كۆمەڵكوژیەکەى قامشلۆ بووە بناغەی شۆڕشی ڕۆژئاوای كوردستان

كۆمەڵكوژی قامشلۆ لە سەدەی نوێدا حەقیقەتی دڕندەیی دوژمنانی كوردی دووپاتكردەوە و كوردی لە ڕۆژئاوای كوردستان گەیاندە ئەو بڕوایەی، كە تەنها گەیشتن بە خۆبەڕێوەبەری دیموكراتیك ڕێگای ڕزگاربوونە.

 دوای ساڵانێك لە بەرخۆدان و خەباتی بێ نەپسان، شۆڕشی ڕۆژئاوا بەرپاكرا و كورد و گەلی ڕۆژئاوای كوردستان، لە ژێر چەتری خۆبەڕێوبەریدا تەپڵی سەركەوتنیان لێدا.

لە ١٢ی ئازاری ساڵی ٢٠٠٤دا، ڕژیمی بەعسی سوریا و عەرەبە شۆڤێنییەکان، لە یاریگای قامیشلۆ، کۆمەڵکوژییەکیان بەسەر کورددا هێنا، کە بووە هۆی ڕاپەڕینی گەل و تا شۆڕشی ساڵی ٢٠١١ دانەمرکایەوە ‌و شۆڕشی ڕۆژئاوا، بە بنەماگرتنی پێکەوەژیان و برایەتیی گەلان لەژێر سیستمی نەتەوەی دیموکراتدا، وەڵامی شۆڤێنیی عەرەبی بەعسی سووریای دایەوە.

بە هاتنە سەر دەسەڵاتی بەعسی سووریا لە هەشتی مارسی ١٩٦٣دا، کە بە پشتیوانیی حیزبی بەعسی عێراق لە دژی نازم قودسی سەرۆک کۆماری ئەو کاتی سووریا، کودەتا کرا، نەتەوەپەرستەكانی سووریا، دەسەڵاتی سیاسی و سەربازیی ئەو وڵاتەیان گرتەدەست، کۆماری سووریا گۆڕرا بۆ کۆماری عەرەبی و زمانی فەرمیی ئەو وڵاتە کرایە زمانی عەرەبی.

لەگەڵ سیاسەتی بە یەکڕەنگکردنی سووریا، هەوڵ بۆ سڕینەوەی ئەتنیکییەکانی دیکە دەستیپێکرد، لەو نێوانەشدا گەلی کورد وەک گەلێکی سەرەکی لە سووریا، کەوتە بەر لێشاوی سڕینەوەی کلتووریی و جەستەییەوە ‌و لە بەردەوامیی ئەو هەوڵانەدا، سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافیا و بە عەرەبکردن (تعریب) لە ڕۆژئاوای کوردستان، دەستی پێکرد و کوردان لە سەر خاکی خۆیان بە زۆرەملێ کۆچیان پێکرا و عەرەبی هاوردە لە سەر خاکی کوردان جێگرکران.

سیاسەتی بەعەرەبکردنی هەرێمەکە لە ساڵای ١٩٦٥ دەرکەوت و لە ساڵی ١٩٧٣دا بەفەرمی دەستیپێکرد، لە شاری دێرکی هەرێمی جزیرەوە هەتا شاری گرێسپی لە هەرێمی فورات، دەستی پێکرد و پشتێنێکی عەرەبی لەسەر بە پیتترین خاکی کشتوکاڵی ڕۆژئاوای کوردستان دروست كرا، هۆزی مەغموری عەرەبی پارێزگای ڕەقا لە شوێنیان جێگر کران، بەو شێوازە حکومەتی سووریا، دەستی بەسەر خاکی کورداندا گرت و بەخشییە عەرەبە هاوردەکراوەکان.

ڕژێمی بەعسی سووریا زمان و هەموو جۆرە بۆنەیەکی نەتەوەیی کوردی قەدەغە کرد و ناسنامەی سووریی بە کوردان نەدەدرا و کوردان لە سووریا، بێ ناسنامە کران، بەعسی سووری، هەر بەوەشەوە نەوەستا و بە مەبەستی پەرەدان بە شۆڤێنیزمی عەرەبی، هەوڵی بۆ قووڵترکردنەوەی ناکۆکیی نێوان کوردان و عەرەبە هاوردەکراوەکان دەدا لە ڕۆژئاوای کوردستان.

کوردان لە دژی سیاسەتی بەعەرەبکردن و داگیرکردنی خاکی خۆیان بێ دەنگ نەبوون و گەلێک بەرخۆدانییان کرد و ڕووبەڕووی ڕژێمی بەعس بوونەوە، بەڵام توندی وەڵام درانەوە و بە سەدان کورد شەهید کران و دەستگیر کران، لە ئەنجامدا بە زەبری هێز، ڕژیمی بەعس بە تەواوەتی سیاسەتی بەعەرەبکردنی هەرێمە کوردییەکانی جێبەجێ کرد.

ئەم سیاسەتە شۆڤێنییە لە ١٢ی ئازاری ساڵی ٢٠٠٤دا لە کاتی یاریی تۆپی پێی هەردوو تیمی قامشلۆ و دێرەزووردا، تەقییەوە و لەلایەن چەکدارەکانی بەعس و عەرەبە شۆڤێنییەکانەوە، هێرش کرایە سەر کوردان ‌و لە ئەنجامدا ١١ کەس لە وەرزشگای قامشلۆ کۆمەڵکوژ کران ‌و لە دژی ئەم کۆمەڵکوژییەیش لە سەرتاسەری ڕۆژئاوای کوردستان خۆپیشاندان كرا ‌و لەو ماوەیەشدا زیاتر لە ٤٠ هاوڵاتی کورد شەهید بوون و زیاتر لە پێنج هەزار کەسیش دەستگیر کران.

ڕاپەڕینی گەل کە لە ساڵی ٢٠٠٤ ەوە دەستیپێکرد، هەتا ساڵی ٢٠١١ و بەهاری گەلان لە وڵاتانی عەرەبی دانەمرکایەوە، لە ساڵی ٢٠١٢ وەرچەرخایە شۆڕشێکی گەورەی گەل لە ڕۆژئاوای کوردستان لە دژی دەسەڵاتی شۆڤێنیی بەعسی سووریا ‌و گەل توانی هەموو شارەکانی ڕۆژئاوا لە ژێر دەستی ڕژیمی بەعسدا ڕزگار بكەن و بیانخەنە ژێر دەستی خۆیانەوە.

دوای ماوەیەكی كەم بە پێشەنگایەتی گەلی کورد، چەترێکی گەورەی سیاسی و سەربازی لە سەرجەم گەل و پێکهاتەکانی ڕۆژئاوا، دروستکرا و بەو پێیەش لە ساڵی ٢٠١٤دا خۆبەڕێوبەری دیموکراتی گەل، دامەزرا کە پێکهاتبوو لە سەرجەم ڕەنگ ‌و ئەتنیک و ئایینییەکانی ڕۆژئاوا.

دروستکردنی سیستمێک لەسەر بناغەی نەتەوەی دیموکراتیک کە سەرجەم گەلان و ڕەنگەکان لە ناو خۆیدا کۆ بکاتەوە، بوو بە وەڵامێک بۆ شۆڤێنیزمی عەرەبی کە نکۆڵیی لە مافی گەلان و ڕەنگەکانی دیکە دەکرد و ڕەنگی عەرەبی بەسەر ڕەنگەکانی دیکەدا زاڵ کردبوو، هاوکات بووە هۆکارێکی سەرەکی بۆ ڕووخانی شۆڤێنیەتی بەعس لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و سەرکەوتنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە ڕۆژئاوای کوردستان.

هـ.ح

Comments are closed.