“داب و نەریتی کۆنەپەرستانە ڕێگرە لە خوێندن و کاری ژنان”

سۆران

ژنان و کچانی سۆران دەڵێن: هێشتا داب و نەریتی کۆن زاڵە بەسەر بیرکردنەوەی پیاواندا و لە بەشێک لەناوچەکاندا ڕێگە بە ئازادیی و مافە سەرەتاییەکانی ژنان نادەن، هۆکارەکەشی بۆ زاڵبوونی عەقڵییەتی پیاوسالاری دەگەڕێننەوە، داواش دەکەن ئەو دیاردەیە کۆتایی پێبێت و چیتر ژن لەچوارچێوەی ماڵێکدا کۆت و بەند نەکرێت و ڕێگەی پێ بدرێت تواناکانی دەربخات و لە کۆمەڵگەدا ڕۆڵی خۆی دەربخات.

لە سنووری ئیدارەی سۆران، ژنان نیگەرانن لەوەی تا ئەمساتەش کۆمەڵێک داب و نەریت کۆنەپەرستانە و عەقڵیەتی پیاوسالاری زۆر زاڵە بەسەر ناوچەکەیاندا، بەجۆرێک هێشتا ڕێگری کردن لە خوێندن و کارکردن بۆ ژنان دەبیندرێت.

شەرمین سامی

شەرمین سامی مامۆستایە و لەڕابردوشدا لەبواری مافەکانی ژنان کاری کردووە، دەڵێت: لە ڕووی ئەقڵ و تێگەیشتن و بیروهۆش و جەستەوە ژن و پیاو هیچ جیاوازییەکیان نییە، ژنان دەتوانن ئیدارەی ماڵ و بکەن و لە دەرەوەش کاربکەن، ئەمەش پێویستی بە ڕێزگرتنی پیاو هەیە نەک ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەریان.

سەبارەت بە ئاستی توندوتیژی لەم ساڵانەی دواییدا، ئەو مامۆستایە وتی: ڕۆژانە لە هەواڵی میدیاکاندا دەبینین کە هێشتا توندوتیژی زۆرە و ژن دەکوژرێت، دەشڵێت: پێویستە کۆمەڵگەی کوردی بەرامبەر ژن و مافەکانی هۆشیاری زیاتری هەبێت، چونکە لە شەرعی ئیسلام و بنەماکانی مرۆڤایەتیش ژن و پیاو جیاوازیان نییە، بۆیە داوادەکەم بەس بێت توندوتیژی و کوشتنی ژنان لەژێر ناوی شەرەف.

ئاشنا سەدرەدین کچێکی دانیشتووی سۆرانە، ئەو دەڵێت هێشتا داب و نەریتی کۆن زاڵە بەسەر بیرکردنەوە و ئەقڵی پیاوان، بۆیە ڕێگری هەیە لەوەی ژنان بێنە دەرەوە و کاربکەن، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ژنان هەیە و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بەردەوامە.

ئاشنا سەدرەدین

وتیشی: لەگەڵ ئەو کرانەوە و پێشکەوتنەی کۆمەڵگە هێشتا بەشێک لە ژنان ڕێگەیان پێ نادرێت بخوێنن یاخوود لە دەرەوە کاربکەن، ئەمەش جۆرێکە لە توندوتیژی و پێویستە ئەوە کۆتایی پێ بهێندرێت.

دەریا نەسڕوڵا ژنێکی سۆرانە و خاوەنی سەنتەرێکی تایبەت بە ژنانە بۆ دوورینی جل و بەرگ و کاری دەستی، هەلی کاری بۆ شەش ژنی دیکەش ڕەخساندوە و تاکو ئێستا زیاتر لە ٥٠ ژن لەسوەر دەستی فێری درومان و کاری دەستی بوونە.

دەریا نەسڕوڵا

داوای لە پیاوان و کۆمەڵگە کرد، توندوتیژی بەرامبەر ژنان بووەستێنن، وتی: ئێمە نامانەوێت ژنان توندوتیژیان بەرامبەر بکرێت، پێویستە ژن ئازاد بێت، لە کۆمەڵگەدا ڕۆڵی پێ بدرێت تواناکانی خۆی دەربخات و خزمەت بە بوارە جیاوازەکانی ژیان بکات.

ش. ئـ

Comments are closed.