ئایا نەخۆشی دەروونی دەبێتە هۆی لەدەستدانی توانای ژیری؟

ناوەندى هەواڵەکان

دکتۆر جەعفەر عومەر دەڵێت، ئەو نەخۆشییە دەروونیانەى دەبنە هۆى تێکچوونى ژیرى بە گشتی بریتین لە نەخۆشی شیزۆفرینیا، مانیا، بیرکۆڵی، کە لەمنداڵییەوە هەیە و خەڵەفان، کە لە پیریدا رودەدات توانای ژیریان نامێنێت، بەڵام خەمۆکی، قەلەقی، رارایی، بێخەوی، نەخۆشییەکانی پاش فشار، توانای عەقڵی و ژیرییان هیچ کێشیەکی نییە.

دکتۆر جەعفەر عومەر، پزیشکی پسپۆری دەروونی، لە نوسینێکدا ئاماژەبەوەدەکات، ئایا نەخۆشی دەرونی دەبێتە هۆی لەدەستدانی توانای ژیری و ئەو کەسانە کێن ژیرى لەدەست دەدەن، کە دەقى نوسینەکەى بەمجۆرەیە:-

یەکێک لەو کێشە و گرفتە گەورانەی، کە بووەتە لەکە و عەیبە بەسەر نەخۆشانی دەرونییەوە بریتییە لەوەی خەڵکی پێیانوایە هەرکەس توشی نەخۆشی دەروونی بوو ئەوە مانای وایە توانا ژیرییەکانی لەدەستداوە، وەک ئەوەی خەڵکی تێنەگەیشتوو راستەوخۆ دەڵێن، “شێت بووە”، ئەمەش وادەکات خەڵکێکی زۆر، کە نەخۆشی دەرونی هەیە شەرم بکات سەردانی پزیشکی دەرونی بکات و چارەسەر وەربگرێت و دەرئەنجامیش دەبێتە هۆی خراپتربوونی تەندروستی کەسەکە.

ئەو نەخۆشیانە کامانەن، کە بەهۆیەوە تواناى ژیرى لەدەستدەدرێت؟

یەکەم- بەشێکی کەمی نەخۆشیە دەروونییەکان کێشەی بیرکردنەوە و تێکچونی ژیریان ھەیە و ئەو نەخۆشییانەش بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، بە گشتیش بریتین لە نەخۆشی شیزۆفرینیا و مانیا.

دووەم- هەروەها نەخۆشی بیرکۆڵی، کە لەمنداڵییەوە هەیە و نەخۆشی خەڵەفان، کە لە پیریدا ڕوودەدات توانای ژیری و عەقڵیان نامێنێت.

کام نەخۆشییە دەرونیانە نابنە هۆى لەدەستدانى ژیرى؟

چەندین نەخۆشی دیکەى وەک، خەمۆکی، قەلەقی، تۆقین، ترس، رارایی، بێخەوی، نەخۆشییە خۆراکی و نەخۆشییەکانی پاش فشار، توانای عەقڵی و ژیرییان هیچ کێشیەکی نییە.

ئەم نوسینە بۆئەوەیە کەسانی تێنەگەیشتوو تێبگەن چەند هەڵەن، کە پێیانوایە کەسێک توشی نەخۆشی دەرونی ببێت توانای عەقڵی نەماوە.

ئ.م

Comments are closed.