بەشار ئەسەد: كۆبوونەوەمان لەگەڵ توركیا پەیوەستە بە كشانەوەی هێزەكانیان لە سوریا

سەرۆكی سوریا ڕایگەیاند، مەرجی ئەنجامدانی كۆبوونەوە لەگەڵ هاوتا توركەكەی، جێهێشتنی هێزەكانی توركیایە لە خاكی سوریا و وەستاندنی پشتیوانییەكانی بۆ گروپە چەتەییەكان بۆ ئەوەی سوریا بگەڕێتەوە دۆخی پێش جەنگو دەڵێت: ئەمە تاكە چارەسەرە بۆ ئەوەی هەردوو وڵات بتوانن كۆببنەوە.

بەشار ئەسەد، سەرۆكی سوریا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی سپۆتنیكی ڕووسی ڕایگەیاند، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا پێویستە بگەین بە قۆناغێك، كە توركیا بەبێ هیچ دووفاقییەك ئامادە بێت هێزەكانی بە تەواوی لە خاكی سوریا دەربكات.

بەشار ئەسەد ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە توركیا واز لە پشتیوانیكردن لە تیرۆر بهێنێت و لە خاكی سوریا دەربچێت، بۆ ئەوەی سوریا بگەڕێتەوە دۆخی پێش جەنگ، چونكە ئەمە تاكە چارەسەرە بۆ ئەوەی هەردوو وڵات بتوانن كۆببنەوە.

جێگای ئاماژەیە، دوێنێ بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا بە یاوەری شاندێك گەیشتە مۆسكۆی پایتەختی ڕوسیا و لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی ڕوسیا كۆبویەوە، لەسەر باردودۆخی سوریا و ناوچەكە و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە گفتوگۆیان كرد.

هـ.ئ

 

Comments are closed.