داوا دەکرێت دۆناڵد ترەمپ دیارییە گرانبەهاکانی ڕادەستی کۆشکی سپی بکاتەوە

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا داوای ئەو دیاریانە دەکات کە  دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و ئەندامانی خێزانەکەی وەریانگرتووە، لەلایەن حکومەتە بیانییەکانەوە.

ڕاپۆرتەکە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاوی کردۆتەوە ئاماژەی بەوە کردووە، نزیکەی ١٠٠ دیاری لەلایەن ترەمپ و خێزانەکەیەوە وەرگیراوە، کە بەهاکەی زیاترە لە ٣٠٠ هەزار دۆلار، بەڵام لە دامەزراوە فەرمییەکانى ئەمریکادا دانەنراون، بەڵکو ترەمپ و ئەندامانى خێزانەکەى بردوویانن بۆخۆیان.

بەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکە کە لە ١٥ لاپەڕەدا بڵاوبۆتەوە، ئەو دیارییانەی خستۆتە ڕوو کە ئاشکرا نەکراوەو دیار نییە، کە پێکهاتووە لە ١٦ دیاری لەلایەن سعودییەوە، ١٧ دیاری لەلایەن هندستانەوە، پێنج دیاری لەلایەن چینەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەداوە کە لە ساڵی کۆتایی دەسەڵاتەکەیدا هیچ  دیارییەکی وەرنەگرتووە هەموویان هی ساڵەکانی پێشوو بووە.

لە نێوان دیارییەکاندا خەنجەر و شمشێر و ملوانکەیەکی ئاڵتوونی تێدایە کە لەلایەن سعودیەوە پێشکەشی کراوە کە بەهاکەی هەزارەها دۆلارە.

لێکۆڵینەوە لە ئیمەیلەکانی کۆشکی سپیش کراوەو سلڤادۆر تابلۆیەکی گەورەی دۆناڵد ترەمپی وەک دیاری پێشکەشی ترەمپ کردووە بەڵام تابلۆکە دیار نییە.

بەڵگەو دۆکیومێنتەکان کە دەستی نوێنەرانی حزبی دیموکراتەکان کەوتووە گەیشتونەتە ئەو بەرئەنجامەی کە لەوانەیە ترەمپ تابلۆکەی گواستبێتەوە بۆ کۆشکەکەی خۆی لە فلۆریدا.

هەروەها بەرپرسانی لێکۆڵینەوەکە سەرۆک وەزیرانی کۆچکردووی یابان شینزۆ ئابی دارێکی گۆڵف کە لە ئاڵتوون دروستکراوەو پێشکەشی کردبوو دیار نییە.

جیمی راسکین، بەرپرسێکی لێکۆڵینەوەکە وتی: ئێمە پابەندین بە دیاریکردن و دۆزینەوەی ئەو دیارییانەی کە دیارنین، وە هەروەها دەبێت بزانین ئەم دیارییانە وەک کاریگەری خستنە سەر پەیوەندی نێوان ئەمریکا و ئەو دەوڵەتانە بەکارهێنراوە یان قاڵبێکی تایبەتی هەیە.

وتیشی”ڕانەگەیاندنی وەرگرتنی ئەم دیارییانە کارێکی نایاسایی بووە”.

لیستی دیارییەکان زۆرن و کچەکەی دۆناڵد ترەمپیش لەو کەسانەیە کە دیاری گرانبەهای وەرگرتووە، بە تایبەت ملوانکەیەکی مرواری گرانبەها کە ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن مەحمود عەباس-ی سەرۆکی فەڵەستینەوە وەریگرتووە، کە هاوسەرەکەی جارید کۆشنەر-ی جولەکە ئەندازیاری ستراتیجی دۆناڵد ترەمپ بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

س ک

 

 

Comments are closed.