سۆران
بە مەبەستی پێشوازیکردن لە ئاهەنگی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی، سێ ئاهەنگ لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەنجام دەدرێن، کە دوو ئاهەنگ لە شارۆچکەی ڕەواندوز و ئاهەنگێکیش لە دەڤەری برادۆست دەبێت، بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار و هاتووچۆی ناوچەکەش ڕێنمایی دەدەنە گەشتیاران و شۆفێران.
بڕیارە لە ئێوارەی ٢٠ی ئادار بە بەشداری سەرجەم چین و توێژە جیاوازەکانی سۆران و برادۆست، لەژێر چاودێری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە ناوەندی شارۆچکەی سیدەکان لە دەڤەری برادۆست، بەبۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی کوردی و جەژنەکانی ئادار و نەورۆز، ئاهەنگێکی هونەری و جەماوەری بەڕێوەبچێت و لەهەمانکاتدا لە هەواری شنگلبانە و چیای کوڕەک لە شارۆچکەی ڕەواندوز لەلایەن قایمقامیەت و بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزارەوە ئەنجام دەدرێن.

چیا محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ڕەواندوز بۆ ڕۆژنیوز وتی: هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیارانی بیانی و ناوخۆ و ناوچە گەشتیارییەکان بەتەواوی ڕێستۆرانت و هۆتێل و مۆتێلەکان لە پێشوازی گەشتیاراندان.
وتیشى: لە بازگەکانیش ئاسانکاری دەکرێ بۆ هاتنی گەشتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و لە ڕۆژانی نەورۆزیشدا کیسەی زبڵ بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکەین.
چیا محەمەد باسیلەوەشکرد: لە ئێوارەی ٢٠ی ئادار لە هەواری شنگلبانە و چیای کۆڕەکی گەشتیاری مەشخەڵی ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە و ئاهەنگی هونەری و جەماوەریش ئەنجام دەدرێت.
ئەوەشى خستەڕوو، ساڵی پار زیاتر لە ٢٥ هەزار گەشتیار و سەردانیکەر لە ڕۆژانی نەورۆزدا ڕوویان لە هاوینەهەوار و ناوچە گەشتیاریەکانی ڕەواندوز کرد و پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ ڕێژەکە زیاتر بێت، چونکە دوو ڕۆژ دوای نەورۆز مانگی ڕەمەزانە و هاوڵاتیان کاتی گەشت و سەیرانیان نامێنێت.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ڕواندز ڕایگەیاند: داوا لە هاوڵاتیان و گەشتیاران دەکەین ژینگەی سروشتی ناوچەکە بپارێزن و خۆیان بەدوور بگرن لە پیسکردنی ژینگەی دەڤەرەکە.
بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی شەقامەکان و سەلامەتی شۆفێران و گەشتیاران بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیەکانی شارەکانی دیکە، پلان و بەرنامەیان داناوە و دەیانەوێت ڕێگە لە قەرەباڵغی ڕێگاکان و ڕووداوی هاتووچۆ بگرن.

لەوبارەیەوە عەقید زرار حسێن بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی سۆران بە ڕۆژنیوزی وت: ئێمە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و بنکە و تیمەکانمان ئاگادار کردووەتەوە و تەواوی پێداویستیمان بۆ دابینکردون و بەسەر تەواوی شەقامە گشتیەکان و شوێنە گەشتیاریەکاندا دابەشیان دەکەین، چونکە دەزانین گەشتیار و سەردانیکەر بۆ ناوچەکەی ئێمە دێن و قەرەباڵغی دروست دەبێت.
بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی سۆران ئەوەشى خستەڕوو، هەموو سەرپێچیەکی شۆفێران تۆماردەکەین و ڕێگە نادەین شۆفێران سەرپێچی بکەن و قەرەباڵغی لە شەقامەکاندا دروست بکەن.
زرار حسێن داواش لە شۆفێران دەکات ڕێنماییەکانی پۆلیسی هاتوچۆ جێبەجێ بکەن و خۆیان بەدوور بگرن لە ئەنجامدانی سەرپێچی و بەتایبەت خێرایی لێ خوڕین، چونکە ئەوان بۆ گەشت و سەیران دێنە دەرەوە پێویستە رەچاوی سەلامەتی خۆیان و سەرنشینەکان بکەن و گەشتەکەیان بەخۆشی بەسەر ببەن و بەسەلامەتیش بگەڕێنەوە.
ئ.م
Comments are closed.