بەسەرهاتی ئەو ژنەی دوای ئازادبوونی هەموو شوێنێكی لێبووەتە زیندان

ژنێكی گەنج، كە لە خۆپیشاندانەكانی سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادیی”، لە شاری ئەهوازی ئێران بە برینداری دەستگیر كرا، سەرباری ئازادبوونی، هەموو شوێنێكی لێبووەتە زیندان و باس لەوەدەكات، لە سەر شەقام هێرشی كراوەتەسەر و برینداركراوە و ئێستاش ژیانی خۆی و بنەماڵەكەی لە مەترسیدایە.

مەحبوبە موسەوی، یەكێكە لەو سەدان ژنەی، كە لە سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادیی” لە ئەنجامی توندوتیژی هێزەكانی سەر بە دەسەڵات برینداربوون و دەستگیركراون و ڕووبەڕووی ئەشكەنجە و دۆخێكی دژواری جەستەیی و دەروونی بوونەتەوە.

مەحبوبە، لە ١١ی كانونی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٢، لە میانی خۆپیشاندانەكانی ئەهواز بە گولـلەی ساچمەیی بریندار كرا و دواتر لەلایەن هێزەكانی سەر بە دەوڵەتی ئێران ڕفێندرا.

دوای نزیكەی دوو مانگ مانەوە لە زیندان، لە ٧ی شوباتی ئەمساڵدا ئازاد كرا، بەڵام بە هۆی مەترسی ئەمنی لە سەر ژیانی خۆی و بنەماڵەكەی، تا ڕۆژی ١١ی ئادار، هەواڵی ئازادبوونی ڕانەگەیاندووە.

ئەوەی وایلێكردووە بێدەنگییەكەی بشكێنێت، بەردەوامی هێرش و هەڕەشەكان بووە لەسەری و وەك خۆی دەڵێت: ٢٥ی شوبات لە سەر شەقام، كەسێكی نەناسراو، بە سوار ماتۆڕسكیلێكی بێ ژمارەوە هێرشی كردووەتە سەر و لە ئەنجامدا سەری بەر شۆستە كەوتووە و برینداربووە.

مەحبوبە لە درێژەدا دەڵێت: دوای ئاگاداركردنەوەی پارێزەرەكەی لەو ڕووداوە، پارێزەرەكەی داوای لێكردووە بێدەنگ بێت و باس لە ڕووداوە نەكات.

ئەو ژنە خۆپیشاندەرە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، لەدوای ئازادبوونیەوە كارەكەی لەدەستداوە، بڕوانامەی خوێندنەكەی پوچەڵكراوەتەوە و هەژماری بانكییەكەشی بەتاڵ كراوەتەوە و تێچوویەكی زۆریشی تەرخان كردووە بۆ چارەسەركردنی برینەكانی و شوێنەواری برینەكان لە سەر جەستەیی و هەروەها بە هۆی مەترسییەكانیشەوە ناچار بووە ماڵەكەی بگوازتەوە و ژمارە تەلەفونەكانی بگۆڕێت.

هاوكات لە بەشێك لە نووسینێكدا، كە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە، كە لەئێستادا زۆر پەشیمانە لەوەی هەوڵی داوە شوێنەواری برینەكانی بسڕێتەوە، چونكە برینەكانی سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادیی” گەورەترین دەستكەوتی ژیانی ئەون.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەئێستادا ژیانی خۆی و بنەماڵەكەی لە مەترسیدایە.

لە ماوەی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادییدا، كە لە دوای كوژرانی كچە كورد ژینا ئەمینی، لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەستیپێكرد، نزیكەی ٧٠ ژن، گیانیان لەدەستداوە و سەدان ژنی دیكەش بریندار و كەمئەندامبوون و هەروەها ژمارەیەكی بەرچاویش دەستگیركراون.

بەشێك لە دەستگیركراوان، بە هۆی ئەشكەنجەی قورسی جەستەیی و دەرونیی و بەتایبەتی دەستدرێژی و گێچەڵی سێكسی دوای ئازادبوونیان كۆتاییان بە ژیانیان هێناوە.

ڕ.ڕ

Comments are closed.