موراد قەرەیلان وەڵامی بانگەوازەكەی بافڵ تاڵەبانی دایەوە

ئەندامێكی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە لەبارەی نەورۆزەوە ڕایگەیاند، نەورۆز تەنها ڕۆژێکی پیرۆزکردن و ئاهەنگگێڕان نییە، ڕۆژی بڵندکردنی بەرخۆدان و تێکۆشان و یەکێتییە، چونکە نەورۆز تەنیا بە یەکڕیزییەوە نەورۆزە و هەروەها دەڵێت: بانگەوازی بافڵ تاڵەبانی بە واتا دەزانین و بەڕاستیش لەم کاتەدا گرنگترین پێویستی یەکێتیی نەتەوەیی گەلی کوردستانە.

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە بەشداری بەرنامەی تایبەتی ستێرک تی ڤی کرد و لە بەشێكی چاوپێكەوتنەكەدا تیشكی خستە سەر جەژنی نەورۆز و وەڵامی بانگەوازەكەی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەنەكەیشی دایەوە لەبارەی یەكێتی نەتەوەییەوە.

قەرەیلان پیرۆزبایی نەورۆزی لە ڕێبەر ئاپۆ كرد و وتی: بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە سڵاوی خۆم پێشکەش دەکەم و پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە دایکانی شەهیدان دەکەم. پیرۆزبایی نەورۆز لە هەموو هاوڕێیان، خەباتکاران، گەلی کوردستان و گەلانی ناوچەکە دەکەم، کە باوەڕیان بە نەورۆز هەیە، یادی شەهیدە قارەمانەکانمان دەکەمەوە، کە نەورۆزیان بە بەرخۆدان و خوێنی خۆیان ڕازاندەوە، لە کەسایەتی کاوەی هاوچەرخ دا مەزڵوم دۆغان دا، ئەو بەڵێنەی بەوانمان داوە دووبارەی دەکەمەوە، ئێمە ئەو ئاڵایە، کە ئەوان ڕادەستی ئێمەیان کردووە بە شکاوەیی بەرز ڕادەگرین و تێکۆشانەکەیان سەردەخەین، ئێمە تا دوا هەناسەمان بەو بەڵێنەمان وەفادار دەبین و لە تێکۆشانی ئازادیی کوردستان و ڕێبەر ئاپۆدا یادیان دەکەینەوە.

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە وتیشی: نەورۆز بۆ ئێمە، بۆ گەلەکەمان و بۆ ئەو گەلانەی باوەڕیان بەم کولتورە هەیە، زۆر مانادارە، واتە ئەمە تەنها ڕۆژێکی پیرۆزکردن و ئاهەنگگێڕان نییە، ئەوەتا بوومەلەرزەیەک ڕوویدا، زۆر کەس لە خەڵکەکەمان گیانیان لەدەستدا، ئێستا لە کوردستان ماتەمینی هەیە، بۆ ئەوەش دامودەزگا دیموکراتییەکانی کورد بڕیاریان داوە، کە نەک بە ئاهەنگگێڕان، بەڵکو بە شێوەی خاوەنداریکردن لە قوربانیانی بوومەلەرزەکە و یادی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، پێشوازی لە نەورۆز بکەن، ئەمە شتێکی گونجاوە، هەر خۆی نەورۆز بۆخۆی تەنها ئاهەنگ و شایی نییە، وەک پێشتر وتم، نەورۆز لە بنچینەدا بەرزکردنەوەی بەرخۆدانە، گەشکردنی ئاگری بەرهەڵستی و بەرخودانە، ڕۆژی خاوەنداریکردن لە ڕۆحی بزووتنەوەی میدیا و کاوەیە، ڕۆحی بەرخۆدانە، ڕۆحی سەرکەوتنە، ڕۆحی یەکێتییە، تێکۆشانە، لەو کاتەدا واتە ڕۆژی بڵندکردنی بەرخۆدان، تێکۆشان و یەکێتییە، چونکە نەورۆز تەنیا بە یەکڕیزییەوە نەورۆزە، واتە بە تێکۆشانی نەورۆز بزووتنەوەی میدیا سەرکەوت.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژەی بە گرنگی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كرد و وتی: لەم دواییەدا هاوسەرۆکی کەنەکە بەڕێز ئەحمەد کاراموس سەردانی باشووری کوردستانی کرد و هەندێک چاوپێکەوتنی ئەنجامدا، ئێمە ئەم کارە زۆر بە مانادار دەزانین، بێگومان لەم کاتەدا شتێکی زۆر بەنرخ و پێویستە، هەروەها بەڕێز بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بانگەوازی بۆ یەکێتیی نەتەوەیی کرد، ئێمە ئەم بانگەوازەش بە واتا دەزانین و بەڕاستیش لەم کاتەدا گرنگترین پێویستی یەکێتیی نەتەوەیی گەلی کوردستانە، ئێمە وەک بزووتنەوە، لەلای خۆمانەوە هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین، لەسەر ئەم بنەمایە داوا دەکەم نەورۆزی ٢٠٢٣ بکەنە سەرەتای یەکێتیی نەتەوەیی، پێویستە یەکێتیی نەتەوەیی پێکبهێنن، ئەگەر هەندێک ناتوانن شان بدەنە بەر ئەوە با شانی نەدەنە بەر، نابێت ئێمە بەهۆی هیچ کەسێکەوە خۆمان سنوردار بکەین، نابێت بڵێین: ‘ئەگەر فڵان کەس نەیەت کارەکە نابێت’ نەخێر ئێمە وەک هێز و کەسانی کوردستانی لەسەر هێڵ و بنەمای نیشتمانپەروەری و وڵاتپارێزی لە بەرامبەر جینۆساید و داگیرکاری و پاکتاوکاریدا دەوەستینەوە، بە دڵنیاییەوە پێویستە یەکێتیی نەتەوەیی پێکبهێنین.

لەسەر ئەو پرسە زیاتر هەڵوێستەی كرد و وتیشی: دەبێت هەم لەسەر ئاستی پارچەکان و هەم لەسەر ئاستی وڵات دا یەکێتی نەتەوەیی پێکبهێنین، بانگەوازم بۆ حیزبە کوردستانییەکان، دامودەزگا نیشتمانپەروەرەکان، ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی کوردستان ئەوەیە، هەڵوێستی یەکێتیی نەتەوەیی نیشان بدەن و دەست بکەن بەهەوڵەکانیان بۆ پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی، داوا لە هەمووان دەکەم، بە هەڵوێستی یەکێتی نەتەوەیی پێشوازی لەو پرۆسە مێژووییە بکەن، کە ڕێککەوتننامەی لۆزان دەچێتە سەدهەمین ساڵەوە و ئەوە بە هەموو جیهان نیشان بدەن، کە ئێمە وەک کورد هەین و یەکین، ڕێپێوانەکەمان ڕێپێوانێکی مرۆڤایەتییانەی مافدارانە و دێموکراسییانەیە، کەس ناتوانێت ڕێگری لەم ڕێپێوانە بکات و ئێمە ئەم ڕێپێوانەی خۆمان سەردەخەین. دەبێت بەم شێوەیە پێشوازی لە ١٠٠هەمین ساڵی لۆزان بکەین. ئەوە زۆر مانادار و گرنگە.

س.س

Comments are closed.