هەڵەبجە
هاوڵاتیانی هەڵەبجە نیگەرانن لەوەی حیزبەكان لەبەر پەرژوەندیی خۆیان نایانەوێت خزمەت بەشارەكەیان بكرێت و داوادەكەن، چارەنوسی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان یەكلایی بكرێتەوە كە كەساڵانێكە بڕیاری جێبەجێكردنیان دراوە.
دوای ٣٥ ساڵ لە كیمیابارنكردنی هەڵەبجە و ٣١ ساڵ دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم، هێشتا نەتوانراوە هەڵەبجە بەشیێوەیەك خزمەتبكرێت سیمای پارێزگابوونی پێوەدیاربێت، ئەمەش دانیشتوانی هەڵەبجەی نیگەران كردووە و بەوهۆیەوە ئەوە دوو ساڵە مەراسیمی یادكردنەوەی كیمیابارانی هەڵەبجە بایكۆت دەكەن.

نیشتیمان حەمەئەمین، چالاكوانێكی هەڵەبجەیە و بە ڕۆژنیوزی وت: پارێزگابوونی هەڵەبجە بەمجۆرەی ئێستا بەڕێوەناچێت، حكومەت بابێت پردی توەقوت و مەرزی سازانمان بۆ بكاتەوە، چەندین ساڵە بەڵێنمان پێدەدات، تائێستاش هەر كاری تێدانەكراوە، هەر شوێنێك لەڕووی ئابورییەوە كاری بۆ نەكرێت ئەو شوێنە ئاوەدان ناكرێتەوە.
ئەو چالاكوانە وتیشی: ئەو داواكارییانەی خەڵكی هەڵەبجە هەیانە شتێكی زۆر ئاسانە، هێندە قورس نیە لەسەر حكومەت نەتوانێت تەواوی بكات، ئەگەر سەیربكەین دۆخی پێش كیمیابارانكردنی شارەكە پڕ لەچالاكی ڕۆشنبیرو هونەر بوو، ئێستا ئەو تەنها چالاكی بۆ بڵاوكردنەوەی كتێبێك ڕێكدەخرێت، شارەكە هیچ ئاوەدانكردنەوەیەكی پێوە دیارینە، ئەویش بەهۆی پەراوێزخستنێتی لەلایەن دەسەڵاتەوە.

كاڵێ ڕێناس، خوێندكاریی زانكۆ بۆ ڕۆژنیوز وتی: نۆ ساڵ بەسەر پارێزگابونی هەڵەبجەوە تێپەڕیوە، بەهۆی پەراوێزخستنی شارەكەوە هیچ سیمایەكی پارێزگابوون بە شارەكەوە دیارنییە، ئەوەش بووە بە دروشمێك لەسەر زمانی هەموو هەڵەبجەییەكان و ڕاستییەكی حاشا هەڵنەگرە.
ئەو هاوڵاتییە پرسیاری پرۆژەی دەروازەی شاری هەڵەبجەی كرد و وتی: ساڵی ٢٠١٤ پڕۆژەیەك بۆ دیزاینكردنی دەروازەی شاری هەڵەبجە كراوە، هەر نازانرێت چی بەسەر هات جێبەجێنەكراوە، ئیتر دەبێت سیمایی ناوشار چۆن بێت، بارودۆخەكە ئەو پەڕی ناهەمواری و ناخۆشیە.
س.س
Comments are closed.