ڕۆژنامەیەکى بەریتانى: ماکرۆن و حکومەتەکەی لە لێواری ڕوخاندان

ڕۆژنامەی گاردیانی بەڕیتانی بڵاویکردەوە، لە پاش تێپەڕاندنی یاسای خانەنیشنی لە ئێستادا ماکرۆن و حکومەتەکەی لە لێواری ڕوخاندان، دەشڵێن، ماکرۆن بە دەسەڵاتى تایبەتى خۆى یاساکەى تێپەڕاندووە و پەرلەمانتارانیش لەو کارە توڕە و نیگەرانن.

ڕۆژنامەی گاردیانی بەڕیتانی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئیمانیۆل ماکرۆن-ی سەرۆکی فەرنسا دەسەڵاتی تایبەتی خۆی بەکارهێناوە بۆ زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی، ئەم هەنگاوەشى ناڕازایەتییەکی گەورەی لە ناو هۆڵی پەرلەمان بەدواى خۆیدا هێنا و بووە هۆی دروستبوونی خۆپیشاندان لە سەرتاسەری وڵات.

ئاماژەبەوەشکراوە، ماکرۆن لەبری ئەوەی ڕێگا بدات پرۆژەکە لە پەرلەمان دەنگی پێ بدرێت، بە دەسەڵاتی تایبەتی خۆی پرۆژەکەی پەسەند کرد، کە بریتیبوو لە زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی لە ٦٢ ساڵەوە بۆ ٦٤ ساڵ.

ڕۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەم هەنگاوەی ماکرۆن بووەتە هۆی توڕەبوونی پەرلەمانتاران، کە لەوانەیە پرۆژەیەکی تۆڵەکردنەوە بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە حکومەتەکەی ماکرۆن پێشکەشی پەرلەمان بکەن لە ڕۆژانی داهاتوودا، واتە ئێستا ماکرۆن و حکومەتەکەی لە لێواری ڕوخاندان.

جێگەى ئاماژەیە، پەسەندکردنى پرۆژەکە لەلایەن ماکرۆنەوە خۆپیشاندانی لە زۆرێک لە پارێزگاکانی فەرەنسادا بەدوای خۆیدا هێناوە.

س.ک

Comments are closed.