لە شەقامەكانی زاهیدان تا شاخەكانی كوردستان زایەڵەی هاواری ئازادیخوازی

دوێنێ و لە ٢٤ـەمین هەینی لەسەریەك، لە شاری زاهیدانی ناوەندی بەلوچستان، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەرفراوان بەڕێوەچوو، هاوكات لە شاخەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش، چالاكوانان و شاخەوانان جەختیان لە پەیوەستبوونیان بە درێژەدان و سەرخستنی سەرهەڵدان ژن ژیان ئازادیی كردەوە.

سەرەڕای گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندی سەربازی دەسەڵات، بۆ ڕێگری لە بەڕێوەچونی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی، دوێنێ  و لە ٢٤ـەمین هەینی لەسەریەك، جارێكی دیكە لە دوای نوێژی هەینی لە شاری زاهیدان، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی گەورە ئەنجامدرا.

خۆپیشاندەران دژی دەسەڵات و هێزە سەربازییەكانی دەوڵەت بەتایبەتی بەسیج و سوپای پاسداران دروشمیان وتەوە و ڕایانگەیاند، تا بەئەنجام گەیشتنی سەرهەڵدانەكە، درێژە بە ناڕەزایەتییەكان دەدەن.

یەك لەو پۆستەرانەی لە خۆپیشاندانەكەدا بەرزكرایەوە و سەرنجی میدیاكانی چووەسەر لە سەری نوسرابوو، “شۆڕش سێوێك نییە بە دارێكەوە، كە چاوەڕێ بكەین بگات و بكەوێتە خوار، دەبێت ناچاری بكەین بكەوێتە خوارەوە”.

هاوكات، لە خۆپیشاندانەكەدا ژنان بەشێوەی بەرچاو بەشداربوون و چەند دیمەنێكی نووسینی دروشم لەلایەن ژنانی بەلوچیشەوە لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە.

هەر دوێنێ، لە وتاری نوێژی هەینیدا، مەولەوی عەبدولحەمید ئیسماعیل زهی، پێشنوێژی مزگەوتی مەكی زاهیدان و لە كەسایەتیە ناسراوەكانی سوننەكان لە ئێران، ڕایگەیاند، یەك نەتەوە و یەك ئایین ناتوانێت وڵاتەكە بەڕێوەببات و بەڕێوەبردنی لەو جۆرە وڵاتەكەی ڕووبەڕووی شكست كردووەتەوە.

لەلایەكی دیكەوە، چالاكییە ناڕەزایەتییەكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش بە شێوەی جیاجیا بەردەوامن و دوێنێ لە چەند شارێك لەوانە سەقز و دێوڵان، ژمارەیەك گروپی شاخەوانی لە كۆتا هەینی ساڵی كوردیدا، چوونە سەر چەند شاخ و چیایەكی ڕۆژهەڵات و بە وتنەوەی دروشم و سرودی شۆڕشگێڕی جەختیان لەوەكردەوە تا سەرخستن و بە ئەنجامگەیاندنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیی درێژە بە چالاكی و ناڕەزایەتییەكان دەدەن.

لە هەفتەكانی سەرەتای دەستپێكردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیی، كە زیاتر لە شەش مانگ بەسەریدا تێدەپەڕێت، لە پاڕێزگای بەلوچستان، ناڕەزایەتییەكان دژی دەستدرێژی فەرماندەیەكی پۆلیس بۆ سەر كچێكی مێرمنداڵ دەستیان پێكرد و ڕۆژی ٣٠ی ئەیلول خۆپیشاندانێكی گەورە لە شاری زاهیدان ئەنجامدرا، كە تیایدا زیاتر لە ١٠٠ كەس كوژران و ئەو ڕۆژە وەك هەینی خوێناوی زاهیدان ناودێر كراوە.

لە دوای هەینی خوێناوییەوە، هەموو ڕۆژانی هەینی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە زاهیدان و چەند شارێكی دیكەی بەلوچستان بەڕێوەدەچێت و لەماوەی شەش مانگی ڕٍابردوودا ئەو پارێزگایە بووەتە یەكێك لە ئاڵاهەڵگرە سەرەكییەكانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیی.

ڕ.ڕ

Comments are closed.