بڕیاربوو ئەمڕۆ ئازاد بكرێت.. گۆهدار زێباری حەوت مانگی دیکە سزای زیندانیكردن درایەوە

هەرچەندە بڕیاربوو چوار لە سزادراوانی بادینان دوای تەواو بوونی ماوەی سزاكەیان ئازادبكرێن، بەڵام گۆهدار زێباری یەكێك لە سزادراوان حەوت مانگی دیکە سزای زیندانیکردن درایەوە.

وا بڕیاربوو، ڕۆژی ١٦ی ئازار هەریەكە لە “گوهدار زێباری، شڤان سەعید، هاریوان عیسا، ئەیاز ئەکرەم” ئازاد بکرێن، بەڵام کەمێک پێش ئێستا گوهدار زێباری حەوت مانگی دیکە سزای زیندانی كردن درایەوە.

كامەران سارمەمی، پارێزەری سزادراوانی بادینان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا وتی: گوهدار محەمەد ئەمین ناسراو بە گوهدار زێباری بە حەوت مانگی دیكە سزادرا، ئەو تۆمەتەی ئاڕاستەى کراوە بریتیتە لەوەى ئەو ئۆتۆمبێلەی هەیەتی لە جۆری “دایۆیە” بەڵام دەعامی پێشەوەی “توێتایە” هەرچەندە ئەوكاتەی كڕیویەتی ئەو پێشەوەی پێوەبووە و هیچ سەرپێچییەكی یاساییش نییە و گرێبەستی كڕینی هەبووە.

ئەو پارێزەرە وتیشی: ئێمە وەك پارێزەرەكانی ئاگاداری دادگاییكردنی نەبووین و ئەمڕۆ لە دادگا بینیمان هێناویانە، نەشمانزانی چی تۆمەتێكی خراوەتە پاڵ و بە ماددەی ٢٧٩ی یاسای سزادانی عێراقی بە حەوت مانگ زیندانی سزادرا، لەكاتێكدا دادگا دەیتوانی بە سزای مادی بدایە لە بری زیندانیكردن.

پێشتر هەریەك لە “گوهدار زێباری، شڤان سەعید، هاریوان عیسا، ئەیاز ئەکرەم، شێروان شێروانی” بە شەش ساڵ زیندانیكردن سزادران، بەڵام لەبەرئەوەی سوككردنی سزایان بۆ كرابوو بە ڕێی ٪٦٠ لە ڕۆژی ١٦ی ئازار، كە دەكاتە سبەینێ دەبێت ئازاد بكرێن، بەڵام شێروان شێروانی ٪٥٠ سوككردنی سزای بۆ كراوە و مانگی ئەیلول ئازاد دەكرێت.

س.س

Comments are closed.