گەرمیان
بەهۆی تەواونەبوونی بیناکەیانەوە، شارەوانی شارۆچکەی کفری لەناو بینای دایەنگەیەکدا، نۆ ساڵە لەناو دایەنگەیەکدا کارەکانی بەڕێدەکات کە تائێستا حکومەتى هەرێم تەواوی نەکردوە، بەڕێوەبەری شارەوانیش دەڵێت: بەهۆی قەیرانی داراییەوە تاوەکو ئێستا ئاوارەین.
لەبەر کۆنی بینای شارەوانی لەشارۆچکەی کفری سەربەئیدارەی گەرمیان، بڕیاردرا بینایەکی نوێیان بۆ دروستبکرێت، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤ەوە، تاوەکو ئێستا تەواو نەبووە و شارەوانی لەناو بینای دایەنگەیەکی سەربە کاروباری کۆمەڵایەتی کارەکانی بەڕێدەکات.
پڕۆژەی نوێکردنەوەی بینای شارەوانی کفری لەگەڵ فەرمانگەی ئاوی کفری، لەساڵی ٢٠١٣ بە گوژمەی یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆلار، لەگەڕەکی ئیمام محەمەد لەلایەن کۆمپانیای خاکی عەفرینەوە دەست بەدروستکردنی کرا، بەڵام کارکردنی تێیدا زۆری نەخایاند و لەساڵی ٢٠١٤ەوە تاوەکو ئێستا وەستاوە.

لەبارەى وەستانى ئەو پڕۆژەیەوە، عەلی خورشید، سەرۆکی شارەوانیی کفری، لەبارەی هۆکاری تەواونەبوونی بیناکە بۆ ڕۆژنیوز وتی: بیناکە ٥٠%ی تەواوبووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە تاوەکو ئێستا تەواو نەبووە و کارکردن بەتەواوی تێیدا وەستاوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا ئاوارەی بینای دایەنگەیەکی سەربە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری کۆمەڵایەتیین، کارەکانی ڕۆژانەیان لەناو ئەوبینایەدا بەڕێدەکەن.
هـ.ح
Comments are closed.