کۆمەڵکوژی هەڵەبجە.. برینێکى ساڕێژ نەبوو، ئازارێکی بەردەوام

ئەمڕۆ ١٦ی ئازار، ساڵیادی کیمیابارانکردن و کۆمەڵکوژی هەڵەبجەیە، ئەم کۆمەڵکوژییە بە یەکێک لە گەورەترین تاوانەکانی مرۆڤایەتی دادەنرێت لە مێژووی ناوچەکەدا، کە هاوشانی تاوانی هیرۆ شیمای ژاپۆنە، ئەم ڕووداوە هێشتا کاریگەرییەکەی لەسەر خەڵکی شارەکە و زەمینەکەشی ماوە، تا ئێستاش ژمارەیەک لە بەرکەوتەی ئەو گازە خنکێنەرە بە ئازاری جەستە و دەرونییانەوە دەناڵێنن  دەتلێنەوە.

ڕۆژی ١٥ی ئاداری ١٩٨٨ هێزێکی چەکداری ئێرانی و پێشمەرگە چوونە هەڵەبجەوە، خەڵکی شارەکە لەلایەکەوە دڵخۆش بوون بە هاتنی هێزی پێشمەرگە و لە لایەکی دیکەشەوە بەهاتنی هێزەکانی ئێران نیگەران بوون، چونکە لایان ڕوون بوو ئەمە سزایەکى توندی ڕژێمی بەعسی بەدواوە دەبێت، هاوکات خەڵکی شارەکە بیرەوەرییەکی تاڵیان لەگەڵ ڕژێمی بەعسدا لەلا مابوو، لەبەرئەوەی پێشتر لە ساڵی ١٩٧٤ شارەکەیان بۆردومان کرابوو، بەهۆیەوە سەدان شەهید و بریندریان دابوو.

لە ساڵی ١٩٧٨دا دوای ڕاپەڕینی خەڵکی هەڵەبجە گەڕەکی کانی عاشقان، کە هەزاران ماڵی لە خۆ دەگرت، لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە ڕوخێنرا، دەیان هاوڵاتی زیندە بەچاڵ و بێسەروشوێنکران،
هەربۆیە چەندین کەسایەتی شارەکە بۆ ئەوەی خەڵکی لە کۆمەڵکوژییەکى هاوشێوە ڕژێم بپارێزن، داوایان لە هێزەکانی ئێران و پێشمەرگە کرد، کە لەناو شار بچنە دەرەوە، بۆ ئەوەی خەڵکی لە جینۆسایدێکی تر بپارێزن، بەڵام گوێ بەو داوایەی هەڵەبجەییەکان نەدرا و ئەوەی چاوەڕێیان دەکرد و لێی دەترسان ڕوویدا.

سەر لە بەیانی ڕۆژی ١٦ی ٣ی ١٩٨٨ زیاتر لە حەوت فڕۆکەی جەنگی ڕژێمی بەعس هاتنە سەر شارەکە و بە موشەک و ناپاڵم هەڵەبجەیان بۆردومان کرد و هەموو شتێکیان خنکاند، دوای ئەو هێرشانە هەندێک لە خەڵکی هەڵەبجەیان بەجێهێشت و بەرەو گوندەکان و سەر سنور و رۆژهەڵاتى کوردستان ڕۆیشتن، بەشێکی زۆری خەڵکیش لە ژێرزەمینەکاندا خۆیان شاردەوە، بەڵام نەبووە ڕزگاربوونیان و لەناو ژێر زەمینەکاندا بە غازی کیمیاییەکە خنکان.

کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژ بە چەکی کیمیایی و ناپاڵم هێرش کرایە سەر شار و زۆرینەی ئەوانەی لە ژێرزەمینەکاندا بوون بەهۆی نیشتنی گازەکەوە خنکان، زۆرێکیش لەو خەڵکەی، کە هەڵاتبوون بەهۆی ئەوەی هەستیان بە خنکان و بڵق و ئاوساوی و سووتانەوە دەکرد لە سەر جەستەیان، پەنایان بۆ ئاو و چەمەکان برد، بەڵام بەهۆی ژەهراوی بوونی ئاو و سەرچاوەکانەوە ئەوانیش خنکان.

ئەو ماددە کیمییاوییانەی لەو شاڵاوەدا بەکارهێنران، بریتیبوون لە گازی خەردەل و سارین و سیانید و فسفۆڕ و تابوون لەگەڵ کۆمەڵێک گازی تری تێکدەری مێشک و دەمار.

هەڵەبجە بە فڕۆکەکانی سیخۆ و میراجی ڕوسی و فەرەنسی بۆردومانکرا، لە کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ بۆردومانەکە دەستی پێکرد و تا بەرەبەیانی ١٧ی ئادار بەردەوام بوو، شارەکە ١٥ جار هێرشی کرایە سەر و زیاتر لە ٢٠٠ بۆمبی ٥٠٠ کیلۆگرامی بەسەردا خرایە خوارەوە، هەموو شتێکی زیندوویان لە شارەکەدا بە مرۆڤ و باڵندە و ئاژەڵ و دار و درەختەوە خنکاند.

تەواوی بۆردمانەکە بووە هۆی شەهیدکردنی زیاتر لە ٥,٠٠٠ کەس و برینداربوونی زیاتر لە ١٠ هەزار کەس و ئاوارەبوونی خەڵکی ناوچەکە، زۆرێک لە مەڕوماڵات و پەلەوەری ناوچەکە بەهۆی ژەهراویبوون و نەبوونی خواردنەوە قڕ بوون و لەناوچوون.

سەبارەت بە ژمارەی قوربانیانی جینۆسایدی هەڵەبجە، تا ئێستا ئامارێکی ورد لەبەردەست نییە. بەڵام ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ٣,٢٠٠ ناویان لایە، کە شەهید بوون. بڕواشیان وایە کە ٤ بۆ ٧ هەزار کەس لە هەڵەبجە شەهید بووبێت. ئامارێکی تر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ژمارەی کوژراوەکان دەگاتە ٥٤٦١ کەس و ژمارەی بریندارەکانیش لە ناو ١٤ کەمپی ئێراندا و بەپێی ئاماری ئێرانییەکان دەگاتە ١٢,٨٠٠ کەس. لەگەڵ بێسەروشوێن بوونی دەیان منداڵ و نەگەڕانەوەیان.

١٧٠ کەسیش لە کەمپەکانی ئێراندا شەهیدبوون، لە گۆڕستانی زەهرای تاران لە بەشی شوێنی شەهیدەکانی هەڵەبجە بە خاکسپێردراون.

نزیکەی ٧٣٠ گۆڕی تری شەهیدانی هەڵەبجە لە خۆرهەڵاتی کوردستان بوونییان هەیە، هەروەها بە تۆپبارانی ئێرانیش بۆ گرتنەوەی هەڵەبجە نزیکەی ١٥٠ کەس شەهید بوون.

ئەم بۆردومانە بە بڕیاری ڕاستەوخۆی عەلی حەسەن مەجید ئامۆزای سەدام حسێن بوو، لەدوای ئەو تاوانە بە عەلی کیمیاوی ناوی دەرکرد، یەکەم دانیشتنی دادگاش لەسەر کەیسی ھەڵەبجە لە ٢١ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٨ ئەنجامدرا و لە ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١٠ دادگا کەیسەکەی بە تاوانی دژبە مرۆڤایەتی ناساند و بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ عەلی حەسەن مەجید دەرکرد، ئەو شریتەى عەلی کیمیایی پێ خنێنرا هێنرایەوە مۆنۆمێنتى هەڵەبجە.

پەرلەمانی عێراق لە رۆژی ١٧ی ئاداری ٢٠١١ لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا بە بڕیاری ژمارە ١٢ کەیسی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساند، بەڵام تا ئێستا قەرەبووی ماددی و مەعنەوی دانیشتووان و قوربانییانی هەڵەبجە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە نەکراوەتەوە.

تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە تاکو ئێستا لەسەر ئاستی دنیا بە یاسا بە جینۆساید نەناسێنراوە، تەنیا پەرلەمانی کەنەدا لە ١٦ی ئاداری ٢٠١٠ دانیپێدانا ئەوانیش بە تاوانی دژبە مرۆڤایەتی نەک بە جینۆساید، بڕیاربوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان کاری لەسەربکەن تاوەکو لەوێ بە جینۆساید بناسێندرێت، بەڵام تاکو ئێستا ئەنجامێکی نەبووە و لە دنیادا تاوانی دژبە هەڵەبجە وەک جینۆساید نەناسێنراوە.

١٩ دەوڵەت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشدارن لە پێدان و فرۆشتنى چەکی کیمیایی بە ڕژێمی بەعس و بەکارهێنانى لەدژی گەلی کورد لە باشوری کوردستان، لە ٢٣ ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥ دادگایەکی هۆڵەندی سزای ١٥ ساڵ زیندانی سەپاند بەسەر فرانس ڤان ئانرات ئەو بازرگانەی لە بازاڕی جیهانی کیمیاوی دەکڕی و بە ڕژێمی سەدامی فرۆشتبوو.

ئەو کاتەی هەڵەبجە بۆردومان کرا، کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بەتایبەت وڵاتە زلهێزەکانی وەک ئەمریکا و بەریتانیا بێدەنگییان هەڵبژارد و لەسەر هەڵەبجە هیچییان نەوت، هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن بەوهۆیەی ئەمریکا و بەریتانیا هاوپەیمانی حکوومەتی عێراق بوون و دژبە ئێران بوون، لەسەر تاوانەکە بێدەنگ بوون.

خەڵکی هەڵەبجە دەڵێن، سەرباری ئەو ئازارەی لە کیمیاویدا توشمان بوو، بەڵام حکومەتی کوردی هەموو ساڵێک لە ساتی یادکردنەوەدا دێنە شارەکەو کۆمەڵێک بەڵێنی درۆمان پێ دەدەن و هیچی جێبەجێ ناکەن، ساڵێکی تر دێنەوە بۆ کۆمەڵێکی تر لە بەڵێنی درۆ.

هاوڵاتیان هەڵەبجە چەندین جار هەڵوێستی بەشدارینەکردنییان لە مەراسیمی ساڵانەی کیمیابارانکردنی شارەکەیان ڕاگەیاندووە: لەبەرئەوەی دەڵێن هەڵەبجە پەراوێز خراوە و هیچ خزمەتێک ناکرێت، هەربۆیە ئامادەنین گوێ لە بەڵێنی بێکردار بگرین.

ئەمساڵیش دیسان خەڵکی شارەکە بەهۆی تووڕەییان لە دەسەڵاتدارانى هەرێمی کوردستان بڕیاریاندا بایکۆتی مەراسیمی رۆژی کیمیابارانی شارەکەیان بکەن.

ئێستاش، کە دەوڵەتى داگیرکەری تورک چەکی کیمیایی لەدژی هاوڵاتیان و شەڕڤانانى ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەها گەریلاکانى ئازادی بەکاردەهێنێت دیسان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاو و گوێچکەی خۆیان کوێرو کەڕ کردوە و هیچ هەڵوێستێکیان نییە، تەنیا لەبەر ئەوەی کوردن، بەڵام کاتێک هێرشێکی کیمیای لە شوێنێک دونیا ڕوو دەدات هەموو وڵاتانی دونیاو نەتەوەیەکگرتووەکان دێنە سەرخەت، ئەوەش بەو مانایە دێت کە هەموو دونیا لەسەر قڕکردنى کوردان یەک دەنگن، بەڵام کوردان لەناوخۆیاندا لەسەر هیچ پرسێک یەک دەنگ نین.

ئـ. م

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

Comments are closed.