مەحموود عوسمان: پەکەکە بۆ ئاشتى هەنگاوی ناوە، بەڵام تورکیا بە شەڕ وەڵام دەداتەوە

 

د.مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری كورد ڕایدەگەیەنێت، توركیا ئاشتی ناوێت و زیاتر لە ٣٠ ساڵە عەبدوڵا ئۆجالان و سەركردەكانی پەكەكە دەستپێشخەری بۆ ئاشتی ڕاگەیەنن، بەڵام دەسەڵاتی توركیا نایەتە پێشەوە، دەشڵێت: ئەمریكا و ڕووسیا پشتیوانی سیاسەتی شەڕخوازانەی توركیا دەكەن و بەدەم بانگەوازەكانەوە نایبەت بۆ هێنانەدی ئاشتی لە توركیا.

لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆژنیوز، د.مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری كورد تیشك دەخاتە سەر بارودۆخی توركیا و كێشەی كورد و هەروەها جەختدەكاتەوە لەوەی، بومەلەرزەكەی مانگی ڕابردووی توركیا كاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی مانگی ئایاری توركیا دەبێت و ئەگەری هەیە ئەردۆغان نەتوانێت ببێتەوە بە سەرۆك كۆماری توركیا.

ڕۆژ نیوز: با بە پرسیاری هەڵبژاردنی ئەمجارەی تورکیا دەست پێبکەم، پێشبینیت چییە بۆ ئەم هەڵبژاردنە؟

” ئەگەری زۆر هەیە ئەردۆغان دەرنەچێتەوە، هەقیشە دەرنەچێتەوە، كەسێكی بێ کەڵک و خراپە “

د.مەحموود عوسمان: بەو هەموو کێشەیەی کە ئەردۆغان تووشی بووە ئەم هەموو شتانە، بە هەموو حسابێک نابێ جارێکی کە هەڵیبژێرنەوە، بەس بڵێم چی؟ هەموو شتێ واریدە، چونکە ئەوانەی کە دژن، شەش حزبن، شەش حیزبی ڕەنگە یەکگرتوو نەبن، ڕەنگە ئاسان نەبێ، پشت بە هەدەپە دەبەستێت، هەدەپە ئایا دەنگ ئەدا بە کەمال كلیچدار ئۆغڵو؟ ئەوەش گرنگە، چونکە هەدەپە دەنگی زۆرە، بەس ئەڵێن دەنگ نادەین بە هیچییان، یەعنی وەکو خۆیان ئەڵێن، لەبەرئەوە ئەگەر هەدەپەش لەگەڵ ئەو حیزبانە دەنگ بدا، ئەگەر هەیە ئەردۆگان دەرنەچێتەوە بەڕاستی، ئەگەری زۆرە، هەقیشە دەرنەچێتەوە، كەسێكی بێ کەڵک و خراپە.

ڕۆژ نیوز: پێتوایە ئەم هەڵبژاردنەی کە لە پێشە دەرفەتێکی نوێ بۆ پڕۆسەی ئاشتی دروست دەکات ؟

“لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا هەمان بۆچوونی ئەردۆغانیان هەیە لەسەر كورد”

د.مەحموود عوسمان: دڵنیانیم، چونکە ئەوانەی ئۆپۆزسیۆنیش هەمان بۆچوونی ئەردۆغانیان هەیە لەسەر کورد و جیاوازییان نییە، لەم بابەتەدا ئەمریکا تاوانبارە، دائیمەش کورد بۆ ئاشتی ئامادەیە بەس ئەوان ئامادەنین، ئومێدەوارم هەر گۆڕانکارییەک ئەبێت، ڕێگا بکاتەوە بۆ پرۆسەیەکی ئاشتی، بە بۆچوونی من حکومەتی تورکیا دەبێت لەوە تێبگا کە بەشەڕ چارەسەر نابێت، کێشەی میللەتێکە و مافییان هەیە، بەڵام فشاری لەسەر نییە، نە ئەمریکا فشار دەکات، ئەوروپا و ئەوانەش فشاری لێ ناکەن، ڕوسیاش لەگەڵییەتی.

ڕۆژ نیوز: بومەلەرزەکانی مانگی ڕابردوو کاریگەرییان دەبێت لەسەر هەڵبژاردنەکانی توركیا؟

“بە هەموو پێوەرێك بۆمەرزەكە كاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەكانی توركیا دەبێت”

د.مەحموود عوسمان: كاریگەری هەیە، چونكە كارەساتێكی گەورەبوو، بە نزیكی ١٠٠ ملیار زەرەری داوە، ئینجا چۆن تا قەرەبووی دەکەنەوە، ئینجا هۆكاری كارەساتباری بومەلەرزەكە كەموكورتی حکومەتی تێدایە، چونکە زۆر بینا کراوە مەرجی سەلامەتی تیا نییە، بۆیە بە هەموو پێوەرێك كە سەیر دەكەیت دەبێت كاریگەری لەسەر هەڵبژاردن هەبێت.

ڕۆژنیوز: خۆت دەزانی تورکیا فشارێکی زۆر لەسەر هەدەپە دروست دەکا، بۆ ئەوەی هەدەپە دابخات، تورکیا بۆچی دەیەوێت هەدەپە دابخات؟ ئایا پێگەو ڕۆڵ و کاریگەری هەدەپە زۆرە؟ کاریگەری هەیە لە تورکیا کە تورکیا دەیەوێت دایبخات؟

“وەك چۆن دژی كورد شەڕ دەكەن ئاواش دژایەتی هەدەپە دەكرێت لەلایەن دەسەڵاتی توركیاوە”

د.مەحموود عوسمان: بەڵێ، یەكەم لەبەرئەوەی کاریگەری هەیە، دووەمین لەبەرئەوەی لەگەڵ ئەکەپە هاوکاری ناکات، سێهەمینیش لەبەر کورد، هەر چۆن دژی کوردە و شەڕ دەکات لەگەڵ کورد، ئێ هەدەپەیش تەنها حیزبی یاسایی تورکیایە کە بەرگری لە کورد دەکات، ئێ ڕقییان لێیانە، دژیانن، دەمیرتاشییان شەش حەوت ساڵە زیندانی کردووە بە بەلاش، دادگای ئەوروپاو كۆمەڵێك دادوەری توركیاش داوای ئازادكردنیان كرد، بەڵام ئازادی ناكەن، لەبەرئەوە ڕقییان لێیانە دژیانن، لەبەر ئەوەی بەرگری لە کورد دەکەن.

ڕۆژنیوز: لەسەر هەڵوێستی کەجەکە، لەسەر ڕاگرتنی چالاكی بەهۆی بومەلەرزەكەوە بۆچونت چییە؟

“وەستاندنی چالاكی لەلایەن كەجەكەوە هەڵوێستێكی جوان بوو”

د.مەحموود عوسمان: هەڵوێستی کەجەکە زۆر جوان بوو، چونکە ئەوە کارەساتێکە توشی ئەو میللەتە بووە، خۆ مەسەلە ماڵی ئەردۆغان نەڕووخاوە، مەسەلەکە خەڵکەکەیە، کوردیشی زۆر تیایە، لەبەرئەوە چاکییان کردووە کە شەڕییان وەستانووە، بەڵام تورکیا گوێی نەداوەتە ئەوە، بۆمباران و شتی هەر کردووە، هەسەدەش لە ڕۆژئاوا شەڕییان وەستاندووە.

ڕۆژنیوز: ئەی تورکیا بۆ نایەتە پێشەوە بۆ ئەم دەستپێشخەرییە؟ بۆچی سوود لەم دەرفەتانە وەرناگرێ؟ ئەمە دەرفەتێک نییە بۆ دەسپێکردنی پرۆسەی ئاشتی؟

“كورد هەمیشە ئامادەی ئاشتی بووە، بەڵام دەسەڵاتی توركیا شەڕی دەوێت نەك ئاشتی”

د.مەحموود عوسمان: تورکیا نایەتە پێشەوە و ئاشتی ناوێت، ئەگەر ئاشتی بویستایە تورکیا، چەند ساڵێکە، ئەوە ئۆجالان لە زیندانە و هەمیشە داوای ئاشتی کردووە، پرۆژەی تەقدیم کردووە، داواکانی کەمکردووەتەوە، هەتا داواکانییان کردووە بە هەندێك داوای کەلتوری و ڕۆشنبیری و سیاسی و تا ئۆتۆنۆمیشی تیا نییە، بەڵام قەت وەڵامیان نەداوەتەوە، قەت گوێیان نەداوەتێ، قەت قسەشییان لەگەڵ ئۆجالان نەکردووە، ئەوە چەند ساڵێکە هەر گۆشەگیریشییان کردووە، لەبەرئەوە بە بۆچوونی من نایانەوێت ئاشتی بکەن لەگەڵ کورد، چونکە ئەوانە سیاسەتییان سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەیە، دژی هەموو نەتەوەیەکە کە تورک نین، لە تورکیا مادەی دەستورەکەشیان ماددەی ٦٦ ئەڵێت، ئەوەی لە تورکیا بژی تورکە یەعنی دان بە هیچ نەتەوەیەكی تردا نانێن، بە تایبەتی کورد، وە زۆر دەرفەت هاتووەتە پێش بۆ ئەوەی بتوانن ئاشتی بکەن، کورد ئامادە بووە، بەڵام هەر وەڵامیشیان نەداوەتەوە.

ڕۆژ نیوز: پێشتر زۆر لایەنی سیاسی و زۆر لە وڵاتانی هەرێم و نێودەوڵەتی، سەرکردەی سیاسی، کەسایەتی ڕۆشنبیر ڕەخنەیان لە پەکەکە گرتووە کە شەڕ ناوەستێنێ، ئەوەتا پەکەکە بە قسەی ئەم خەڵکانەی کرد و شەڕی ڕاگرت، دەبێ ئەمانە ئێستا چی بە دەوڵەتی تورکیا بڵێن؟

” ئۆجالان ئامادیی دەربڕی بۆ نەهێشتنی پەكەكە، بەڵام كێشەی كورد چارەسەر بكرێت”

مەحموود عوسمان: ئەوەی من بزانم، چەندین جار پەکەکە شەڕی ڕاگرتووە، لە نەوەدەکانەوە تا ئێستا، لە پاش ٢٠٠٣ و پێش ٢٠٠٣، بەڵام هەرگیز تورک وەڵامی نەداوەتەوە، وەڵامی نەبووە لەگەڵی و پشتگوێی خستووە و گوێشی نەداوەتێ، زۆر لایەن هەبوون بۆچونیان وابووبێت ئەمە پەکەکەیە و پەکەکە شەڕ دەکا و ئەوانە، بەڵام کە ئەو هەموو هەڵوێستانەی پەکەکە هەیە، ئۆجالان و پەکەکە و شەڕ ئەوەستێنن، وە ٤٠ ڕۆژ، جاری وا هەیە دوو مانگ، جاری وا هەیە مانگێک، هیچ وەڵامێكی ئەرێنییان لە تورکیاوە نییە، دەبێ ئەوانە بۆچونیان بگۆڕن، دەبێت خەتاکە نەکەنە سەر پەکەکە ئیتر، زیاتر خەتا هەر لەسەر حکومەتی تورکیایە، خەتای بنەڕەتی لە ئەنقەرەیە، ئەگەر سیاسەتی حکومەتی تورکیا لە ئەنقەرە بگۆڕێ، دان بە کورد بنێت، بیەوێت ئاشتی بکات، کورد ئامادەیە، واتە خەتاکە لەوێیە، خەتا لە پەکەکە نییە، ئێمە لە ئیتاڵیا ئۆجەلانمان دی، وەختی خۆی لە ئیتاڵیا بوو، وتی “ئێمە ئامادەین حەتا پەکەکەش نەیەڵین، منیش خۆم دورئەخەمەوە، بەس ئەوان بابێن دۆزی کورد چارەسەر بکەن”، بۆیە كێشەكە تورکیایە، كێشە پەکەکە و دەرەوەی پەکەکە نییە، باشە ئەگەر بڵێین پەکەکە باش نییە، ئەی پەرلەمانتار هەن لە پەرلەمان ئەوان چی؟ ئەی سەرۆك شارەوانییەكان چی؟ ئەی حیزبەکانی تری کوردی؟ حیزبی ئیشتراکی، حیزبی دیموکراتی، ئەوانە ئەسڵەن هەر چەکییان هەڵنەگرتووە، قەت تورکیا مەرحەبای لە هیچییان نەکردووە، تورکیا بە ڕاستی سیاسەتێکی ڕەگەزپەرستانەی هەیە و شەڕخوازن و ئاشتییان ناوێت.

ڕۆژ نیوز: زۆرجار دەوترێت ئەگەر ئەمریکا و ناتۆ پشتیوانی تورکیا نەکەن، تورکیا ناتوانێ شەڕ لەگەڵ کورد بكات، کەواتە کێشەی کورد کێشەیەکی ناوچەیی نییە بە تەنها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کێشەیەکی جیهانییشە، پێتوانییە ئەگەر ئەمریکا بیەوێت دەتوانێت ڕۆڵ ببینێت لە چارەسەری کێشەی کورد لەگەڵ تورکیا؟

“ئەمریكا نایەوێت ڕۆڵ بینێت لە نێوان كورد و توركیادا، هاوكاری توركیا دەكات دژ بە كورد”

د.مەحموود عوسمان: بێگومان، دەتوانێ ڕۆڵ ببینێ، فشار لە تورکیا بکات بۆ ئاشتی، بەڵام هەرگیز نەیکردووە، ئەمریکا دایمە لەگەڵ تورکیا بووە، لەگەڵ شەڕیش بووە، وە یارمەتیشی داوە، تەکنەلۆجیای پێداوە، فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی لە ئیسرائیلەوە بۆ هاتووە، زۆر هاوکاریشییان کردووە، ڕووسیا ئێستا لەگەڵ تورکیایە، ئیشییان پێیەتی لەو مەسەلەی ئۆکرانیا، لەبەرئەوە بەڕاستی هیچ فشارێکی جدی لە تورکیا نەکراوە، ناتۆش لەگەڵییەتی، ناتۆش فشارییان لێ نەکردووە، هیچ فشارێ لەلایەن وڵاتانی دەرەوە نییە بۆسەر تورکیا، لەبەرئەوە تورکیا بەردەوامە لەسەر شەڕخوازی خۆی.

ڕۆژ نیوز: پێشتر جەمیل بایک بانگەوازێکی ئاڕاستەی ئەمریکا کردو ئامادەیی دەربڕیوە بۆ چارەسەرکردنى کێشەی کورد، پێتوایە دەبێت ئەمریکا ئەم بانگەوازەی جەمیل بایک بەهەند وەربگرێت؟

“ئەمریكا و ڕووسیا لەگەڵ توركیادان، بۆیە تورکیاش لەسەر شەڕخوازی خۆی بەردەوامە”

د.مەحموود عوسمان: نەخێر، هەر وەڵامیشی ناداتەوە، پارە تەرخان دەكات بۆ دەستگیركردنی جەمیل بایک، یان كەسێك زانیاری لەسەر بدات، ئۆجەلان لە نەوەتەکانەوە دەڵێت، با ئەمریکا و ئینگلتەرا ناوبژیوانی لەنێوانماندا بكەن، هەرچی ئەوان ئەیڵێن من ئەیکەم، بەڵام هەرگیز ئەمریکا وەڵامی نەداوەتەوە، دایمە لەگەڵ تورکیا بووە، بە ڕاست و هەڵە، ئەوەش تاوانێکە کە ئەمریکا دەیکات، تا ئەمریکا بەو هێزە لەگەڵی بێت و ڕووسیا لەملاوە لەگەڵی بێت، تورکیاش لەسەر شەڕخوازی خۆی بەردەوام دەبێت.

ڕۆژنیوز: تا چەند لەگەڵ ئەوەى کە نێوەندگیر هەبێت لەنێوان کورد و دەوڵەتى تورکدا؟

“باشترین لایەن کە نێوەندگیری بکات نەتەوەیەكگرتووەكانە”

د.مەحمود عوسمان: وەڵا نێوەندگیری دەبێت هەبێت، باشترین لایەن کە نێوەندگیری بکات نەتەوەیەكگرتووەكانە، دەتوانن دەورێک ببینن بۆ ئاشتی، چونکە ئەو شەڕە ئاسایشی تورکیا و کورد و باشوری كوردستانیشی تێکداوە، بۆیە پێویستە نەتەوە یەكگرتووەكان دەستێوەردان بكات، چونکە ئاسایشی عێراقی تێکداوە، هی سوریای تێکداوە، هی تورکیا خۆی تێکداوە ئەو شەڕانە، لەمبەر سنور دەیکەن لەوبەر سنور دەیکەن، هیچ نەبێت لە ڕووی مرۆڤایەتییەوە دەستێوەردان بكات، بەڵام نایکەن، چونکە ئەو بابەتە لە دەسەڵاتی ئەمریکادایە.

ڕۆژ نیوز: باست لەوە کرد کە ڕاگرتنى شەڕ شتێکی چاکە، پەکەکە یاخود کەجەکە بە ڕۆڵی خۆیان هەستاون، وە یاخود ئەرکێکی ئینسانییە، پرسیارەکەم ئەوەیە، بۆچی تورکیا شەڕ ڕاناگرێت؟  وە بۆچی سوود لەو دەرفەتە وەرناگرێت بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی؟

“ئەو شەڕەی تورکیا دەیکات جگە لە زیان هیچی تر نییە”

د.مەحموود عوسمان: بەڵێ، تەنها شەڕی دەوێ، هیچ نیشانەیەک نییە کە ئاشتییان بوێ تا ئێستا، چەند جار پەکەکە هەوڵی داوە، لایەنی تر قسەیان کردووە، هەر وەڵامیشی نەداونەتەوە، لەبەرئەوە ئاشتییان ناوێت بە هیچ شێوەیەک، لەسەر شەڕ بەردەوامن، نازانم قەناعەتییان چۆنە کە بەشەڕ چارەسەر دەبێت، خۆیان لەبەرچاوییانە، شەڕ هەر ئەوەیە خەڵکی تیا دەکوژرێت، لەبەرئەوە ئەوان بەداخەوە شەڕخوازن، زۆر هەڵەن، زۆر خراپن، غەیری زەرەر هیچی نییە ئەو شەڕەیان.

ڕۆژ نیوز:  تورکیا پارەیەکى زۆر لە شەڕی دژ بە گەلی کورد دا خەرج دەکات، ئەمەش زیانى گەورەى بە تورکیا گەیاندوە، تۆش هەمان بۆچونت هەیە؟

“كۆمەڵێك سەرباز و پلەداری تورکیا بوون بە ملیۆنێر بۆخۆیان، پارە پەیدا دەکەن بۆ خۆیان حەزییان لەو شەڕەیە”

د.مەحموود عوسمان: چۆن نەگەیشتووە، زیانی پێ گەیشتووە، نەک تەنها لە سەرباز خەڵکی مەدەنیش تیاچووە، زیانیشی پێ گەیشتووە، زەرەری لە ئابووری تورکیا داوە، پارەیەکی زۆری تێدا خەرج دەكرێت، هەروەها كۆمەڵێك سەرباز و پلەدار بوون بە ملیۆنێر بۆخۆیان، پارە پەیدا دەکەن بۆ خۆیان حەزییان لەو شەڕەیە، بەڵام ئەوی سەیرە ئەردۆغان و ئەمانە خەڵکی مەدەنین، حکومەتییان هەیە، دەبێت حسابی ئەوە بکەن کە ئەم شەڕە زەرەری تورکە، زەرەری کوردە، زەرەری ناوچەکەیە، هەروەها زەرەری سێ وڵاتە، سوریا، عێراق، تورکیا، ئەمە هەمووی بە یەکەوە، ئیتر بەس هەر بەردەوامە.

ڕۆژنیوز: بۆ هەدەپە بۆچوونت چییە، بچێتە پاڵ کەمال کلیچدار ئۆغڵو؟ یاخود کاندیدی سەربەخۆیان هەبێ؟

“ئەگەر شەش لایەنەکەی تورکیا بەرنامەی هەدەپە قبوڵبکەن با هەدەپە بچێتە پاڵیان”

د.مەحموود عوسمان: هەدەپە سیاسەتی خۆی هەیە، دەبێ لەگەڵ ئەو شەش حیزبە قسە بکات، ئەگەر بەرنامەکەیان قبوڵکرد، ئەوەی کە هەیەتی ئەو بەرنامەیە، بچێتە پاڵییان خراپ نییە، بەڵکو بە هەموویان ئەردۆغان بگۆڕن، بەڵام ئەگەر قبوڵییان نەکرد، با كاندیدی خۆیان هەبێت، نەچێتە پاڵییان، چونکە ئەو شەش حیزبەش پەکەکە بە تیرۆریست دەزانن، ڕایان باش نییە.

ڕۆژ نیوز: تۆزێک لە ئەردۆغان نەرمترن؟ پێت وایە لاچوونی ئەردۆغان لەدەسەڵات دۆخی تورکیا بە تایبەت بۆ پرسی کورد تۆزێ ئەهوەن دەبێتەوە؟

“بەپێی قسە و لێدوانەکانیان بێت شەش لایەنەکە لە ئەردۆغان باشترن”

د.مەحموود عوسمان: وەڵایی وا ئەڵێن، ئێستا تۆ گوێ لە قسەکانییان بگرە، کەمال کڵچدار ئۆغڵو، عەلی باباجانە، ئەحمەد داود ئۆغڵوو، بە بە گشتی بۆچوونەكانیان جیاوازی هەیە لەگەڵ ئەردۆغان، باسی کوردیش ئەکەن تا ڕادەیەك، بەڵام ئایا کە هاتنە سەر دەسەڵات، ئایا هیچ ڕوودەدات؟، چونکە زۆر کەس هەیە وەختی کە لە ئۆپۆزسیۆنە شتێک دەڵێت، بەڵام کە دێتە سەر دەسەڵات دەگۆڕێت، بەڵام بە هەرچی چۆنێك بێت، بەپێی قسەکانییان بە پێی لێدوانەکانیان لە سیاسەتی ئەردۆغان باشترە.

ڕۆژ نیوز: لەکۆتاییدا هیچت ماوە بیڵێیت؟

د.مەحموود عوسمان: هەر ئەوەنەم هەیە، ئومێدەوارم کورد یەکگرتوو بێ و بەدوای کاری خۆیەوە بێ.

س.س

Comments are closed.