كە سیستمی سەرمایەداری هۆكاریەتی، بخەنە ئەستۆی ژنان، ئەوەش بەبیر هێنرایەوە، بۆ ئەوەی نایەكسانی نێوان ژن و پیاو زیاتر بكەن، تەمەنی خانەنشینی ژنانیان لە ٦٤ ساڵەوە بۆ ٦٥ ساڵ بەرزكردووەتەوە و موچەی ژنانیش ٢٠% كەمترە لە موچەی پیاوان.

لە بەشێكی تری ڕاگەیەندراوەكەدا داوا كراوە، بەشداری لە چالاكیی نەتەوەیی ژنان بكرێت، هاوكات، لە ئەگەری جێبەجێ نەكردنی داواكارییەكانی ژنان، هۆشداری بە حكومەتی سویسرا و سیستمی سەرمایەداری دراوە.

لە ڕێپێوانەكەدا ژنانی كورد، بە پێشەنگایەتی یەكێتی ژنانی كوردی سویسرا (یەژەكە-س) بەشداری چالاكییەكەیان كرد و لە چوارچێوەی هەڵمەتی “لەگەڵ ژن، ژیان، ئازادی، بەرەو شۆڕشی ژنان هەنگاو دەنێین”، داواكارییەكانی خۆیان خستەڕوو.

لای خۆشیەوە ئۆزەن ئایتاچ، ڕاگەیەندراوەكەی تەژەكە-ئەوروپای خوێندەوە و دروشمی “ژن، ژیان، ئازادیی”ش وەك دروشمی سەرەكی ڕێپێوانەكە وترایەوە، هاوكات دژی ژەهراویكردنی كچە خوێندكارەكان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان ناڕەزاییەتیان دەربڕی.

دوای خوێندنەوەی ڕاگەیەندراوەكانیش بە وتنەوەی دروشم ڕێپێوانەكە بەردەوام بوو و دواتر پۆلیس هەوڵیدا بەشداربووانی ڕێپێوانەكە بوەستێنێت، بەڵام ژنان لە چالاكییەكەیان بەردەوام بوون.

ڕ.ڕ

Comments are closed.