كۆبوونەوەی چوارقۆڵی نێوان ڕوسیا، ئێران، توركیا و سوریا دواخرا

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند، هەرچەندە بڕیار بوو ئەمڕۆ جێگرانی وەزیری دەرەوەی هەر چوار وڵاتی ڕوسیا، ئێران، توركیا و سوریا كۆبوونەوە، بەڵام ئەو كۆبونەوە چوارقۆڵییە بەهۆكارێكی تەكنیكی بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند، بڕیاربوو لەم هەفتەیەدا كۆبوونەوەی جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی توركیا (روسیا، توركیا، ئێران و سوریا) بەڕێوەبچێت، بەڵام بۆ وادەیەكی دیارینەكراو دواخرا.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد، كۆبوونەوە چوارقۆڵییەكە بە هۆكاری تەكنیكی دواخراوە، بەبێ ئەوەی وردەكاری زیاتر بخاتەڕوو.

پێشتر بەشار ئەسەد، سەرۆكی سوریا ڕایگەیاندبوو، مەرجی كۆبونەوەی لەگەڵ هاوتا توركەكەی، كشانەوەی هێزەكانی توركیایە لە خاكی سوریا، هەروەها ڕاگرتنی هاوكارییەكانی توركیایە بۆ گروپە تیرۆرستییەكان.

مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، لە ناوڕاستی ئەم مانگەدا جێگری وەزیری دەرەوەی هەرچوار وڵاتی ڕوسیا و ئێران، توركیا و سوریا لە مۆسكۆ كۆدەبنەوە، ئەو كۆبونەوەش بۆ دیاریكردنی شوێن و ڕێكخستنی كۆبونەوە بوو، بۆ وەزیرانی دەرەوەی ئەو چوار وڵاتە.

هـ.ئ

 

Comments are closed.