پەروین ٣٥ ساڵە ژیانێکی پڕئازار لەگەڵ برینەکانیدا بەڕێ دەکات

هەرێم قادر

پەروین عەلی ژنێكی برینداری كیمیابارانی هەڵەبجەیە، ئەو لە دۆخێكی خراپی تەندروستی دایە و وەك خۆی دەڵێت: شەوانە بەهۆی ئازارەوە خەوی لێناكەوێت و حكومەتی هەرێمیش هیچ ئاوڕێكیان لێناداتەوە و دەشڵێت: ڕۆژانە كارەبا بەكاردێنم و دەرمان لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم دەكڕم و ئەوە نەبێت ناتوانم بژیم.

بریندارەكانی كیمیابارانی هەڵەبجە ٣٥ ساڵە لەگەڵ ئازاردا دەژین و ئەوان جگە لە خەمی قوڵی لە دەستدانی ئازیزانیان، كەس نەیتوانیوە برینەكانیان چارەسەر بكات و زیاتر لە سێ دەیەیە ئیشیان خواردنی دەرمان و بەركارهێنانی دەرزییە، حكومەتی هەرێمیش لە چارەسەر كردیناندا دەستەوەستانبووە.

ڕۆژی ١٦ی ئاداری ساڵی ١٩٨٨ و ٣٥ ساڵ بەر لە ئێستا، ڕژێمی بەعس هەڵەبجەی بە چەكی قەدەغەكراوی كیمیایی بۆردومان كرد و بەو هۆیەوە پێنج هەزار كەس شەهیدبوون و هەزاران كەس برینداربوون و زیانێكی گەورەی بە سروشتی ناوچەكە گەیاند.

لەكیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا ١٠ هەزار هاوڵاتی برینداربوون، بەشێكیان بەهۆی چارەسەرنەكردنیانەوە لەلایەن حكومەتەوە گیانیان لەدەستدا و ئەوانەشی ماون بەدەم ئازارەوە ژیان دەكەن.

پەروین عەلی كەریم، یەكێكە بریندارەكانی هەڵەبجە و بە ڕۆژنیوزی وت: لەڕویی تەندروستیەوە هیچ باش نیم ئەوەندە هیلاكم بەجۆرێك ناتوانم زۆر قسە بكەم، كیمیاییەكە كاریگەری لەسەر سیەكانم دروستكردوە توشی سستبوون بووە.

پەروین عەلی

ئەو بریندارەی چەكی كیمیایی باس لەوە دەكات، ماوەی پێنج ساڵە لەلایەن حكومەتەوە هیچ چارسەرێكیان بۆ نەكراوە و دەڵێت: نەشتەرگەری چاوەكەش خۆم كردومە لەسەر گیرفانی خۆم، لەكاتێكدا بەكیمیایی چاوەكانیشم خەریكە لەدەستدەدەم، حكومەت هیچمان بۆ ناكات، ناپرسێتەوە گوێ لەخەڵك و برینداریی ناگرێت، خۆی نازانێت هەڵەبجە ئەم هەموو نەخۆش و بریندارەی تێدایە.

ئەو ژنە شەوان بەدەم ئازارەكانیەوە خەوی لێناكەوێت وتی: خۆزگە یەكێك لە بەرپرسەكان شەوێك بهاتنایە لە ماڵی یەكێك لە بریندارانی چەكی كیمیایی بخەوتنایە، بیانزانیایە حاڵوگوزەران و تەندروستیمان چۆنە، چۆن دەژین و چۆن هەڵسوكەوت دەكەین.

پەروین لەگەڵ گەیشتن بەماڵیان دوو عەلاگەی گەورە كارتۆنی دەرمانی دەرهێناو وتی: هەموو ئەمانە دەرمانبوون خواردمن هێشتا دوو ئەوەندەیی دیكەشم فڕێداوە، دەرمانانەكان خۆم دەیكڕم لە نۆرینگە و نەخۆشخانەكان هیچیمان پێنادرێت، ئەو جیهازەش بۆ پاكردنەوەی سیەكانم بەكاردێنم هەر بەیانیەك كارەبای نیشتیمانی هەبێت بۆ ماوەی نیو كاتژمێر بەكاری دێنم بۆ ئەوەی ئیسراحەتێكی پێبكەم.

پەروین دەشڵێت: دەسم بگات بەحكومەت هەرچی دەردی دڵی خۆم بوو دەمگوت پێیان، حكومەتێك باوكی میللەت بێت بەمجۆرە دەپرسێتەوە، لێرەوە چیم بۆیان هەبێت، بۆ نازانن بریندارانی چەكی كیمیایی بەمجۆرەن و داماون، چەندین جار كۆبوونەوەیان پێكردوین، هەر بەسەر چاوبووە لێیان نەپرسینەتەوە، ٤٠٠ هەزارمان هەیە ئەوەش هەڕەشی بڕینمان لێدەكەن.

ئەو بریندارەی كیمیابارانی هەڵەبجە، ڕۆژانە هەشت حەب ٣٠ خولەک ئۆكسجین و پەمپیش بەكاردێنێت، دەرمانەكانیش لە هەڵەبجە نیە، بەڵكو لە سلێمانی و هەولێرو ئێران نە.

س.س

Comments are closed.