ڕێبەر ئۆجالان و هەڤاڵانی چۆن نەورۆزیان کرد بە ژیانەوە و بەرخۆدان

بۆتان گەرمیانی

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، پێناسە و بەرگێکی نوێ دەکات بەبەری جەژنی نەتەوەیی نەورۆزدا و لەسەر ئەم بنەمایەش پەکەکە وەک پارتی نەورۆز دادەمەزرێنێت، دەشڵێت: دەبێت جەژنی نەورۆز بە بیرکردنەوەیەکی زۆر قووڵتر پێشوازیی لێ بکرێت، دەتوانن بیکەنە نزیکترین ڕۆژ لە ڕزگارییەوە، ئێمە لە کەسایەتیی خۆماندا ئەوەمان چەسپاند.

پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە پارتی نەورۆزە، دەرکەوتنی ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەری ئاپۆیی ٥٠ساڵ لەمەوبەر و لە نەورۆزی ساڵی ١٩٧٣دا بوو، یەکەمین گرووپی ئاپۆیی کە بناغەی دامەزراندنی پەکەکەیان داڕشت، لە کەناراوەکانی بەنداوی چوبووک لە ئەنقەرە نەورۆزی ١٩٧٣یەکەم کۆبوونەوەیان کرد، پەنجا ساڵەی تێکۆشانی تەڤگەریی ئاپۆیی دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە پەکەکە و ڕیبەر ئۆجالان، ڕێبەرایەتی نەورۆزی کوردانن.

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەمبارەیەوە دەڵێت: بە گرووپێکی بچووک و هیوایەکی زۆر کەم و ئامادەکارییەکی یەکجار بچووک، هەوڵماندا پێشوازیی لە بەهاری ١٩٧٣ بکەین و بڕیارماندا لە ڕۆژی نەورۆزدا ناوی وڵاتەکەمان بهێنین و وتمان ‘ئێرە کوردستانە’، لەوێوە دەستمان بە گەشتی چاندنی تۆوی کورد کرد لە کوردستاندا.

ڕێبەر ئۆجالان باس لەوە دەکات، ئەوکات هەموو کەسێک دەیوت ڕۆژهەڵات، گرووپی چەپ زۆر هەبوون، ئێمە وتمان با گرووپێکیش بۆ وڵات هەبێت، بەڵام لە چەند وشەیەک زیاتر، هیچ سەرچاوەیەکی زانیارییمان نەبوو، ئێمە لەکوێی پارتیبوونداین، چۆن دەستپێبکەین؟ ئەوە نهێنییەکی مەزن بوو و دۆزینەوەی وەڵامەکەشی بەڕاستیی بەرپرسیارێتیی و خوڵقێنەرییەکی گەورە بوو، ئێمە دەمانویست بە ئامادەکارییەوە دەستپێبکەین، بۆ ئەوەش بەشێوەیەکی واتادار پێشوازییمان لە نەورۆزی ١٩٧٣ کرد، بۆ یەکەم جار ناوی وڵاتمان هێنا و وتمان “کوردستان داگیرکراوە”.

هێما بۆ کاردانەوەی گرووپە چەپەکان دەکات و ودەڵێت: لەبەر ئەوەی گرووپەکانی ئەو سەردەمە، بەخۆیان دەوت مارکسیست لینینیست، دامەزراندنی گرووپێکیان بەناوی کوردستان وەک خیانەت دەبینی، بەڵام ئێمە وتمان ئەگەر خیانەتیش بێت، با ببێت، بە پێویستمان زانی گرووپەکەمان ڕێکبخەین، ئەوانە بەرەوپێشچوونی گرنگ بوون، ئێمە ڕێک لە قەڵای دوژمن و لە ‘ئانتکابیر’ کە گۆڕی ئەتاتورکی لێیە هەنگاوی یەکەممان نا، فکری ڕزگاریی نەتەوەییمان تاڕادەیەک دروستکرد.

لە هەنگاوی دووەمدا تەڤگەری ئاپۆیی دەگەڕێنەوە بۆ وڵات، ڕێبەری گەلی کورد گەڕانەوە بۆ وڵات وەک ‘گەشتی کوردستان’ لەقەڵەم دەدات و دەڵێت: بە جۆش و خرۆشی نەورۆزەوە خۆمان بۆ گەلی کوردستان ئامادە کرد، باش بەبیرم دێت، من بەهاری ١٩٧٧ ڕووم لە ئاگریی کرد، لە بناری چیای ئاگریی کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامدا، ئێمە تێگەیشتنمان بۆ پیرۆزیی چیا هەبوو، دەمانوت: ئەمە بزووتنەوەیەکی تۆو وەشێنە، لە ئەنقەرەوە خۆمان ئامادەکرد، بە گەشتی کوردستاندا تۆوەکەمان چاند و وتمان:” ئیدی مردن لەکوێوە و چۆن دێت خەممان نییە.”

ڕێبەر ئۆجالان دەشڵێت: گەشتی کوردستانمان بەتەواویی جوڵەی چاندنی تۆو بوو، من لەوێوە دەستمپێکرد، ڕۆشتم بۆ قەرس، لەوێشەوە چووم بۆ دیگۆر، کۆبوونەوەیەکی بچووکم لەوێ ڕێکخست، هەندێک گەنجی قارەمان هەبوون، هەندێک لەوان شەهیدبوون و هەندێکیشیان تائێستا شەڕ دەکەن، هەموو ساتەکانی ئەو کاتەم بەبیردێتەوە، کاتێک ڕۆشتین بۆ ئەوێ، تەنانەت گەڵایەکیش نەدەلەرزییەوە، لەوێ پێشوازیمان لە نەورۆز کرد، بەڵام ئێستا ئەوێ بووەتە هەوارگەی گەریلا، ئەمە زۆر واتادارە.

ڕێبەری گەلی کورد پیرۆزبایی لە گەل و گەریلا دەکات و وەها پێناسەی نەورۆز دەکات و دەڵێت: دەبێت جەژنی نەورۆز بە بیرکردنەوەیەکی زۆر قووڵتر و بە ئامادەکارییەوە پێشوازیی لێ بکرێت، دەتوانن بیکەنە نزیکترین ڕۆژ لە ڕزگارییەوە، ئێمە لە کەسایەتیی خۆماندا ئەوەمان چەسپاندووە، کاتێک منداڵبووم هەوڵمدەدا بە دڵخۆشیی و جلی ڕەنگاوڕەنگ و گۆرانییەوە پێشوازیی لە جەژنەکان بکەم، هێشتاش ئەو قسانە لە گوێیەکانمدا ماون، بەڵام بۆ ئەوەی خیانەت لە گۆرانی و ئاهەنگەکان نەکەم، ناچاربووم ئەوەندە بیربکەمەوە، یانیش بەبێ ئەوە جەژن نابێت، من جارێکی دیکە لەسەر ئەو بنەمایە جەژنی نەورۆز لە هەموو گەل و هەڤاڵانمان پیرۆزدەکەم.

هـ. ح

Comments are closed.