نازک مەلائیکە؛ سمبولی کلتوری عەرەبی ساڵی ٢٠٢٣

ناوەندی هەواڵەکان

بە پشت بەستن بە ڕاسپاردەی لیژنەی هەمیشەیی ڕۆشنبیری عەرەبی بۆ دیاریکردنی سمبولەکانی کلتور و داهێنانەکان، نازک مەلائیکە، وەک سمبولی کەلتوری عەرەبی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ دەستنیشان کرا.

لەلایەن ڕێکخراوی عەرەبی بۆ پەروەردە و ڕۆشنبیری و زانست-ئەلکسۆ و لەسەر ڕاسپاردەی لیژنەی هەمیشەیی ڕۆشنبیری عەرەبی بۆ دیاریکردنی سمبولەکانی کلتور و داهێنانەکان، ژنە شاعیری عێراقی نازک مەلائیکە، کە بە ڕابەری شعری ئازاد ناسراوە، وەک سمبولی کەلتوری عەرەبی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ دەستنیشان کرا.

لای خۆشییەوە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، لە بەیاننامەیەکدا بڕیارەکەی ڕێکخراوی عەرەبی بۆ پەروەردە و ڕۆشنبیری و زانست- ئەلکسۆی بەرز نرخاندوو ڕایگەیاند: “لەسۆنگەی پێزانین و پێگەی فەرهەنگی شیعری مۆدێرنی عێراقی، جێگە و کاریگەری لەسەر ئاستی هۆشیاری شارستانی عەرەبی و گرنگی ڕۆڵی شاعیرانی داهێنەر و باڵادەست لە دامەزراندنی بناغە لەو بوارەدا، سەرجەم بەڕێووەبەرایەتییەکانی پەروەردە ڕادەسپێرین وتاری ئاهەنگەکانی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی ئادار، تایبەت بکەن بە یادکردنەوەی نازک مەلائیکە، چونکە جیالەوەی هێمایەکە بۆ گەورەیی و گرنگی ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگەدا، پێویستە ڕۆڵ و کاریگەریی ئەو کەسایەتییە لەسەر کەلتوری عەرەبی و عێراقی بەرزبنرخێندرێت”.

نازک مەلائیکە؛ ڕابەری شیعری ئازادی

نازک سادق مەلائیکە شاعیرێکی عێراقیە و لە ٢٣ ی ئابی ساڵی ١٩٢٣  لەدایک بووە، لەساڵی ١٩٤٤ خانەی مامۆستایانی تەواوکردوە، پاشان چووەتە پەیمانگای هونەرەجوانەکان و لەساڵی ١٩٤٩ بەشی مۆسیقای تەواوکردووە و لەساڵی ١٩٥٩ لە زانکۆی ویسکۆنسن مادیسۆن لەئەمریکا بڕوانامەی ماستەری لە ئەدەبی بەراوردکاریدا وەرگرتووە، لە زانکۆکانی بەغدا و بەسرە و کوەیت بووەتە مامۆستا.

نازک مەلائیکە یەکەم  کەس بووە لە ساڵی ١٩٤٧ شیعری ئازادی نووسیوە و “کۆلێرا” بە یەکەم لە ئەدەبی عەرەبیدا شیعری ئازاد هەژمار دەکرێت، ئەگەرچی ناوی بەدر شاکر سەیابیش دەهێنرێت، کە ئەویش لە هەمانکاتدا شیعری ئازادی نووسیوە.

ئەو سەردەمەی، کە دەستی کردووە بە شیعر نووسین، زۆر لە سەردەمی شاعیران بەدر شاکر سەیاب و شازل تاقە و عەبدول وەهاب بەیاتیەوە نزیکبوە و هەر چواریان بەپێشەوایانی نووسینی شیعری ئازاد لەعێراقدا دەژمێردرێن.

نازک مەلائیکە لەشاری بەغدا لەنێو خانەوادەیەکی ڕۆشنبیر پەروەردە بووە و دایکی نازک مەلائیکە بەناوی “دایکی نەزاری مەلائیکە”وە لەڕۆژنامە وگۆڤارە عێراقیەکان شیعری بڵاوکردۆتەوە و باوکیشی، کە بە سادق مەلائیکە ناسراوبووە، چەند نووسراوێکی لەپاش بەجێمابووە گرنگترینیان فەرهەنگی ئینسکلۆپیدیای خەڵکی، لە ٢٠ بەرگدا نوسرابووەوە.

ئەو ژنە شاعیرە زمانی عەرەبی خوێندووە و دواتر زمانەکانی لاتینی و ئینگلیزی و فەرەنسی لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا خوێندووە، ماوەی ساڵێک لە بەیروت ژیاوە و ساڵی ١٩٩٠ پاش هەڵگیرسانی جەنگی کەنداوی یەکەم ڕوویکردووەتە قاهیرە.

ئەو شاعیرە عێراقییە، ساڵی ١٩٩٦ خەڵاتی بابتینی بەدەستهێناوە و لەساڵی ١٩٩٩یش دەزگای ئۆپرای میسری، بەبۆنەی تێپەڕبوونی نیو سەدە بەسەر سەرهەڵدانی شیعری ئازاد لە وڵاتانی عەرەبیدا ئاهەنگێگیان بۆ گێڕا و خەڵاتیان کرد، بەو پێیەی دەستپێکی سەرهەڵدانی شیعری ئازاد لە نازک مەلائیکەوە دەستی پێکردووە.

نازک مەلائیکە بەهۆی نەخۆشیەوە لە ٢٠ ی حوزەیرانی ٢٠٠٧ و لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە، لە گۆڕستانێکی تایبەت بەخێزانەکەیان لە ڕۆژئاوای قاهیرە بەخاکسپێردراوە.

ش. ئـ

Comments are closed.