هەڵبژاردنەکان چارەنوسی داهاتووی تورکیا بەرەو کوێ دەبات و کورد لەبەردەم چی ئەگەرێکدایە؟

 

ناوەندی هەواڵەکان

بڕیارە ١٤ی ئاداری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتى تورکیا ئەنجام بدرێت، هەر لە ئێستاوە ئاماژەکان پیشانى دەدەن کە پێگەو دەنگی ئەردۆغان و ئەکەپە و شەریکە ڕەگەزپەرستەکەی مەهەپە لەوپەڕی خراپیدان، ئامار و ڕاپرسییەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەم هەڵبژاردنە کۆتا وێستگەیى ژیانى سیاسی ئەردۆغان و شەریکەکەیەتی.

هەڵبژاردنی ئەمجارەى تورکیا تەواو هەستیارەو یەکێک دەبێت لە ڕوداوە گرنگەکانی ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە، چونکە هەمووان چاویان لەسەر ئەم هەڵبژاردنەیە بەبردنەوەى ئەردۆغان و ئەکەپە یان دڕۆاندنیان هاوکێشەی سیاسی و پەیوەندییە دەرەکییەکان لەو وڵاتەدا گۆڕانکاری بەخۆیەوە دەبینیێت، بەجۆرێک یان تورکیا بەرەو تاریکی و سیستەمێکى ترسناکتر لەوەى ئێستا دەڕوات، یان کرانەوەیەک ڕوو دەدات کە هەر نەبێ کۆتایی بەدۆخی شەڕو سەربازی بهێنێت.

کورد وەک پێکهاتەیەکى هەرە سەرەکی و گرنگ لە تورکیادا، خاوەن پێگەو سەنگی خۆیەتى، کورد زیاتر لە رێگەى هەدەپەوە سەنگی خۆی پیشان دەدات، بۆیە هەدەپە ئێستا بە سێیەم پارت لەڕووی ژمارەی دەنگەوە لە تورکیادا دادەنرێت، لەبەر ئەم هۆکارەش هەڵبژاردنى ئەمجارەى تورکیا تاڕادەیەکى زۆر داهاتووی کورد ڕەنگڕێژ دەکات.

ئەردۆغان  کە ١١ ساڵ سەرۆک وەزیران و ١٠ ساڵیشە سەرۆک کۆماری تورکیایە، گرنگییەکی زۆر بە هەڵبژاردنی ئەم جارە دەدات، چونکە بە دۆڕانی وێستگەی  ژیانى سیاسی دەبێت لە سیاسەتی تورکیادا، ئەو دەستوری بۆ ئەوە هەموار کردەوە کە تا ساڵی ٢٠٢٩ سەرۆک کۆمار بێت، بەڵام چەندین هۆکارو ئاڵنگاری هەیە کە مەترسی لەسەر داهاتووی ئەردۆغان دروست کردوە.

چەند مانگێکی دیکە١٠٠ ساڵ بەسەر ڕێکەوتننامەی لۆزاندا تێپەڕدەبێت، خواستی ئەردۆغان و دەوڵەتەکەی ئەوەیە لە پاش ١٠٠ ساڵ بەسەر تێپەڕبوونی ئەو ڕێکەوتننامەیەدا تورکیای گەورە بنیاتبنێتەوەو پڕۆژەکەی تەواو بکات، کە چەند بەشێک لە وڵاتانى دەوروبەری خۆی داگیر بکات کە بە “میساقی میللی” ناوی دەرکردوە، بەڵام بە دۆڕانی لەم هەڵبژاردنەو ئەو پڕۆژەیە تێکدەچێت و شکست بە خەونەکە ئەتاتورکییەکەی دێت.

بومەلەرزە وێرانکەرەکەی شەشی شوبات، مۆتەیەکى بەهێز بوو لە دەسەڵاتی ئەردۆغان، بۆیە زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی و ناوەندە سیاسی و لێکۆڵینەوەکان پێیانوایە کە ئەم بومەلەرزەیە کۆتایی بە دەسەڵاتى ئەردۆغان دەهێنێت، چۆن بە بومەلەرزەیەک هاتە سەر دەسەڵات بە بومەلەرزەیەکیش لە دەسەڵات دەڕوات.

هەر دوای بوومەلەرەکەی تورکیا، بەشێکی زۆر لە بەرپرسیارێتی ئەم بومەلەرزەیە خرایە ئەستۆی ئەردۆغان، لەبەرئەوەی ئەو ناوچانە بەشێوەیەکی وەها دروست نەکراون کە بتوانن بەرگەی بومەلەرزەی بەهێز بگرن، هەروەها کوالیتی ناوچە نیشتەجێبوونەکان وەک پێویست نییە، بە مانایەکی دیکە شکستى بەڕێوەبردنى سێکتەری نیشتەجێبوون خرایە ئەستۆی ئەردۆغان، بەتایبەت بەشێکی زۆر لە وەبەرهێنەکان لە خودی ئەردۆغانەوە نزیکبوون.

لەماوەى دوو مانگی ڕابردوودا بەدەیان ڕاپرسی لەسەر هەڵبژاردنەکانى تورکیا بڵاوکراونەتەوە، بەپێی زۆرینەى ڕاپرسییەکان ئەردۆغان و ئەکەپە براوەى هەڵبژاردنەکان نابن، بۆیە هەر لەئێستاوە پێشبینی گۆڕانکاری لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدا دەکرێت.

لەم هەڵبژاردنەدا سێ بەرەی سەرەکى ڕکابەری یەکتر دەکەن، بەرەی یەکەم لە حزبی ئەکەپە و مەهەپەپێکهاتووەو بەرەى دووەمیش لەشەش پارتى ئۆپۆزسیۆن و بەرەى سێیەمیش لە بەرەی ڕەنج بەپێشەنگایەتى هەدەپە پێکهاتووە.

شەش پارتەکەى ئۆپۆزسیۆن بە فەرمی کەمال کلیچدار ئۆغڵۆ سەرۆکى جەهەپەیان کاندید کردوە بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار، ئەکەپەو مەهەپەش ئەردۆغانیان دیاری کردوە، لەم نێوەندەدا هێشتا کورد کاندیدی خۆی یەکلایی نەکردوەتەوەو چاوەڕێی ڕەوتى گفتوگۆو گۆڕانکارییە سیاسییەکان دەکات، ئەو چاوەڕوانیش لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانى کورد هێڵراوەتەوە کە کێ گەرنتەیەک بدات ئەوا پشتگیری کاندیدی ئەو دەکرێت، بەڵام لە هیچ دۆخێکدا ئەم چاوەڕوانییە لە ئەردۆغان ناکرێت.

یەکێک لەو هۆکارانەی کە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی ئەکەپە ئەم هەڵبژاردنە لەدەست بدات لایەنی ئابوورییە، کە ئێستا ئابوری تورکیا لە دۆخێکى سەختدایە، بەلەبەرئەوەی لیرەی تورکی لە ماوەی تەنیا ساڵێکدا و لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢١ بۆ ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٢ بە ڕێژەی ٪٤٠ بەهاکەی لەدەستداوە.

ڕێژەی هەڵاوسانیش گەیشتۆتە ٪٨٣ کە بەرزترین ڕێژەیە لە هەموو ئەوروپادا، هاوکات گرانی و خراپی بارودۆخی ژیانی هاوڵاتییان و بێکاری گەنجان لەوپەڕی خراپیدایە.

بەشێکی تر هۆکاری سەربازییە لەو کاتەوەی ئەردۆغان دەسەڵاتی گرتۆتە دەست و بەتایبەتیش لەدوای کودەتاکەى ٢٠١٦ وە دۆخێکى تەواو سەربازی باڵی بەسەر تورکیادا کێشاوە، ئەردۆغان و دەوڵەتەکەی هەموو تورکیای لەچەندین شەڕو ناکۆکی نێودەوڵەتى تێوەگلاندوە، ساڵانە ملیاران دۆلار لە بودجەى گشتى وڵات لە کڕینى چەک و تەقەمەنیدا خەرج دەکات، بەشێکى زۆری ئەو چەکەش لەدژی گەلی کورد بەکاردەهێنێت.

هەروەها چۆتە چەندین ڕوبەڕوبوونەوەی دبلۆماسی لەگەڵ سعودیە و ئیمارات و ئیسرائیل، گرژی و ئاڵۆزی لەگەڵ قوبروس و یۆناندا دروستکرد لەسەر سنوری ئاوی دەریای ناوەڕاست، کڕینی چەکی بەرگری ئاسمانی ڕوسی بووە هۆی ئەوەی لەلایەن ئەمریکاوە گەمارۆ بخرێتە سەر تورکیا.

بەشێکی تر سیاسەتی ناوخۆیی تورکیایە، بەوپێیەی سیستمی حکومڕانی دیموکراتییە، بەڵام ماوەیەکی زۆرە دەسەڵات لە تورکیا دەستاودەستی نەکردووە و ئەکەپە ماوەی ٢٠ ساڵە حوکمڕانی سەرەکی تورکیایە، زیندانەکانى پڕکردوە لە کەسانى سیاسی و رۆژنامەنوس و هونەرمەند و ئەو کەسانەی لەگەڵ سیاسەتی ئەردۆغاندا نین.

چاوەکان لەسەر ئەوەیە ئۆپۆزسیۆن و کورد بتوانن ئەردۆغان لە دەسەڵات دوربخەنەوە، بەڵام خاڵی لاوازی هەردوو بەرەکەى بەرامبەر ئەردۆغان ڕێککەوتن لەنێوانیاندا نییە، ئەگەرچی لەسەر دوورخستنەوەى ئەردۆغان لەدەسەڵات کۆکن، بەڵام بەجیا کار لەسەر ئەو نەیارە هاوبەشە دەکەن.

ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ئۆپۆزسیۆن و کورد دەتوانن بەربەرنامەیەکى هاوبەش ئەردۆغان لە دەسەڵات دوور بخەنەوەو یان تورکیا لەدەستى ئەردۆغاندا دەمێنێتەوەو  گەلەکەی بەرەو تاریکترین ساتەکانى مێژوو دەبات؟

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

Comments are closed.