سكرتێری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران سەردانی بەغدا دەكات

میدیا ئێرانییەكان بڵاویانكردوەتەوە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو سكرتێری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بە سەرۆكایەتی شاندێكی ئەمنی بگاتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى عێراق کۆدەبێتەوە و چەندین ڕێككەوتنى گرنگی ئەمنی لەگەڵ عێراق واژۆ دەکەن.

ئاژانسی مێهری ئێرانی بڵاویكردوەتەوە، لەسەر داوای قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بڕیارە هەفتەی داهاتوو عەلی شەمخانی، سكرتێری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران بە سەرۆكایەتی شاندێكی ئەمنی بگاتە بەغدا.

ئاماژە بەوەشكراوە، شاندەکەى ئێران لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى عێراق کۆدەبنەوە و چەندین ڕێككەوتنى گرنگی ئەمنی لەگەڵ عێراق واژۆ دەکەن.

دەشڵێن، شاندى عێراق و ئێران گفتوگۆ دەكەن لەسەر جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنی پێشووی نێوان هەردوو وڵات، سەبارەت بە پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش بۆ بەدواداچوونی کێشەى سنوورەكان .

لەوبارەوە حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە، سەردانی سكرتێری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بۆ عێراق بە مەبەستى واژۆكردنی چەند ڕێککەوتنێکى ئەمنیە.

لەچەند ڕۆژی پێشودا، عەلی شەمخانی، ڕاوێژكاری عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی و سكرتێری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، سەردانی ئیماراتی كرد، لە میانی سەردانەكەیدا لەگەڵ تەحنون بن زاید كۆبوەوە و گفتوگۆیان لەسەر هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لە پەیوەندییە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەكانی نێوان هەردوو وڵات كرد.

هـ.ئ

Comments are closed.