ئەحمەد قەرەمووس: گەیشتینە ئامانجی خۆمان لەئاستێکی باڵادا

 بۆتان گەرمیانی

هاوسەرۆکی گشتی کەنەکە ئەحمەد قەرەمووس ڕایدەگەیەنێت، سەردان و کۆبوونەوەکانمان لە باشووری کوردستان کۆتاییهات، ئێمە گەشتینە مەبەست و ئامانجی خۆمان، هەموو لایەک بە هەڵوێستێکی ئەرێنی  زۆر باش لەئاستێکی باڵادا پشتگیری خۆیان نیشانداوە، بانگەوازی ئەوەش دەکات، جەژنی نەورۆز بکەن بە جەژنی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی هەموو کورد.

دیدار و چاوپێکەوتنەکانی، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە لەگەڵ کەسی یەکەمی حزبەکان و لایەنە سیاسی و کەسایەتییە دیارەکانی باشووری کوردستان، بەبۆنەی نزیكبوونەوە ١٠٠ ساڵەی ئیمزاكردنی پەیماننامەی لۆزان، کۆتاییهات و لەم بارەیەوە، ئەحمەد قەرەمووس هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان_کەنەکە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

لەبارەی دیدارەکانیانەوە وتی: کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنەکانمان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکان لە باشووری کوردستان بەرەو کۆتایی دەڕوات، ئێمە بە بەرنامە و پلان و ئامانجێکی دیاریکراوەوە هاتین، کە ئەویش یەک وتاری و یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی هێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکانە لە سەد ساڵەی لۆزاندا، بۆ ئەمەش لە ئاستی باڵادا لەگەڵیان کۆبووینەوە، بۆ ئەوەی ببینە وەڵامگۆ بۆ جیهان و ببینە ناسنامە و دەنگی کورد.

هەروەها لەبارەی ئەنجامی دیدارەکانەوە دەڵێت: سەبارەت بەو زنجیرە چالاکییەی کە لە شەش مانگی ئەمساڵدا ئەنجام دەدرێت دژ بە پەیماننامەی لۆزان لەگەڵ کۆنفرانسی شاری لۆزان، هەموو لایەک بەبێ جیاوازی کە سەردانمان کردوون و کۆبوونەوەمان ئەنجامداوە لەگەڵیان، بە هەڵوێستێکی ئەرینی زۆر باش لەئاستێکی باڵادا پشتگیری خۆیان نیشانداوە و بەشداربوونیان ڕاگەیاندووە و پیرۆزیان کردووە، لەبەر ئەمەش ئێمە وەک شاندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە باشووری کوردستان، گەیشتینە مەبەست و ئامانج ی خۆمان، لەوەش گرنگتر ئەنجامی چالاکییەکانمانە لە داهاتوودا.

وتیشی: ئێمە دڵنیاین ئەو هەڵوێستەی کە نیشاندراوە لە کۆنفڕانسی سەدساڵەی لۆزاندا ڕەنگ دەداتەوە، دەنگی گەلی خۆمان، هەڵوێستی خۆمان لەگەڵ داواکاریی و پرۆژەکەمان وەک کورد بە جیهان دەگەیەنین.

هەروەها بەبۆنەی نزیکبوونەوەی جەژنی نەورۆزەوە وتی: ئەمساڵ لە بارودۆخێکی تایبەتدا جەژنی نەورۆز پیرۆزدەکەن، بەهۆی بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، کە بە دەیان هەزار کەس گیانیانلەدەستدا و هەزارانی دیکەش تەرمەکانیان لەژێر داروپەردووی بیناکاندا ماوە و کاریگەری لە ملیۆنان کەس کردووە، بەوهۆیەوە گەلەکەمان خەمبارە، نەورۆز بۆ ئێمە تەنها کەیف و شایی نییە، بەڵکو وەک جەژنی بەرخۆدان و سەرهەڵدان و تێکۆشانە، دەبێت لەم ڕۆژەدا کورد خاوەنداریتی لە کەلتوور و ناسنامە و خاک و نەتەوە و هەموو شوناسێکی خۆی بکات، ئێمە بەمجۆرە پیرۆزی دەکەین، وێڕای هەموو کارەسات و خەمەکانمان دەبێت نەورزۆ پیرۆز بکەین.

وتیشی: کارەساتێکی گەورەمان بەسەردا هات، دەبێت هەڵوێستمان لە ئاست ئەو کارەسات و قوربانییە گەورەدابێت، لەم نەورۆزەدا هەموو گەلی کورد بەبێ جیاوازی، سیاسی و ئیدۆلۆژی، پێکەوە شان بە شانی یەک، نەورۆزی ٢٠٢٣پیرۆز بکەین، ئەمە لەپێناو گەلەکەمان و شەهیدان و هەموو ئەو کەسانەدایە، کە گیانی خۆیان بەخشیوە.

لەکۆتاییشدا بانگەوازییەکی کرد و تی: دەبێت ئێمەی کورد، هەموومان بەهەستێکی نیشتمانییەوە پەیامی سیاسی خۆمان بە یەکڕیزی و یەکدەنگی بگەیەنین لە پیرۆزکردنی نەورۆزدا، ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، داوا لە هەموو پارت و ڕێکخراو و هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەیەن لەژێر ئەم دروشم و پەیامەدا نەورۆز پێکەوە پیرۆز بکەین.

هـ.ح

Comments are closed.