ژنان باس لە ئاستی ئازادییەکانیان لە کۆمەڵگەدا دەکەن

سیما ڕەزا

ژنان پێیان وایە کۆمەڵگە تاڕادەیەک هۆشیارتربووەتەوە بەرامبەر مافەکانیان،” بەڵام هێشتا ماوە کە ئازادی دروست بدرێتەوە بە ژنان” و پێویستە زیاتر کاربکەن بۆ سەلماندنی خۆیان و بەدەست خستنی ئازادیی.

ژنان پێیان وایە سەرباری ئەوەی دەستخستنی ئازادییەکانیان قۆناغێکی باشی بڕیوە، بەڵام هێشتا پیاوسالاری ڕەنگی بەسەر کۆمەڵگەوە ماوە، هێشتا ژنان بە پلە دوو هەژمار دەکرێن لە کۆمەڵگەدا، پێویستە ژنان کار بۆ ئازادیی ڕاستەقینە بکەن، لەم بارەوە چەند ژنێکی شاری سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

ئاشنا ئەزوەر

ئاشنا ئەزوەر ژنێکی گەنجە و دەڵێت: خۆشبەختانە ژنان توانیویانە گۆڕانکارییەکی زۆر بکەن و ببنە بوونێکی گرنگ لەنێو کۆمەڵگەدا و مافەکانی خۆیان بەرجەستە بکەن و خۆیان بسەلمێنن، لە ئێستادا گۆڕاکارییەکی باش لە بەرجەستەکردنی مافەکانماندا هاتووە، بەڵام هێشتا گەشتن بە ئازادیی تەواو ماویەتی.

وتیشی، پێویستە ئێمەی ژنان دەست لەدەستی یەک بین و بتوانین هەریەکەمان وەک پایەیەک بین، داوای مافی خۆمان بکەین و چیدیکە ڕێگە نەدەین چینێکی بەش خوراو بین لەناو کۆمەڵگەدا، دەبێت دەنگمان بڵند بکەین بڵێین ئێمەش دەتوانین کار بکەین، دەتوانین دایک و خوشک و هاوسەرێکی باش بین بۆ هەریەکێک لەو پیاوانەی وەک پایەیەک وان لەپاڵ ئێمەدا.

باسی لەوەشکرد،هەر لە سەردەمانی پێشووەوە ژن پەراوێز خراوە، پیاوان هەمیشە هەوڵیان داوە ببنە توێژی باڵای کۆمەڵگە و کۆنتڕۆڵی ژنان بکەن، پیاوسالاری لە کۆمەڵگە ڕەنگدانەوەیەکی تۆخی هەیە، ژنان بەرامبەری دەجەنگن، بە پیاوان دەڵێت کە “ئێمەش وەک ئێوە مرۆڤین کەسایەتی وهەست و توانامان هەیە، بوەستن لەوەی کە بوونیەتمان ڕەتبکەنەوە و  بمانچەوسێننەوە”.

پەیامی خۆی ئاراستەی ژنان کرد و وتی: بەو هیوایەم ژنان بتوانن هەر یەکەیان دەنگێکی دلێریان هەبێت، خۆیان بیسەلمێنن، وتیشی هیواخوازم چیدیکە هەشتی مارس ناوی سەر کاغەز و بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی نەبێت، هەموو ڕۆژ بۆ ژنان هەشتی مارس بێت.

فەرولەقا عەزیز

پێچەوانەی ئاشنا ئەنوەر، ژنێکی دیکە بە ناوی فەرولەقا عەزیز، پێی وایە ئازادی و دۆخی ژن ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت و دەڵێت: ئازادی ژنان لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی نزمدایە، زۆر ژن هەن خاوەن بڕوانامەن، بەڵام دەفەتی کارکردنیان پێنادرێت، لێرە ناتوانیت بە ویستی خۆت مامەڵە بکەیت، خێرا ڕووبەڕووی ئیهانە  و هەڕەشە دەبیتەوە، لە هەرێمی کوردستان ئازادی ڕادەربڕین بوونی نییە، بەتایبەت بۆ ژنان.

وتیشی: ڕێژەی توندوتیژی ڕوو لە زیادبوونە، پێشتر بیستمان ژنێک لەسەر ئەوەی ڕاپۆرتێکی نوسیوە سزادراوە، ئەمە واتای ئەوەیە خەڵک لە ماڵەکەی خۆشیدا ناتوانێت شتێک بنوسێت و بڵێت، سوکایەتی پێدەکەن هەڵدەکوتنە سەری و تەلەفۆنی بۆدەکەن، ژن بێت یاخود پیاو بۆ ئەوان جیاوازی نیە، بەڵام پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ژن زۆر زیاترن،مافی ژن نادرێت، نە لە دادگا نە لە ناو خێزاندا، ژن سەرکوت دەکرێت، ڕێگای کارکردنی نادرێت.

هەستی حەمید لەسەر دۆخی ئازادیی ڕادەربڕین و پێگەی ژنان لە کۆمەڵگەدا بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: لە ئێستادا ئازادی ژنان لە ڕووی کارکردن و هانەتە ناو کۆمەڵ، بوون بە خاوەنی کاری خۆیان و بەشدارییان لە کاری  فەرمانگەکاندا، بەرەو پێشتر چووە بەراورد بە پێشوو.

هەستی حەمید

پێی وابوو لەوەی تێکۆشانی ژنان لەسەرەتادایە و پێویستی بە خەباتی بەردەوام و زیاتر هەیە، وتیشی: هێشتاش لای بەشێکی کۆمەڵگە ڕێگری لە کارکردن چوونە دەرەوە و تەنانەت خوێندنیشیان دەکرێت، ئەمەش جێگای داخە، بۆچی منی ژنیش وەکو مرۆڤێک خوێندن و کارکردن و ئابوریەکی سەربەخۆ و کۆمەڵێک ئازادیم نەبێت؟!

ئاماژەی بەوەشدا ژنان دەتوانن بە شێوازێکی باشتر وشەی ئازادی بخەنە بەردیدی کۆمەڵگە، نیشانی بدەن ئەوەی ژنان دەیانەوێت ئازادییەکە بە واتا ڕاستەقینەکەی نەک ئەو ئازادییەی ئەوان وێنایان کردووە، ژنانیش دەتوانن لە بەرزترین پێگە و بەرپرسیایەتیەکاندا بن.

ش. ئـ

Comments are closed.