مێروی زیانبەخش ڕووی لە دانەوێڵە كردووە و جوتیاران داوای هاوكاری دەكەن

لەگەڵ ئەوەی ڕێژەی زۆری بارانی ئەمساڵ دانەوێڵەی بوژاندووەتەوە و جوتیارانی دڵخۆشكردووە، بەڵام لەگەڵ سەرەتای وەرزی بەهاردا سن و كولە و مێروی زیان بەخش ترسی لای جوتیاران دروستكردووە و داوا دەكەن، حكومەت بە هانایانەوە بێت و بە پێدانی دەرمانی پێویست لە زیانی ئەو مێرووانە بەرهەمەكانیان بپارێزێت.

یەكێك لەو گرفتانەی ساڵانە بۆ بەرهەمی جوتیاران دروست دەبێت، مێروی زیانبەخشە و ئەگەر لەكاتی خۆیدا دەرمانی نەكەن، ئەوا بێ بەرهەم دەبن، ئەمساڵیش ئەو مێرووە هەڕەشەیە لەسەر بەرهەمی جوتیارانی سنووری كۆیە.

هەژار نەریمان

هەژار نەریمان، جوتیارێكی گوندی سوێرەڵەیە لە سنوری قەزای كۆیە سەبارەت بە زیانی مێروی سن بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئێستا سەرەتای بەهارە و زووە بۆ هاتنی مێروی سن، بەڵام بەهۆی ئەوەی كەش و هەوایەكە گونجاوە، سن ڕووی لە گەنمەكانمان كردووە، كاتی زاو وزێی ئەم مێروەیە، بۆیە  گەر ئێستا دەرمان لە بەرهەمەكانمان نەدەین توشی زەرەر و زیانی زۆر دەبین.

دەشڵێت: چەند ساڵێكە بەهۆی وشكەساڵی و زۆری مێروی سنەوە، زیانی زۆرمان بەر كەوتووە، هەر بۆیە ئێستا سەرقاڵی ڕشاندنی دەرمانین تاوەكو توشی زەرەر نەبینەوە.

سەردار كەریم

سەردار كەریم، جوتیارێكی دیکەی ناوچەکەیە و دەڵێت: حكومەت هیچ هاوكاریەكی نەكردووین هەر لەسەر ئەركی خۆمان دەرمان و ئامێری ڕشاندن دەكڕین، كە ئەمەش ئەركی جوتیارانی گران كردووە، چونكە تا گەنم و جۆ داچێندراوەكان دەدورینەوە، جوتیار مەسرەفی لێ دەكات، كاتێكیش دێتە بەرهەم حكومەت بە نرخێكی هەرزان لێمان وەردەگرێت، بۆیە توشی زەرەر دەبین.

ئە جوتیارە وتیشی: یەك لیتر دەرمان بە پانزە هەزار دەكڕین جگە لە  دەرمانی مێروو دەبێ پەینی كیمیای و دەرمان بژار وكرێی ئامێرە كشتوكاڵیەكانیش هەر لەسەر شانی جوتیارانە، هەر بۆیە جوتیار زەحمەتی زۆر دەچێژێت تا بەرهەمەكانی دێتە بەر حكومەتیش وەك میوان بەس سەیر دەكات .

لەسەر ئەو پرسە، یوسف سەلیم، بەرێوبەری كشتوكاڵی كۆیە دبە ڕۆژنیوزی وت: داواكاری جوتیارانمان گەیاندووەتە وەزارەتی كشتوكاڵ، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێكیان بۆ نەناردووین تا ئێمەش دابەشی بكەین بەسەر جوتیاراندا.

یوسف سەلیم

ئاماژەی بەوەدا، لە سنوری قەزای كۆیە  زیاتر لە ١٠٠ هەزار دۆنم زەوی بە گەنم و جۆ داچێندراوە و گەر توشی وشكە ساڵی و ئافاتی مێروی زیان بەخش نەبێتەوە، ئەوا زیاتر لە ٧٠ هەزار تۆن بەرهەمیان.

س.س

Comments are closed.