ئەگەر شتێک ڕۆیشتە ناو گوێچکەمانەوە دەبێ چی بکەین؟

ناوەندى هەواڵەکان

نەخۆشخانەى دایک بڵاویکردەوە، گوێچکە یەکێک لە هەستیارترین ئەندامەکانی جەستەیە و پێکهاتەیەکی زۆر ناسک و پێچەڵپێچی هەیە و کەمترین زەخت و گوشار دەتوانێ تەندروستیی ئەم بەشە گرنگە لاواز بکات، دەشڵێن، ئەگەر شتێک چووە ناو گوێچکەکان پێویستە بە زوترین کات سەردانى پزیشک بکرێت.

نەخۆشخانەى دایک، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بە گرنگى گوێچکەکان دەکات و باس لەوە دەکەن، ئەگەرشتێک چووە ناو گوێچکەکان پێویستە چى بکرێت، کە دەقى ڕاگەیەندراوەکە بەمجۆرەیە:-

گوێچکە یەکێک لە هەستیارترین ئەندامەکانی جەستەیە و پێکهاتەیەکی زۆر ناسک و پێچەڵپێچی هەیە و کەمترین زەخت و گوشار دەتوانێ تەندروستیی ئەم بەشە گرنگە لاواز بکات.

ئەگەر شتێک رۆیشتە ناو گوێچکەمانە دەبێ چی بکەین و باشترین رێکارەکان چین، ئەو شتانەی دەڕۆنە ناو گوێچکەوە بەگشتی بریتین لە: مێروو، وردە کاغەز، تۆز یان دەنکە زیخی زۆر بچووک و شتی لەم چەشنە.

باشترین رێکار ئەوەیە کارێک بکەن مێرووەکە بۆخۆی بێتە دەرەوە و سەرتان بە لای شانتاندا خوار بکەنەوە و پاشان ٥ بۆ ١٠ خولەک لە شوێنێک دانیشن و بە ئارامی سەرتان بجووڵێنن، ئەگەر ناتوانن دەتوانن پەرداخێک بخەنە ژێر سەرتان، ئەگەر نەهاتە دەرەوە واباشە بە بەکارهێنانی بۆ نموونە زەیتی زەیتوون مێرووەکە لەناو ببەن.

دەتوانن گوێچکەتان بشۆنەوە، ئەگەر پێشتر کێشەی گوێچکەتان بووە بە هیچ شێوەیەک ئەم رێکارە تاقی مەکەنەوە، چونکە لەوانەیە زیانێکی زۆر بەر پێکهاتەی گوێچکەتان بکەوێت.

هەرگیز هیچ شتێک دەرەکی مەکەن بە گوێچکەتاندا، چونکە لەوانەیە ئەو شتەی وا لە پێشدا چووەتە ناو گوێوە بە هۆی ئەو شتە دەرەکییەوە بڕواتە ناو قووڵایی گوێچکە و ئەمەش پرۆسەی دەرهێنانەوەی ئەستەم دەکات.

ئەگەر دۆخەکە مەترسیدارە واباشە بۆخۆتان هیچ هەوڵێک نەدەن و بەخێرایی سەردانی پزیشک بکەن، چونکە لە بنکە پزیشکییەکان ئامرازی زۆر پێشکەوتووی لێیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە.

نیشانەکانی هەوکردن کۆنتڕۆڵ بکەن، چونکە هەوکردن دەتوانێ ببێتە هۆی تا لێهاتن، ئێش، لەدەستچوونی هێزی بیستن و سەرگێژبوون، لەم حاڵەتەشدا واباشە بەخێرایی سەردانی بنکە پزیشکییەکان بکەن.

لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هیچ زیانێک بەر پەردەی گوێچکە ناکەوێت، بەڵام لەوانەیە گوێتان بۆ ماوەیەکی کورت گران بێت، بەڵام ئەگەر لە هەر شتێکی دیکە بۆ دەرهێنانەوەی ئەو شتەی چووەتە نا گوێوە کەڵک وەربگرن لەوانەیە زیانی جدی بەر پردەی گوێ بکەوێت.

ئ.م

Comments are closed.