“بەبێ گوێدانە ئەو کۆتوبەندانەی لە دەست و قاچمان کراوە، هەنگاودەنێین”

سیما ڕەزا

بەرپرسێکی یەکێتی ژنان باس هۆکاری زیادبوونی کێشە خێزانییەکان و بارودۆخی ژنانی باشووری کوردستان دەکات، دەشڵێت بۆ بەرەوپێشبردنی ئازادی و مافەکانی ژن، “بەبێ گوێدانە ئەو کۆتوبەندانەی لە دەست و قاچمان کراوە، هەنگاودەنێین”

ڕۆژ بە ڕۆژ کێشە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان زیاد دەکەن، بەشێکی زۆر لەو کێشانەش بەرۆکی ژنان دەگرێت و تێیدا ژنان دەبنە قوربانیی، سەبارەت بە هۆکاری زیادبوونی کێشەکان و دۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستان، عایشە عەبدولحەکیم، بەرپرسی بەشی کۆمەڵایەتی یەکێتی ژنان، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

“دروستبوونی چینایەتی هۆکاری بەشێک لە کێشە خێزانییەکانن”

عایشە عەبدولحەکیم،  بەرپرسی بەشی کۆمەڵایەتی یەکێتی ژنان، دەڵێت: لە هەرێمی کوردستان کێشەکانی ناو خێزان بەردەوامیان هەیە، ئەوەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، یەکێک لە هۆکارەکان قەیرانی ئابووری و دروستبوونی جیاوازی چینایەتییە لە نێوان خێزانێک بۆ خێزانێکی دیکە، کاتێک هاوسەرێک ناتوانێت ژیانێکی وەک ئەوانی دیکە بۆ خێزانەکەی دابین بکات دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاژاوە و زۆرجار لێکترازانی خێزانەکەش.

عایشە عەبدولحەکیم

بۆ چارەسەر و کەمکردنەوەی کێشەکانی ناو خێزان، بەپێویستی دەزانێت جیاوازی ڕەگەزی و جیاکاری نێوان منداڵە کچ و کوڕەکاندا نەهێڵدرێت و وتی: سیستمی ناو خێزان ڕۆڵی هەیە لە دیاریکردنی ئاستی کێشەکان لە کۆمەڵگەدا، ئەگەر خێزان کراوە و دیموکراتبن، جیاوازیی ڕەگەزی لەنێوان کوڕ و کچەکانیان نەکەن، ئەوا خێزانێكی بەختەوەر دەبن و ئەرک و مافی هەموو تاکەکان تێیدا بێ کێشە دەبێت، بەڵام ئەگەر بەپێچەوانەوە بوو خێزان توندوتیژ و داپڵۆسێنەربوو، کە ئەوەش یەکێکە خەسڵەتەکانی ئێمەی کورد، ئەوا ئاژاوە و لێکترازان لە ناو خێزانەکەدا دروست دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ژنان بە بیرێکی ژنانەوە کاربکەن، کەمتەرخەم نەبن لە ئەرکەکانیاندا، دەتوانن هەنگاوبنێن بەرەو کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی و مۆدێرن، کە هەرکەسێک بزانێت ئەرکەکان و مافەکانی چین.

“دەستکەوتەکانی ئەمڕۆ بەرهەمی هەوڵ و تێکۆشانی ژنانە”

عایشە عەبدولحەکیم باسی لەوەش کرد، لە ئێستادا ژنان لەچوارچێوەی ماڵدا هاتوونەتە دەرەوە، ژنان دکتۆرن، پەرلەمانتارن، بڕیاردەرن، وەزیرن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ چاوکرانەوە و بەرەوپێشچوونێک لەناو کۆمەڵگەدا، “ئەمەش لەسایەی هەوڵ و تێکۆشانی ڕێکخراوەکانەوەیە”.

دەربارەی دۆخی ژنانی هەرێمی کوردستان وتی: دەتوانین بڵێین دۆخی ژنان تاڕادەیەک باشە، بەڵام هێشتا ئازادیی و یەکسانی پێویست دەستەبەر نەکراوە، لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا تا ئێستا ژن کوشتن و توندوتیژی بەردەوامە، تا ئێستا لەناو بنەماڵە عەشایەر و خێڵەکیەکاندا بەشوودانی زۆرەملێی هەیە، هێشتا کچانێک هەن لە خوێندن و کارکردن بێبەشکراون، ئەمەش هەمووی ئاماژەن بۆ چەوساوەبوونی ژنان.

“یاساکان لاوازن و بەسەر هەموواندا جێبەجێ ناکرێن”

دەشڵێت: یاسا لاوازە و سەروەر نییە، خۆزگە نەبووایە، نەک تەنیا لەسەر چینی هەژار، بەڵکو لەسەرەوە بۆ خوارەوەر وەک یەک بەسەر هەموویدا جێبەجێ بکرایە، تائێستاش زۆربەی ئەو کەسانەی تاوان بەرامبەر بە ژنان دەکەن و دەیان چەوسێننەوە، لەژێر سێبەری بەرپرس و سەرۆک عەشیرەتێکدا خۆیان دەشارنەوە.

عایشە عەبدولحەکیم، ڕۆڵی حکومەت بە گرنگ دەزانێت، لە کەمکردنەوەی توندوتیژیدا و دەڵێت:  حکومەت و ئەو دامودەزگایانەی کە بەرپرسیارن لە مافەکانی تاک، دەتوانن هەرکەسێک تاوانێکی بەرامبەر بە کەسێکی دیکە کرد و چەوساندییەوە، بەشێوەیەک سزای ببدات، کە ببێتە پەند بۆ هەرکەسێک تا نەتوانێت ئەو  تاوانە دووبارە بکاتەوە.

بەبێ گوێدانە ئەو کۆتوبەندانەی لە دەست و قاچمان کراوە، هەنگاودەنێین

لە درێژەی وتەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، کە ژنان بێ گوێدانە ئەو کۆتوبەندانەی لە دەست و پێی ژنان کراوە بەردەوام دەبن لە هەنگاونان بەرەو بەدیهێنانی ئاماجنەکان و تێکۆشان لەپێناو ئازادیی و یەکسانیدا، وتیشی: ئەوان وەک ژنان هەمیشە لە هەوڵدان بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا و باشترکردنی دۆخی تاکەکان، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتمان هەبێت، کە ژن تێیدا بتوانێت ئازادییەکانی خۆی دەستەبەر بکات.

“پێویستە ڕێکخراوەکانی ژنان سەربەخۆبن و پاشکۆی حزبەکان نەبن”

ئەوەشی خستەڕوو لەگەڵ هەموو کارەکاندا، بەردەوامن لە هەوڵەکانیان تا بڕگە و مادەکانی یاسای باری کەسێتی جێبەجێ بکرێن و لە بەرژەوەندی ژن هەمواربکرێنەوە.

باسی لەوەشکرد ڕاستە هەر هەنگاوێک بۆ بەرەوپێشبردنی دۆخی ژنان بنرێت ئاستەنگی لەپێش دروست دەکرێت، بەڵام بەبێ گوێدانە ئەو کۆتوبەندانەی لە دەست و قاچمان کراوە، هەنگاودەنێین و بەئومێدیشین، کە دەگەینە ئامانجەکانمان.

وتیشی: سەرجەم ڕێکخرا و دامەزراوەکانی ژنان، یەک ئامانجی هاوبەشیان هەیە، کە ئەویش داکۆکیکردنە لە مافەکانی ژن و ڕەتکردنەوەی ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەریان دەکرێت، لەبەرئەوە گرنگە هەموویان یەک هەڵوێست و بەرنامە و گوتاریان هەبێت، پێویستە پاشکۆی حزب نەبین چونکە تا پاشکۆ بن هیچیان پێناکرێت.

لە کۆتایشدا باسی لەوەکرد، زۆر گرنگە ژنان خۆیان بەرەوپێش ببەن و بخوێننەوە، خۆیان بڕیاربدەن بەدوای ڕێگادا بگەڕێن، ژنان بەهێزن دەتوانن هەموو شتێک ئەنجام بدەن، بە ژنانیش دەڵێت، یەک بگرن یەک هەڵوێستیان هەبێت،  کار بۆ داکۆکیکردن لەمافەکانی ژن بکەن، کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و ئازاد، هۆشیار، بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە دەستەبەر بکەن.

ش. ئـ

 

Comments are closed.